سەردێری پرسیار:ئایا یەکەم جار دەست دەبەیت یان ئەژنۆ کاتی سوجدە بردن؟

بەرواری دانان :2020-04-12 کۆدی پرسیار:1925

پرسیار:

پرسیار: ئایا یەکەم جار دەست دەبەیت یان ئەژنۆ کاتی سوجدە بردن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە سوجدە بردن سەرەتا دەست دەبەیت یان ئەژنۆ، سێ وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون سونەتە یەکەم جار هەردوو ئەژنۆ دابنێیت پێش هەردوو دەست، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلە و ابن منذر و ابن تیمییە و ابن قیم و ابن باز و ابن عثیمینە، بەڵگە:

(١)عن وَائِلِ بنِ حُجْرٍ، قال: (رَأَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ إِذَا سَجَدَ وَضَعَ رُكْبَتَيْهِ قَبْلَ يَدَيْهِ) أَخْرَجَهُ الأَرْبَعَةُ.

واتە: لە وائل بن حجر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (پێغەمبەرم بینی صلی اللە علیە وسلم کاتێک سوجدەی دەبرد هەردوو ئەژنۆی پێش هەردوو دەستەکانی دادەنا).

(٢)عن إبراهيمَ، عن أصحابِ عبدِ اللهِ علقمةَ والأسودِ قالا: (حفِظْنا عن عمرَ في صلاتِه أنَّه خرَّ بعد ركوعِه على رُكبتَيْهِ كما يخِرُّ البعيرُ، ووضَع رُكبتَيْهِ قبْلَ يديه) رواه الطحاوي في (شرح معاني الآثار) (١/٢٥٦) (١٤١٩). صحح إسناده الألباني في (أصل صفة الصلاة) (٢/٧١٧).

(٣)فەرموودەی وائل بن حجر صحیحە و شەواهدی هەیە بە چەند ڕێگایەک هاتووە، بەڵام فەرموودەی ئەبو هوڕەیڕە شواهدی نییە و لاوازە.

(٤)ئەژنۆ دانان پێش هەردوو دەست ئاسانترە و نزیک ترە بۆ سوجدە بردن، یەکەم جار ئەژنۆ پاشان هەردوو دەست پاشان نێوچاوان.

(٥)بەم شێوە سوجدە بردن موافقی کردەوەی هاوەڵانە، لەوانە عومەر و کوڕەکەی و عبداللە بن مسعود و کۆمەڵێک تابعی.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سونەتە هەردوو دەست دابنێیت پێش هەردوو قاچ، کە ئەمە وتەی مالکی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ئەوزاعی و زانایانی و ئەلبانی یە، بەڵگە:

(١)عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (إِذَا سَجَدَ أَحَدُكُمْ فَلا يَبْرُكْ كَمَا يَبْرُكُ الْبَعِيرُ، وَلْيَضَعْ يَدَيْهِ قَبْلَ رُكْبَتَيْهِ) أَخْرَجَهُ الثَّلاثَةُ.

لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (کاتێ یەکێک لە ئێوە کرنوش دەبا، با وەک وشتر چۆک دانەدا، با یەکەم جار دەستەکانی دابنێت پێش ئەژنۆکانی).

(٢)قال نافعٌ: (كان ابنُ عُمَرَ يضَعُ يدَيْهِ قبْلَ رُكبتَيْهِ). أخرجه البخاري معلقًا بصيغة الجزم قبل حديث (٨٠٣)، وأخرجه موصولًا ابن خزيمة (٦٢٧)، والطحاوي في (شرح معاني الآثار) (١٥١٣)، والحاكم (٨٢١). صححه الألباني على شرط مسلم في (إرواء الغليل) (٢/٧٧).

واتە: نافع دەفەرمووێت: (ابن عمر هەردوو دەستی پێش هەردوو ئەژنۆکانی دادەنا).

(٣)چونکە بەم شێوە سوجدە بردن باشترە و جوانترە بۆ خشوع.

