سەردێری پرسیار:کەسێک چەند جار داخلی مزگەوت دەبێت و دەچێتە دەرەوە، ئایا بۆ هەموو داخل بوونێک سونەتە تحیة المسجد بکات؟

بەرواری دانان :2020-02-20 کۆدی پرسیار:1792

پرسیار:

پرسیار: کەسێک چەند جار داخلی مزگەوت دەبێت و دەچێتە دەرەوە، ئایا بۆ هەموو داخل بوونێک سونەتە تحیة المسجد بکات؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: هەموو زانایان یەک دەنگن هەر کەسێک دەربچێت لە مزگەوت بۆ ماوەیەکی زۆر، پاشان بگەڕێتەوە ئەوە سونەتە تحیة المسجد بکات، بەڵام ئەگەر ماوەکە کورت بێت جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا بۆ هەموو جارەکان نوێژ دەکات یان نە، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون هەر جاریک داخلی مزگەوت ببێت سونەتە تحیة المسجد بکات، کە ئەمە وتەی شافعی و ئیمام النووی و عبدالرحمان بن ناصر السعدی یە، بەڵگە:

(١‌)عَنْ أَبِي قَتَادَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (إِذَا دَخَلَ أَحَدُكُمُ الْمَسْجِدَ فَلا يَجْلِسْ حَتَّى يُصَلِّيَ رَكْعَتَيْنِ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

واتە: لە ئەبو قەتادە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (ئەگەر یەکێک لە ئێوە داخلی مزگەوت بوو با دانەنیشێت هەتا دوو ڕەکاعەت نوێژ دەکات).

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم وتەیە وتەی بەهێز و نزیکە لەبەر ظاهری فەرموودەکە) المجموع (٤/٢٥). دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دوو ڕەکاعەت بەسە ئەگەر داخلی مزگەوت بوون دووبارە بووە لە ماوەیەکی کورتدا، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و هەندێک شافعی و حەنابلە و ابن عقیلە، بەڵگە:

(١)ئەگەر هەموو جار نوێژ بکات ئەوە دەبێتە مەشەقەت، چونکە ئەوەی دەردەچێت و دواتر داخلی مزگەوت دەبێتەوە بە یەکجاری دەرنەچووە و بە دەرچوون حساب ناکرێت، بە بەڵگەی ئەوە ئیعتکافی ئەو کەسە بەتال نابێت کە لە ئیعتکاف دایە، بەڵام ئەگەر دەربچێت بە یەکجاری و نییەتی گەڕانەوەی نەبێت ئەوە بۆی سونەتە جارێکی تر نوێژ بکاتەوە.

وتەی ڕاست وتەی دووەم، بۆ نییەتی کەسەکە دەگەڕێتەوە واللە علم.

کەواتە دەرچوون لە مزگەوت و دووبارە داخلی مزگەوت بوونەوە ئەم سێ حالەتانەن: ١- ئەگەر ماوەکە زۆر بوو سونەتە تحیة المسجد بکاتەوە.

٢- ئەگەر ماوەکە کەم بوو سونەتە تحیة المسجد بکاتەوە ئەگەر نییەتی دەرچوونی هەبوو نەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر وا بۆی رێک کەوت بگەڕێتەوە.

۳- ئەگەر ماوەکە کەم بوو سونەت نییە تحیة المسجد بکاتەوە ئەگەر نییەتی گەڕانەوەی هەبوو و نییەتی دەرچوونی بە یەکجاری نەبوو.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام