سەردێری پرسیار:ئایا خەون ئەحکامی لەسەر دادەمەزرێت؟

بەرواری دانان :2020-04-02 کۆدی پرسیار:1891

پرسیار:

پرسیار: ئایا خەون ئەحکامی لەسەر دادەمەزرێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن خەون ئەحکامی شەرعی لەسەری دانامەزرێت، ئیلا ئەگەر خەونەکە پال پشتی هەبێت لە قورئان یان سونەت.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (خەون چەند بەشێکن:

بەشی یەکەم: ئەگەر خەون پاڵ پشتی شتێکی جێگیر بوو بکات لە شەرعدا، ئەوە کردەوە بەو خەونە دەکرێت.

بەشی دووەم: ئەگەر پێچەوانەی حەقی بێت ئەوە ڕەت کراوەیە، ئەمە وەحی شەیتانە.

بەشی سێیەم: نە پێچەوانەی شەرعە و نە موافقی شەرعە، بەڵام شەواھد ھەیە بەڵگەیە بۆ بەڕاست دانانی، ئەوە کردەوەی پێ دەکرێت) فتح ذي الجلال والإكرام (٢/١٢٨-١٣٢).

ڕاستە چەندین فەرموودە هاتوون سەبارەت بە خەون، ئێمە ئینکاری خەون ناکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین خەڵکانێک زیادەڕەوی لە خەوندا بکەن و دینی خۆیان لەسەر خەون بنیات بنێن، خەڵکانێک بە ئارەزووی خۆیان ئەحکام دادەمەزرێنن لەسەر خەون، خەڵکانێک خەونیان کردۆتە تەرازووی ژیانی خۆیان لەسەر خەون بڕیار دەکەن، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئافرەتان زیادەڕەویان کردووە لە خەون، بەڵکو خراپتر لەمەش ڕاست ناکەن لە خەون، بۆیە چەند ئافرەت هەبوونە خەونیان گێراوەتەوە نیو کاتژمێر بووە کەچی خۆی دە دەقە نووستووە؟!

سوپاس بۆ خوای گەورە دین تەواو بووە پێویستی بە خەونی هیچ کەسێک نییە بۆ ئەوە شت بۆ دین زیاد بکەیت، خوای گەورە خۆی دینی تەواو کردووە بۆ ئەوەی بەندە پێویستی بە کەسی تر نەبێت بۆ دین، بەندە دەبیت تەقوای خوا بکات و قەدری خۆی بزانێت پیشەی ئەو شت داهێنان نییە بەڵکو بەندایەتی کردنە، پیشەی بەندە شوێن کەوتنە نەک پێش کەوتن.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام