سەردێری پرسیار:ئەگەر ئیمام نوێژی بەتال بوو نوێژی مأمومیش بەتال دەبێت؟

بەرواری دانان :2020-03-17 کۆدی پرسیار:1846

پرسیار:

پرسیار: ئەگەر ئیمام نوێژی بەتال بوو نوێژی مأمومیش بەتال دەبێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، سێ وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نوێژی مأموم بە نوێژی ئیمامەوە نەبەستراوە، هەر یەکە بۆ خۆی نوێژ دەکات، کە ئەمە وتەی شافعی یە.

دووەم: هەدنێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژی مأموم بە نوێژی ئیمامەوە بەستراو، هەر کاتێک خەلەل لە نوێژی ئیمام ڕوویدا ئەوە بۆ نوێژی مأمومیشە، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد.

سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژی مأموم بە نوێژی ئیمامەوە بەستراوە بەڵام نقص دەکەوێتە نوێژ مأموم ئەگەر عوزریان نەبوو، ئەگەر عوزریان هەبوو نقص ناکەوێتە نوێژ، ئەگەر ئیمام باوەڕی وابوو دەست نوێژی هەیە و پێش نوێژی بۆ خەڵک کرد، مأموم عوزری هەیە لە شوێن کەوتنی ئیمام، کە ئەمە وتەی مالک و ئەحمەدە.

ناکرێت نوێژی مأموم بەتال بکەیت بە بەتال بوونی نوێژ ئیمام، چونکە مأموم نوێژی کردووە بە ڕووکن و مەرجەکانیەوە، ناکرێت نوێژی بەتال بکەیت ئیلا بەڵگەی صحیح هاتبێت، بەڵگە بۆ ئەمە:

عن أبي هریرة رضي اللە عنە أن رسول اللە صلی اللە علیە وسلم قال: (يُصَلُّونَ بكُمْ، فَإِنْ أَصَابُوا فَلَكُمْ ولَهُم، وَإِنْ أَخْطَئُوا فَلَكُمْ وَعَلَيْهِمْ) رواە البخاري (٦٩٤)، ومسلم (٧٤٤٩).

ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەمە دەقە لەسەر ئەوە ئیمام ئەگەر هەڵەی کرد هەلەکەی لەسەر خۆیەتی نەک لەسەر مأمومەکان) مجموع الفتاوی (٢٣/٣٧٢).

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خەلەل کەوتە مەرجەکانی نوێژ لە ئیمام، وەک داپۆشینی عەورەت و ڕووکردنە قیبلە، لەم کاتە چاوپۆشی ناکرێت بۆ مأموم، چونکە ئەم شتانە ناشاردرێنەوە زۆربەی جارەکان، پێچەوانەی بێ نوێژی و پیسایی) المغني (١/٤٢٠).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نوێژی مأموم بەتال نابێت بە بەتال بوونی نوێژی ئیمام، چونکە نوێژی مأموم دروستە و هیچ کێشەی تێدانییە، ئەسل وایە نوێژی دروستە، ناکرێت نوێژ بەتال بکەیت ئیلا بە بەڵگەی صحیح نەبێت، ئیمام نوێژی بەتال بووە بە بەڵگەی صحیح، بەڵام مأموم داخلی نوێژ بووە بە فەرمانی خوا ناکرێت نوێژی بەتال بکەیت ئیلا بە فەرمانی خوا نەبێت، قاعیدە: "من دخل في عبادة حسب ما أمر بە فإننا لا نبطلها إلا بدلیل".

بێجگە لە حالەتی سوترە نەبێت، چونکە سوترەی ئیمام سوترەیە بۆ ئەوانەی بەدوای ئیمامەوە نوێژ دەکەن، ئەگەر ئافرەتێک بە پێش نوێژی ئیمامدا تێپەڕی، ئەوە نوێژی ئیمام و مأموم بەتال دەبێت، چونکە هەردووکیان هاوبەشن لە سوترەدا، لەبەر ئەوە ئێمە فەرمان بە مأموم ناکەین سوترە دابنێنن، بەڵکو ئەگەر سوترەی دانا بەدوای ئیمامەوە ئەوە زیادەڕەوی کردووە و بیدعە چی یە) مجموع فتاوی ابن عثیمین (١٢/٣٧٢). لەسەر ئەمە ئەگەر ئیمام نوێژی بەتال بوو پەیوەندی بە نوێژی مأمومەوە نییە، نوێژی مأموم بەتال نابێت، وەک ئەوەی ئیمام نوێژ بکات بێ دەست نوێژ، یان لەناو نوێژ دەست نوێژی بشکێت.

حالەت هەیە ئیمام ئەگەر نوێژی بەتال بوو بە هۆکارێکی دیار و ڕوون و ئاشکرا، ئەو هۆکارە دیارە لە مأمومەکان، لەم حالەتە نوێژی هەردووکیان بەتال دەبێت، وەک ئەوەی ڕوو کردنە قیبلە تەرک بکات، یان داپۆشینی عەورەت، یان تەکبیرەی ئیحرام، یان تەرک کردنی فاتیحە لە نوێژی جەهری دا.

هەروەها نوێژی ئیمام و مأموم بەتال دەبێت ئەگەر ئافرەت و گوێ درێژ و سەگ بە بەردەم ئیمامدا تێپەڕین، چونکە سوترەی ئیمام سوترەیە بۆ مأمومیش.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام