سەردێری پرسیار:ئایا ئەو ڕایەی دەلێ دەبێ قورئان بە دەستنوێژەوە بخۆێنیتەوە بەھێزترە یان بێ دەست نوێژ؟

بەرواری دانان :2020-04-13 کۆدی پرسیار:1928

پرسیار:

پرسیار: ئایا ئەو ڕایەی دەلێ دەبێ قورئان بە دەستنوێژەوە بخۆێنیتەوە بەھێزترە یان بێ دەست نوێژ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: سەرەتا دەلێین قورئان خوێندنەوە بە لەبەر دروستە بخوێنیتەوە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو موسلمانان یەک دەنگن کە دروستە قورئان بخوێنیت بە لەبەر بێ دەست نوێژ ، وە باشتریشە بە دەست نوێژ بیت).

بەلام خوێندنەوەی قورئان بە دەست لێدان بێ دەست نوێژ هەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە بە دەست نوێژەوە بخوێنیت، بەلام ئەگەر بێ دەست نوێژ بخوێنیت جیاوازی لە نێوان زانایان دا هەیە ئایا تاوانبار دەبیت یان نە، دوو وتە ھەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان دەلێن حەڕامە قورئان بێ دەست نوێژ بخوێنیتەوە، کە ئەمە وتەی مالک و ابو حنیفە و شافعی و احمد و ابن باز و ابن تیمییە و ابن عثیمین و چەند زانای ترە، بەلگە:

(١) فەرموودەی عبداللە بن ابی بکر، ئەو نامەی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ عمرو بن حزمی نووسی بوو ئەمەی تێدا بوو: (ٲلا یمس القران ٳلا طاهر) واتە: با کەس دەست لە قورئان نەدات ئیلا پاک نەبێت، ئەمە بەلگەیە دەست لێ دان بێ دەست نوێژ حەڕامە.

(٢) خوای گەورە دەفەرمووێت: (لا یمسە الا المطهرون){الواقعة:٧٩}، واتە: کەس دەستی لێ نادەن ئیلا پاکەکان نەبن، کەواتە واجبە پاک بیت بە دەست نوێژەوە دەست لە قورئان بدەیت.

(٣) چەندین ئەسەر لە هاوەلان نقل کراون کە نابێت بێ دەست نوێژ دەست لە قورئان بدەیت.

(٤)قورئان وتەی خوای گەورەیە ڕێز و حورمەتی خۆی هەیە، کەواتە نابێت بێ دەست نوێژ دەستی لێ بدەیت و بخوێنیتەوە.

ابن تیمییە ڕەحمەی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بۆ دەست لە قورئان دان واجبە دەست نوێژت هەبێت، کەئەمەی وتەی ڕاستە و وتەی زۆربەی زانایانە، کە ئەمە زانراو بووە لای هاوەلان لەوانە: سعد ، سلمان ، ابن عمر ...) مجموعە فتاوی (٢١/٢٨٨).

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نەمان زانیووە کەس پێچەوانەی ئەوەی کردبێت حەڕامە دەست لە قورئان بدەیت ئیلا داود نەبێت) المغنی (١/٢٠٢). دووەم: هەندێک زانای تر دەلێن دروستە، کە ئەمە وتەی داود الظاهری یە و چەند زانای ترە، بەلگە:

(١) هیچ بەلگەی ڕوون و ئاشکرا نەهاتوون کە حەڕام بێت دەست لە قورئان بدەیت و بخوێنیت بێ دەست نوێژ، ئەسل وایە دروستە بێ دەست نوێژ دەستی لێ بدەیت و بخوێنیت ئیلا بەلگە هاتبێت.

(٢) فەرموودەی عبداللە بن ابی بکر ئێمە دەلێین لاوازە، ئەگەر ڕاستیش بێت دەلێن مەبەست پێ کافرە واتە با کافر دەست لە قورئان نەدا ، چونکە الطهارة بە چەند مانا دێت:

(أ) الطهارة المعنویة: واتە پاک و خاوێنی نا بەرجەستە، ئەویش پاک و خاوێنی یە لە شیرک، خوای گەورە دەفەرمووێت: (ٳنما المشركون نجس) واتە: موشریکەکان پیسن، لێرە مەبەست پێی بیرو باوەڕە، کەواتە موسلمان خاوێنە لە بیرو باوەڕدا.

(ب) الطهارة الحسیة: پاک و خاوێنی بەرجەستە، ئەویش پاک و خاوێنییە لە پیسایی.

(ج) الطهارة من الحدث الأصغر و الأكبر: پاک و خاوێنی لە بێ دەست نوێژی کە دەست نوێژ و خۆشۆردن دەگرێتەوە.

کەواتە دەلێن ئەگەر فەرموودەکە ڕاستیش بێت مەبەست پێی پاک و خاوێنی نابەرجەستەیە واتە بیرو باوەڕ، دروست نییە کافر دەستی لێ بدات بەلام موسلمان دروستە دەستی لێبدات.

(ج) ئایەتی سورەت الواقعە مەبەست پێی لوح المحفوظه، وە هەروەها المطهرون مەبەست پێی فریشتەیە نەک بنی ادم کە ئەمە وتەی بەناوبانگە، بەلام ابن تیمییە دەلێت: ئەگەر صحفی ئاسمانەکان دەستی لێ نەدەن ئیلا پاکەکان نەبن، ئەوە ئەو صحفەی لەبەر دەستمانە بە هەمان شێوە نابێت دەستی لێ بدات ئیلا پاک نەبێت .

ابن رشد لە دەلێت: (هۆکاری جیاوازییەکە لەوە دایە ئایا "المطهرون"، باسی نەوەی ئادەمە یان باسی فریشتەیە، وە هەروەها وتەی: "لایمسە الا المطهرون"، مەبەستی ئەم هەوالە نەهی یە یان تەنها هەوالە، ئەوانەی دەلێن مەبەستی ئایەتەکە نەوەی ئادەمە و هەوالەکەش مەبەستی نەهی یە دەلێن ئەمە بەلگەیە نابێت بێ دەست نوێژ دەست لە قورئان بدەیت، بەلام ئەوانەی دەلێن مەبەست پێی فریشتەیە و هەوالەکە نەهی نییە دەلێن ئەم ئایەتە نابێتە بەلگە کە حەڕام بێت بێ دەست نوێژ دەست لە قورئان بدەیت) بدایة المجتهد.

ئەوەی ڕاستی بێت مەنع کردنی قورئان شتێکی زۆر گەورەیە و هیچ بەلگەی ڕوون و ئاشکرا نەهاتوون کە حەڕام بێت بێ دەست نوێژ دەست لە قورئان بدەیت، ئەگەر حەڕام بوایا یەک فەرموودەی ڕاست دەهات، بەلام ئەگەر شوێن وتەی زۆربەی زانایان بکەویت باشترە و دڵنیاترە، واللە ٲعلم.

پوختەی وەلامی زانایان:

(١) ھەموو زانایان یەک دەنگن دروستە قورئان بە لەبەر بخوێنیتەوە "واتە حفظ".

(٢) ھەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە دەست لە قورئان نەدەیت یان قورئان نەخوێنیتەوە ئیلا بە دەست نوێژ بیت.

(٣) زۆربەی زانایان دەلێن حەڕامە بێ دەست نوێژ دەست لە قورئان بدەیت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام