سەردێری پرسیار:ئەگەر ئیمام لەناو نوێژدا پێ بکەنێت؟

بەرواری دانان :2020-03-17 کۆدی پرسیار:1847

پرسیار:

پرسیار: ئەگەر ئیمام لەناو نوێژدا پێ بکەنێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: ئەم پرسیارە بۆ دوو بابەت دەگەڕێتەوە:

یەکەم: حوکمی پێکەنین لەناو نوێژدا.

دووەم: ئەگەر نوێژی ئیمام نوێژی بەتال بوو مأمومیش نوێژی بەتال دەبێت، واتە نوێژی مأموم بەستراوە بە نوێژی ئیمامەوە. سەبارەت بە حوکمی پێکەنین لەناو نوێژدا ھەموو زانایان یەک دەنگن پێکەنین نوێژ بەتال دەکاتەوە.

ابنُ المنذِر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو زانایان یەک دەنگن پێکەنین نوێژ بەتال دەکات) الإجماع لاپەڕە ٣٩ .

ابن رشد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو زانایان یەک دەنگن پێکەنین نوێژ بەتال دەکاتەوە) بداية المجتهد (١/١٩١).

زيلعي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو زانایان یەک دەنگن پێکەنین نوێژ بەتال دەکات) تبيين الحقائق (١/١١).

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ابن منذر دەفەرمووێت: ھەموو زانایان یەک دەنگن کە پێکەنین نوئژ بەتاڵ دەکاتەوە، وو زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کە زەردەخەنە نوێژ پووچ ناکاتەوە) المغنی ج١ لاپەڕە ٣٩٤

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەردەخەنە لەناو نوێژدا مەزھەبی ئێمە ئەوەیە کە نوێژ بەتاڵ نابێت) المجموع (٤/٢٢).

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەردەخەنە نوێژ بەتاڵ ناكاتەوە، بەڵام پێکەنین نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە) الفتاوی الکبری (٢/٢٢٧).

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەردەخەنە نوێژ بەتاڵ ناکات ، بەڵام پێکەنین نوێژ بەتاڵ دەكات).

سەبارەت بەوە ئەگەر ئیمام نوێژی بەتال بوو مأمومیش نوێژی بەتال دەبێت، واتە نوێژی مأموم بەستراوە بە نوێژی ئیمامەوە، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سێ وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نوێژی مأموم بە نوێژی ئیمامەوە نەبەستراوە، هەر یەکە بۆ خۆی نوێژ دەکات، کە ئەمە وتەی شافعی یە.

دووەم: هەدنێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژی مأموم بە نوێژی ئیمامەوە بەستراو، هەر کاتێک خەلەل لە نوێژی ئیمام ڕوویدا ئەوە بۆ نوێژی مأمومیشە، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد.

سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژی مأموم بە نوێژی ئیمامەوە بەستراوە بەڵام نقص دەکەوێتە نوێژ مأموم ئەگەر عوزریان نەبوو، ئەگەر عوزریان هەبوو نقص ناکەوێتە نوێژ، ئەگەر ئیمام باوەڕی وابوو دەست نوێژی هەیە و پێش نوێژی بۆ خەڵک کرد، مأموم عوزری هەیە لە شوێن کەوتنی ئیمام، کە ئەمە وتەی مالک و ئەحمەدە.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خەلەل کەوتە مەرجەکانی نوێژ لە ئیمام، وەک داپۆشینی عەورەت و ڕووکردنە قیبلە، لەم کاتە چاوپۆشی ناکرێت بۆ مأموم، چونکە ئەم شتانە ناشاردرێنەوە زۆربەی جارەکان، پێچەوانەی بێ نوێژی و پیسایی) المغني (١/٤٢٠).

لەسەر ئەمە ئەگەر ئیمام نوێژی بەتال بوو پەیوەندی بە نوێژی مأمومەوە نییە، نوێژی مأموم بەتال نابێت، وەک ئەوەی ئیمام نوێژ بکات بێ دەست نوێژ، یان لەناو نوێژ دەست نوێژی بشکێت.

حالەت هەیە ئیمام ئەگەر نوێژی بەتال بوو بە هۆکارێکی دیار و ڕوون و ئاشکرا، ئەو هۆکارە دیارە لە مأمومەکان، لەم حالەتە نوێژی هەردووکیان بەتال دەبێت، وەک ئەوەی ڕوو کردنە قیبلە تەرک بکات، یان داپۆشینی عەورەت، یان تەکبیرەی ئیحرام، یان تەرک کردنی فاتیحە لە نوێژی جەهری دا.

هەروەها نوێژی ئیمام و مأموم بەتال دەبێت ئەگەر ئافرەت و گوێ درێژ و سەگ بە بەردەم ئیمامدا تێپەڕین، چونکە سوترەی ئیمام سوترەیە بۆ مأمومیش.

کەواتە ئیمام ئەگەر پێکەنی لەناو نوێژدا دەڵین ئەمە شتێکی دیارە و مأمومەکان هەستی پێ دەکەن وەک بێ دەست نوێژی نییە، بۆیە نوێژی مأمومیش بەتال دەبێت لەم حالەتە،واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام