پرسیار: حوکمی سوجدە بردن لەسەر حەوت ئەندامەکان؟
وەڵام: عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (أُمِرْتُ أَنْ أَسْجُدَ عَلَى سَبْعَةِ أَعْظُمٍ: عَلَى الْجَبْهَةِ) وَأَشَارَ بِيَدِهِ إِلَى أَنْفِهِ (وَالْيَدَيْنِ، وَالرُّكْبَتَيْنِ، وَأَطْرَافِ الْقَدَمَيْنِ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.
واتە: لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (فەرمانم پێکراوە سوجدە ببەم لەسەر حەوت ئەندام: نێو چاوان، بەدەست ئاماژەی بۆ لووتیش کرد، هەردوو دەست و هەردوو ئەژنۆ و هەردوو قاچ).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە واجبە سوجدە ببەیت لەسەر ئەم حەوت ئەندامە (نێو چاوان و هەردوو دەست و هەردوو ئەژنۆ و هەردوو قاچ)، لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، کە ئەمە وتەی ڕاستی شافعی و مالک و ئەحمەد و ابن حزم و ابن باز و ابن عثیمینە.
ابن جزي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (فەرمان کراوە سوجدە ببردرێت لەسەر حەوت ئەندام، ئەویش ئەمانەن: ڕوخسار و هەردوو دەست و هەردوو ئەژنۆ و هەردوو قاچ، سەبارەت بە ڕوخسار و هەردوو دەست هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر واجبی سوجدە بردن لەسەری) القوانین الفقهیة (١/٦٨).
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر سوجدە لەسەر یەکێک لە ئەندامەکان نەبات نوێژی دروست نییە) شرح مسلم (٤/٢٠٨).
ابن رجب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بەڵگەیە لەسەر ئەم وتەیە ئەم فەرموودە ڕاستانە فەرمانیان کردووە بە سوجدە بردن لەسەر ئەم ئەندامانە، ئەم فەرمانە بۆ واجبی یە) فتح الباري (٥/١١٤-١١٥).
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سوجدە دەبردرێت لەسەر حەوت ئەندام، لەسەر نێو چاوان و لووت، وە هەردوو دەست و هەردوو ئەژنۆ و پەنجەکانی قاچ، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: "أمرتُ أن أسجد على سبعة أعظم؛ الجبهة، وأشار بيده على أنفه، واليدين، والركبتين، وأطراف القدمين"، واجبە لەسەر ژن و پیاو هەموویان سوجدە ببەن لەسەر ئەم حەوت ئەندامە) مجموع فتاوى ابن باز (١١/٣٢).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (واجبە سوجدە لەسەر ئەم حەوت ئەندامە ببردرێت، چونکە ئەسل لە فەرمان کردن بۆ واجبی یە، تەواو سوجدە بردن ناهێتەدی ئیلا بەمە نەبێت.
لەبەر ئەوە زانایان دەڵێن: سوجدە بردن لەسەر ئەم حەوت ئەندامە ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی نوێژ، ئەگەر سوجدە ببات لەسەر سێ یان چوار یان پێنج یان شەش ئەندام، ئەوە سوجدەی دروست نییە ئیلا دەبێت سوجدە ببات لەسەر حەوت ئەندام.) فتح ذي الجلال والإکرام (٣/٢٥٥).
واجبە سوجدە ببەیت لەسەر ئەم حەوت ئەندامانە ئیلا ئەگەر کەسێک نەتوانێت سوجدە لەسەر ئەندامێک لەبەر برین یان سووتان یان هەر عوزرێکی تر، لەم حالەتە سوجدە دەبات بە گوێرەی توانای خۆی.