پرسیار: حوکمی قورئان خوێندنەوە لە دەرەوەی نوێژ چییە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن تەرک کردنی قورئان بە یەک جاری بە هەجر کردنی قورئان حساب دەکرێت و زەمکراوە.
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا . وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا مِنَ الْمُجْرِمِينَ وَكَفَى بِرَبِّكَ هَادِيًا وَنَصِيرًا) {الفرقان:٣٠-٣١}.
ئایەتەکە ئەگەر چی سەبارەت بە کافر و دوژمنەکانی پێغەمبەرانە، بەڵام بەڵگەیە هەجر کردنی قورئان کردەوەی کافرەکانە، هەر کەسێک بە یەک جاری تەرکی بکات و ئیمانی پێی نەبێت و نەخوێنێت و کردەوە پێی نەکات، ئەوە کافرە.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک هەجری قورئان بکات ئەوە دوژمنی پێغەمبەری خوایە) مجموع الفتاوی (٤/١٠٦).
هەر کەسێک کەمتەر خەم بێت لە خوێندنەوەی قورئان، یان بیر کردنەوە لە قورئان، یان کردەوە پێ کردن، ئەوە تووشی بەشێک لە بەشەکانی هەجر کردنی قورئان بووە، بە گوێرەی کەمتەرخەمییەکەی، شیرین و چێژی خوێندنەوەی قورئان لە دڵی دەردەچێت و ئیسراحەت ناکات و دڵی پێ خۆش نابێت.
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەجر کردنی قورئان چەند جۆرە:
یەکەم: هەجر کردنی گوێ گرتن و ئیمان و پشت تێکردن.
دووەم: هەجر کردنی کردەوە پێکردن، وەستان لەسەر حەڵال و حەرام، ئەگەر بخوێنێت ئیمانی پێ دەهێنێت.
سێیەم: هەجر کردنی حوکم کردن بە قورئان و قورئان کردنە حاکم کە هەموو کێشەکان، لە أصول و فروعەکانی دین.
چوارەم: هەجر کردنی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە قورئان.
پێنجەم: هەجر کردنی روقیە کردن بە قورئان بۆ هەموو نەخۆشییەکان، نەخۆشی دل و نەخۆشییەکانی تر.
هەموو ئەمانە داخلی وتەی خوای گەورە دەبن: " وقال الرسول يا رب إن قومي اتخذوا هذا القرآن مهجورا" {الفرقان:٣٠}، ئەگەر چی هەندێکیان لە هەندێکی تر سووکترن) فوائد لاپەڕە ٨٢.