سەردێری پرسیار:ئایا دروستە وتارخوێنی مزگەوت لەگەل بانگدەر و خادمی مزگەوت خەطیبەکە وتار بخوێنێت ئەوانیش گوێ بگرن، بەڕێگای بلندگوکانی مزگەوت خەلک لە ناوماڵ دا گوێ بگرن ونوێژی جومعە بکرێت؟

بەرواری دانان :2020-03-13 کۆدی پرسیار:1835

پرسیار:

پرسیار: ئایا دروستە وتارخوێنی مزگەوت لەگەل بانگدەر و خادمی مزگەوت خەطیبەکە وتار بخوێنێت ئەوانیش گوێ بگرن، بەڕێگای بلندگوکانی مزگەوت خەلک لە ناوماڵ دا گوێ بگرن ونوێژی جومعە بکرێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن هەر کاتێک بانگدرا دەبێت ئامادەی وتار و نوێژی هەینی ببیت، بەڵگە:

١-خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ) {الجمعة:٩}.

٢-عن أوس بْنُ أَوْسٍ الثَّقَفِيُّ رضي الله عنه قال: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ: (مَنْ غَسَّلَ يَوْمَ الْجُمُعَةِ وَاغْتَسَلَ ثُمَّ بَكَّرَ وَابْتَكَرَ وَمَشَى وَلَمْ يَرْكَبْ وَدَنَا مِنْ الْإِمَامِ فَاسْتَمَعَ وَلَمْ يَلْغُ، كَانَ لَهُ بِكُلِّ خُطْوَةٍ عَمَلُ سَنَةٍ أَجْرُ صِيَامِهَا وَقِيَامِهَا) رواە أبو داود (٣٤٥) والترمذي (٤٩٦) وحسنه وصححه الألباني في "صحيح أبي داود" وغيره.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (وتار مەرجە بۆ هەینی، هەینی دروست نییە بێ وتار، نەمان زانیووە جیاوازی هەبێت لەنێوان زانایان ئیلا حەسەن نەبێت) المغني (٢/٧٤).

کەواتە واجبە لەسەر ئەو کەسەی گوێ لە بانگی هەینی دەبێت ئامادەی وتار و نوێژی هەینی ببێت، نابێت تاخیر دوابکەوێت بێ عوزر، ئەگەر مالی دوور بێت لە مزگەوت دەبێت زوو ئامادە بێت، ئەگەر نزیک بێت نابێت لە مالەوە گوێ لە وتار بگرێت و ئامادەی هەینی نەبێت. شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (خوای گەورە فەرمانی کردووە بچن بە دەم زیکری خوا، وتار زیکری خوایە و واجبە) السیل الجرار لاپەڕە ١٨٢.

زانایانی اللجنة الدائمة دەڵێن: (زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون وتار مەرجە بۆ دروستی نوێژی هەینی، لەبەر وتەی: "فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ"، دەڵێن: زیکر لێرە مەبەست پێی وتارە، وتار واجبە لەبەر ئەوە فەرمان کراوە بۆ ئامادەبوونی، وە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بەردەوام بووە لەسەری و لەگەڵ نوێژی هەینی یە، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: "صلوا كما رأيتموني أصلي").فتاوى اللجنة الدائمة (٣/٣٢٤).

ئەم پرسیارە بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە:

١-ئایا هەینی دروستە ئەنجام بدرێت ژمارەیان کەمتر بێت لە چل کەس، کە ئەمەش بابەتێکە جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، وتەی ڕاست دروستە هەینی ئەنجام بدرێت ژمارەیان کەمتر بێت لە چل کەس، کە ئەمە وتەی حەنەفی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمییە.

٢-ئایا دروستە لە مالەوە گوێ لە وتاری هەینی بگریت و نوێژی هەینی لە مالەوە بکەیت، بێگومان ئەمە دروست نییە. ئەگەر ئەم کردەوەیە بکرێت لەبەر نەخۆشی کورونا دەڵێین:

نوێژی هەینی و نوێژی جەماعەت شەعائیری گەورەی دینی ئیسلامە، نابێت ئاسانکاری بکرێت و دەرگای مزگەوت دابخرێن مەگەر زیانێکی زۆر گەورەیی هەبێت و سوودی بۆ خەڵک هەبێت، ئەویش دەبێت ئەهلی عیلم کۆببنەوە و فەتوا لەسەری بدەن نەک کەسانی تر. لە کۆنەوە تاعون هەبووە هەتا ئێستا، نەمان زانیووە دەرگای مزگەوت دابخرێن لەبەر تاعون، بۆیە دەبێت ئەهلی عیلم کۆببنەوە و فەتوا بدەن لەسەری و سەیری مەسلەحەت و مەفسەدەت بکەن.

لەم سەردەمە فێل و پیلان دانان زۆربووە دژی موسلمانان و دینی ئیسلام، لە هەموو لایەکەوە دژایەتی ئیسلام دەکەن و دژایەتی موسلمانان دەکەن بە کوشتن و ئازاردان و شتی تر، بۆیە موسلمان دەبێت ئاگادار بێت نەوەک پلانێک بێت بۆ نەهێشتنی یان ڕێگری کردن لە حەج و عومرە و جومعە و جەماعەت.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بە شێوەیەکی کەم یان تەنها ترس لە تووش بوونی نابێتە ڕێگر بۆ جومعە و جەماعەت، وە نابێت دەرگای مزگەوت دابخرێن.

حەڕامە ئەو کەسەی تووش بووە ئامادەی نوێژی هەینی ببێت و تێکەڵی خەڵک ببێت.

دووبارە نابێت موسلمان ئاسانکاری بکات و دەرگای ماڵی خوا دابخات، چونکە داخستنی دەرگای مزگەوت شتێکی زۆر گەورەیە، هەروەها نابێت ئاسانکاری بکرێت لەسەر تەرک کردنی جومعە و جەماعەت، دەبێت کاربەدەست و ئەهلی عیلم پێکەوە کۆببنەوە بۆ فەتوا دان لەسەر ئەم بابەتە، چونکە داخستنی دەرگای مزگەوت شتێکی کەم نییە.

ئەگەر مزگەوت داخران و نوێژی جەماعەت و هەینی نەکران، لەم حالەتە گومانی تێدا نییە باشتر وایە هەینی ئەنجام بدرێت بە سێ کەس باشترە لەوە هەینی بە یەکجاری تەرک بکرێت، سەبارەت بەوە لە مالەوە گوێ لە وتاری هەینی بگریت و نوێژی هەینی لە مالەوە بکەیت، بێگومان ئەم کردەوەیە دروست نییە، بەڵام حالەتی ناچاری بەرفراوانی تێدایە و دەبێت ئەهلی عیلم لەگەڵ کاربەدەستان دابنیشن پێشنیاری خۆیان بڵێن و بڕیارێک بدەن.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام