پرسیار: ئایا ئەو زانایانەی لەگەڵ ئەوە نین قورئان لەسەر مصحف بخوێندرێ لە نوێژە فەرزەکان زۆرینەن؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هیچی تێدا نییە قورئان لەسەر مصحف بخوێنیتەوە لە نوێژە سونەتەکان، وەک شەو نوێژ، سەبارەت بە نوێژی واجب مەکروهە لەبەر ئەوە زۆربەی جار پێویست ناکات، ئەگەر پێویستی کرد ئەو کاتە هیچی تێدا نییە، کە ئەمە وتەی شافعی و ئەحمدە، بەڵگە:
(١)زکوان مولی عائشە پێش نوێژی کردووە بۆ خەڵک لەسەر مصحف لە ڕەمەزاندا.
(٢)پرسیار کراوە لە زوهری سەبارەت بە قورئان خویندنەوە لەسەر مصحف لە ڕەمەزاندا؟ فەرمووی: باشینەکانی ئێمە لەسەر مصحف قورئان خوێندووە.
(٣)دروستە لەسەر مصحف بخوێنیت چونکە پێویست دەکات بۆ گوێ لە قورئان گرتن و نوێژ کردن پێی.
ئەو کاتە مەکروهە ئەگەر قورئانی لەبەر بێت، چونکە سەرقال دەبێت خشوعی کەم دەبێت، هەروەها دەبێت سەیری جێگای سوجدە بکات.
ئیمام مالک بۆ ئەوە چووە مەکروهە، وە ئیمام ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە نوێژ بەتال دەبێت، بۆیە نوێژی واجب نابێت ئاسانکاری تێیدا بکرێت، کێ زیاتر قورئانی لەبەر بێت ئەو شایستە ترە پێش نوێژی بکات هەروەک فەرموودە ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە.
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئیمام ئەحمەد دەفەرمووێت: هیچی تێدا نییە نوێژ بە خەڵک بکەیت و سەیری قورئان بکەیت، پێی گوترا: ئەی بۆ نوێژی واجب؟ گوتی: نەخێر، هیچم گوێ لێ نەبووە.
قاضي دەڵێت: مەکروهە لە نوێژی واجب، هیچی تێدا نییە لە نوێژی سونەت ئەگەر قورئان لەبەر نەبێت، هەروەها ئەگەر قورئانیشی لەبەر بێت مەکروهە، پرسیار کرا لە ئەحمەد سەبارەت بە پێش نوێژی کردن لەسەر مصحف لە ڕەمەزاندا؟ فەرمووی: ئەگەر ناچار بوو دروستە، نقل کراوە لە ابن حامد نوێژی سونەت و واجب وەک یەک وان.) المغني (١/٣٣٥).
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر قورئان بخوێنیتەوە لەسەر مصحف نوێژ بەتال نابێتەوە جا قورئانی لەبەر بێت یان نە، بەڵکو لەسەری واجبە لەسەر مصحف بخوێنێ ئەگەر فاتیحەی لەبەر نەبوو.
ئەوەی باسمان کرد قورئان خوێندنەوە لەسەر مصحف نوێژ بەتال ناکات مەزهەبی ئێمە و مەزهەبی مالک و ئەبو یوسف و محمد و ئەحمەدە) المجموع (٤/٢٧).
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە قورئان بخوێنیتەوە لەسەر مصحف لە نوێژی واجبدا، هەروەک چۆن دروستە قورئان بخوێنیتەوە لە تەراویح دا ئەگەر قورئانی لەبەر نەبێت) مجموع فتاوى ابن باز (١١/١١٧).
سەبارەت بەوە زۆرینە لەگەڵ ئەوەن مەکروهە، ئەگەر لە نوێژی واجب لەسەر مصحف بخوێنێت بێ ئەوەی پێویست بکات، یان خۆی هەموو قورئانی لەبەرە یان زۆر قورئان لەبەرە بەڵێ زۆرینە لەگەڵ ئەوەن باش نییە لەسەر مصحف بخوێنی لەم حالەتە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات زۆر لە زانایان ڕێگەیان داوە.