پرسیار // جیاوازی چییە لە نێوان فرض العین و فرض الكفایة ؟
وەلام // سەرەتا دەلێین وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە هیچ جیاوازی نییە لە نێوان واجب و فرض ، زانایان واجبیان دابەش کردووە بۆ دوو بەش ، واجب العین ، واجب الکفائی .
فرض العین :کردەوەیەکە خوای گەورە داوای لە هەموو ئەوانە کردووە کە کردەوەیان لەسەرە بیکەن ، وەک : نوێژ یان ڕۆژوو یان زەکات یان حەج یان .....
فرض الكفایة : کردەوەیەکە خوای گەورە داوای لە کۆمەلە کەسانێک کردووە کە کردەوەیان لەسەرە بیکەن ، واتە ئەگەر کۆمەلێک ئەم کردەوەیە بکەن لەسەر ئەوانی تر لادەچێت تاوانبار نابن ، وەک : شووشتنی مردوو وە کفن کردنی و نوێژ لەسەر کردن .....
كەواتە بۆ جیاوازی دەلێین :
(۱) لە واجبی دا هەردووکیان وەک یەکن واجبن .
(۲) لە جێ بەجێکردن دا جیاوازییان هەیە ، فرض العین دەبێت هەموو تاکێک بیکات بەلام فرض الكفایة هەندێک بیکەن لەسەر ئەوانی تر لادەچێت .
(۳) لە پاداشت دا ئایا کامەیان خێری زیاترە ، دوو وتە هەیە :
(ٲ) هەندێک زانا دەلێن فرض الكفایة خێری گەورەتر و زیاترە یەکێک لەوانە ئیمام الحرمین وا دەلێت ، چونکە کردەوەیەکی کرد لەسەر خەلکی تر لاچوو ، بووە هۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر خەلک لابچێت و خەلک تاوانبار نەبێت ، کەواتە واجبێکی کردووەو وە تاوانی لەسەر خەلک لادا ، بەلام فرض العین وانییه ، تەنها واجبێکی کردووەو هیچ بارگرانی و تاوانی لەسەر خەلک لانەداوە .
(ب) زۆربەی زانایان دەلێن دەلێن فرض العین پاداشتی زیاترە لە فرض الكفایة ، چونکە فرض العین لە هەموو ئەو کەسانە داواکراوە کە کردەوەیان لەسەرە بیکەن ، ئەمە بەلگەیە کە خۆشەویسترە لە لای خوای گەورە لە فرض الكفایة .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە فرض العین پاداشتی زیاترە لە فرض الكفایة ، والله ٲعلم .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