سەردێری پرسیار:ئەهلی کتابی ئێستا کافر و موشریکن ئایا سەربڕاویان دەخورێت؟

بەرواری دانان :2020-03-18 کۆدی پرسیار:1851

پرسیار:

پرسیار:ئەهلی کتابی ئێستا کافر و موشریکن ئایا سەربڕاویان دەخورێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: ئەهلی کتابی کۆن و ئێستا کافر و موشریکن، لەگەڵ ئەوەش سەربڕاویان حەڵاڵە، بابەتەکە بۆ درانە پاڵ ئەهلی کتاب دەگەڕێتەوە نەک کوفر و ئیمان، هەر کاتێک کەسەکە درا پال ئەهلی کتاب سەربراوی دروستە ئەگەر بە شێوەیەکی شەرعی سەربڕدرا.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر یەکێک بڵێت: ئەهلی کتابی ئێستا مولحیدن ئیمانیان بە عیسا و موسا نییە؟ دەڵێین: مادەم دراونەتە پاڵ گاور و جوولەکە ئەگەر چی موشریکیشن ئەوە سەربڕاویان حەڵاڵە، بەڵگە لەسەر ئەمە خوای گەورە دەفەرمووێت: " وَطَعَامُ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حِلٌّ لَكُمْ" [المائدة:٥].

لە هەمان سورەت دا دەفەرمووێت: 'لقد کفر الذین قالوا إن اللە هو المسیح ابن مریم" {المائدة:٧٢}، هەروەها دەفەرمووێت: "لقد کفر الذین قالوا إن اللە ثالث ثلاثة" {المائدة: ٧٣}، خوای گەورە کافری کردوون لەگەڵ ئەوەش سەربڕاویان حەڵاڵ کردووە، چونکە دراونەتە پاڵ دین.

پاشان تەنها مانەوە لەسەر دینی خۆیان دوای پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بە کافر حساب دەکرێن، بابەتەکە بابەتی کوفر و ئیمان نییە، ئەگەر ئەوان دینی گاور و جوولەکە سەد لە سەد جێ بەجێ بکەن دوای پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم هەر کافرن، بەڵکو بابەتەکە درانە پال ئەهلی کتابە، ئەگەر درانە پاڵ ئەهلی کتاب سەربڕاویان حەڵاڵە ئەگەر چی مولحیدیش بن) فتح ذي الجلال والإکرام (١٤/٢٨٢-٢٨٣).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام