پرسیار: من جارێک بیستم نەزر کردن باش نییە، هۆکارەکەی چییە نەزرکردن باش نییە؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە نەزرکردن چوار وتە هەیە:
یەکەم: هەندێ زانا دەڵێن نەزرکردن باش نیە، الترمذى دەڵێت: ئەمە وتەی (ابن المبارک) و وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حنابلە و زۆربەی شافيعيەکان و مالکی و ابن حزم و چەندين زانای ترە، بەڵام مالیکیەکان دەلێن نەزر باش نییە ئەگەر دووبارە بووەوە بە بەردەوامی وەک بە ڕۆژوو بوونی ڕۆژێک لە هەموو هەفتەیەک، بەڵام ئەگەر دووبارە نەبێتەوە دروستە، بەڵگە:
(۱) عن ابن عمر عن النبي صلی الله علیه وسلم ٲنه نهی عن النذر وقال: (ٳنە لا یٲتی بخیر، وٳنما یستخرج بە من البخیل) متفق علیە.
واتە : لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێت نەهی کردووە لە نەزر کردن، فەرمووی: (نەزر خێر ناهێنێت بەڵکو لە بەخیلی دەریدەهێنێت).
(۲) عن ٲبي هریرة ان الرسول صلی الله علیه وسلم قال: (لا تنذروا، فٳن النذر لایغني من القدر شیئا) رواە مسلم (۱۹٤۰).
واتە: لە ٲبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نەزرمەکەن چونکە نەزر هیچی پێ ناکرێت لەگەڵ قەدەری خوای گەورە.)
ئەو فەرموودانەی هاتوون ڕوون و ئاشکران کە نەهی کراوە لە نەزر، چونکە نەزر خێر ناهێنێت یان قەدەر ڕەت ناکاتەوە، ئەسڵ وایە ئەو نەهی کردنە بۆ حەڕامی یە، بەڵام گۆڕدرا بۆ کەراهەت بە بەلگەی قورئان و سونەت ئەویش ئەوەيه کە دەبێیت وەفا بە نەزر بکەیت و مەدحی ئەوانەی کردووە کە وەفا بە نەزر دەکەن.
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بیت دەفەرمووێت: (ئەم نەهی کردنە بۆ کەراهەتە نەک حەڕامی، چونکە ئەگەر حەڕام بوایا مەدحی ئەوانەی نەدەکرد کە وەفا بە نەزر دەکەن.) المغنی (٣/٦٢١).
دووەم: هەندێ زانای تر دەڵێن نەزركردن حەڕامە، كەئەمە وتەی صنعانی و ابن تیمییە و چەندين زانای ترە.
ابن مفلح ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (مامۆستای ئێمە ابن تیمییە لەسەر حەڕامی وەستاوە واتا نەزری پێ حەڕام بووە) الفروع (٦/٣٩٥).
ابن عیثمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو وتەیەی دەڵێت نەزر حەڕامە وتەیەكی بەهێزە) الشرح الممتع (١٣/٢٠٧).
بەلام لەگەل ئەوەش ابن عیثمین لەسەر ئەو وتەیەیە كە باش نیيە نەزر بکرێت.
بەڵگە لەسەر حەڕامی نەزر کردن:
(۱) نەهی کراوە ئەسل وایە ئەم نەهییە بۆ حەڕامی یە.
(۲) چونكە ئەوەی نەزر دەكات تووشی گومانی خراپ بووە بەرامبەر بە خوای گەورە لەوەی كە خوای گەورە ئەو نیعمەتەی لەگەڵ ناکات یان شەڕ یان نەخۆشی لەسەر لانابات ئیلا بە نەزر نەبێت.
(۳) هەروەها خوای گەورە مەدحی ئەوانەی نەکردووە كە نەزر دەكەن، بەڵكو مەدحی ئەوانەی كردووە كە وەفا بە نەزر دەكەن.
سێیەم: هەندێ زانا دەڵێن ئەوەی حەڕام بێت و ڕێگری لێ كرابێت نەزری (مجازة) وەك ئەوەی بڵێت: ئەگەر خوای گەورە شیفای نەخوشی ئێمە بدا نەزر بێت لەسەرم فلان شت بكەم یان ئاژەڵێك سەر ببڕم، بەڵام ئەگەر نەزرێك كردنی عیبادەتێک بێت بێ ئەوەی معلقی بكات بە هیج شتێك دروستە، كە ئەمە وتەی هەندێك له شافعی و خاوەن كتابی ٲضواء البیان، ...هتد
چوارەم: ئەو فەرموودانەی هاتوون ڕێگریان كردووە یان نەهی یان كردووە باسی ئەو كەسەیە كە دەزانێت و ناتوانێت نەزر جێ بەجێ بكات واتە ناتوانێت وەفای پێ بکات، بەڵام ئەگەر بتوانێت دروستە زانایان دەڵێن نەزركردن سونەتە مەگەر نەزری مجازاة ئەمەیان نابێت.
هەندێ زانا دەڵێن نەزرکردن سونەتە ئیلا نەزری مجازاة نەبێت ئەمەیان حەڕامە، چۆن دەبێت بڵێین نەزر كردن حەڕامە یان باش نییە كەچی وەفا پێ كردنی مەدح كراوە، یەكێك لە بنچینە گرینگەکان ئەوەیە کە هەموو وسائیلەكان حوكمی مقاصدیان هەیە و هیچ بەڵگەیەک نییه كە نەزر لەم بنجینەیە دەربكات.
خطابی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەمە بابەتێکی سەیری زانستە ئەویش ئەوەیە نەهی کراوە لە شتێک، بەڵام ئەگەر کرا واجبە وەفای پێ بکەیت) ٲعلام الحدیث.
عبدالرحمان السعدی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نەزر لە زانستە سەیرەکانە کە عەقدەکەی نەهی لێکراوە و وەفا پێ کردنی سوپاس کراو و فەرمان پێ کراوە، بچینەیەکه بۆ هەموو کارەکان وسائل حوکمی مقاصدیان هەیە ئیلا ئەم بابەتە نەبێت) الارشاد لاپەڕە ۲۱۷.
پوختەی وتەی زانایان:
(۱) نەزر كردن ئەگەر مجازاة بێت دەلێن حەڕامە.
(۲) زۆربەی زانایان دەڵێن باش نییە شت لەسەر خۆت واجب بكەیت، واتە نەزر کردن باش نییە چونکە ئەگەر نەزرت كرد واجبە لەسەرت وەفای پێ بكەی.