(٤)فەرموودەی ئەبو هوڕەیڕە شواهدی هەیە و صحیح ترە لە فەرموودەی وائل بن حجر.

سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژ خوێن بە ئارەزووی خۆیەتی کامەی پێش دەخات، ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئیمام مالک، بەڵگە:

(١)فەرموودە هاتوون بە هەردوو شێوە، هەروەها ئەثەریش هاتوون بە هەردوو شێوە، بەڵگەیە هەردوو شێوە دروستن.

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (باشتر وایە هەردوو ئەژنۆ دابنێیت پێش هەردوو دەست کاتی سوجدە بردن، ئەمە باشترە، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون یەکەم جار هەردوو دەست دادەنێیت، بەڵام وتەی ڕاست هەردوو ئەژنۆ دادەنێیت پێش هەردوو دەست، چونکە فەرموودە وائل بن حجر جێگیر بووە: "أنه كان إذا سجد وضَع ركبتيه قبل يديه"، هەروەها فەرموودەی ئەبو هوڕەیڕە هاتووە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: "لا يبرُكْ أحدُكم كما يبرك البعير، ولْيضَعْ يديه قبل ركبتيه"، هەندێک زانا فەرموودەی ئەبو هوڕەیڕە دەکەنە بەڵگە یەکەم جار هەردوو دەست دادەنێیت پێش هەردوو ئەژنۆ.

ئەوانی تر دەڵێن: هەردوو ئەژنۆ دادەنێیت پێش هەردوو دەست، ئەمە پێچەوانەی بە چٶک دانی وشترە، چونکە بە چۆک دانی وشترە لە هەردوو دەستە، ئەگەر ئیماندار یەکەم جار هەردوو ئەژنۆی دانا پێجەوانەی وشتری کردووە، ئەمە موافقی فەرموودەی وائل بن حجرە، وتەی ڕاست یەکەم جار ئەژنۆ دادەنێیت پاشان هەردوو دەست، پاشان نێوچاوان و لوت دادەنێیت، ئەگەر هەستاوە لە سوجدە یەکەم جار نێو چاون بەرز دەکاتەوە، پاشان هەردوو دەست، پاشان هەردوو ئەژنۆ، ئەمەیان فەرموودەی پێی هاتووە و ڕێگە پێدراوە و جمعە لەنێوان هەردوو فەرموودەکان.

سەبارەت بە فەرموودەی ئەبو هوڕەیڕە وتەی: "وليضع يديه قبل ركبتيه"، ئەوەی دیار بێت خواش زاناتر وەهمێکە لە ڕاویەکانی فەرموودە، هەروەک ابن قیم باسیکردووە) مجموع فتاوى ابن باز (١١/٦١-٦٢).

شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (حازمی لە ئەوزاعی نقل دەکات دەڵێت: گەیشتوم بە خەڵکانێک دەستیان پێش ئەژنۆ دادەنا لەکاتی سوجدە بردن، ابن و ئەبی دونیا دەڵێت: ئەمە وتەی هاوەڵانی فەرموودەیە) نيل الأوطار (٢/٢٩٣).

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە نوێژ بە هەردوو شێوە دروستە بە یەک دەنگی هەموو زانایان. ئەگەر ویستی با سەرەتا ئەژنۆی دابنێت پێش هەردوو دەست، ئەگەر ویستی با هەردوو دەست دابنێت پێش هەردوو ئەژنۆ، نوێژی دروستە لە هەردوو حالەت بە یەکی دەنگی هەموو زانایان، بەڵکو جیاوازی لەوەدایە کامەیان باشترە) مجموع الفتاوى (٢٢/٤٤٩).

ئەم بابەتە یەکێکە لەو بابەتانە جیاوازی نێوان زانایان زۆر بەهێزە، بەڵام ئەوەی گرینگ بێت ئەوەیە هەموو زانایان یەک دەنگن نوێژی دروستە لە هەردوو حالەت، بەڵکو جیاوازی لەوەدایە کامەیان باشترە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام