پرسیار // ئایا دروستە دوای نوێژی عیشا یەکسەر نوێژی ویتر بکەم ؟ ئایا پاداشتی نوێژی ویتر زیاترە یان سونەتەکانی تر ؟
وەلام // کاتی نوێژی ویتر دوای نوێژی عیشا دەست پێ دەکات هەتا هەلاتنی فەجری صادق واته هەتا بانگی بەیانی ، کە ئەمە ئیجماعی لەسەرە ، ابن المنذر له الاوسط دا ج٥ لاپەڕە ۱۹۰ دەلێت : (( هەموو زانایان یەک دەنگن کە نێوان نوێژی عیشا و بانگی بەیانی کاتی نوێژی ویترە )) ، بەلگە :
فەرموودەی خارجة بن حذافة دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خوای گەورە نوێژێکی بۆ ئێوە زیاد کردووە باشترە بۆ ئێوە لە وشتری سور)) ئێمە وتمان ئەو نوێژە چییە ئەی نێردراوی خوا ؟ وتی (( نوێژی ویترە ، لە نێوان نوێژی عیشا و هەلاتنی فەجری صادق ئەنجام دەدرێت )) رواە ابو داود (۱٤۱٨) ، الترمذی (٤٥۲) ، ابن ماجە (۱۱٦٨) .
کەواتە زانیمان نێوان عیشا تا بانگی بەیانی کاتی نوێژی ویترە ، بەلام جیاوازی هەیە لەوەدا ئایا دوای بانگیش کاتی نوێژی ویترە یان نە دوو وتە ھەیە :
یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن کۆتایی کاتی نوێژی ویتر تا بانگی بەیانییە واتە بانگی دووەمی نوێژ .
دووەم // هەندێک لە زانایان دەلێن کاتی نوێژی ویتر تا کاتی نوێژی بەیانییە ، کەواتە کاتی بانگ و دوای بانگ کاتی ویترە ، کە ئەمە وتەی مالکی ، وتەیێکە لە وتەکانی شافعی ، احمد ، وە دەلێن کاتی زەرورییە دروستە ویتر بکەیت ، بەلگە :
(ٲ) هەندێک لە هاوەلان و تابیعی ویتریان کردووە دوای بانگی بەیانی ، وەک عبادة بن الصامت ،ابی الدرداء ، حذیفة ، ابن عمر ، ابن مسعود ، ابن عباس .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە کاتی ویتر تا بانگی بەیانییە ، بەلگە :
(١) فەرموودەی خارجە ابن حذافة كە باسمان کرد ڕوون و ئاشکرایە .
(٢) فەرموودەی ابن عمر دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر یەکێک لە ئێوە ترسی هەبوو بەرەبەیان بێت با ویتر بکات )) ئەمە بەلگەیە بە هاتنی بەرەبەیان کاتی ویتر تەواو دەبێت .
(٣) دەلێن هاوەلان ویتریان کردووە دوای بانگ لەوانەیە خەویان لێ کەوتبووبێت یان ویتریان لە بیر کردبێ بۆیە لەم کاتەدا کردوویانە ، فەرموودەی ابی سعید دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هەر کەسێک نووست ویتری نەکردبوو یان لە بیری کردبوو با بیکات کاتێک بە بیری هاتەوە )).
هەر کەسێک نوێژی عیشا بهێنێتە لای نوێژی مغرب ، واتە کۆی بکاتەوە " جمع بکات " لە کاتی مغریب دا بکات ، دروستە بۆی نوێژی ویتر بکات ، کە ئەمە وتەی شافعی ، احمد ە ئەمە وتەی ڕاستە واللە ٲعلم .
سەبارەت بە پاداشتی نوێژی ویتر پاداشتی زیاترە لە سونەتەکانی تر ، بەلکو جیاوازی هەیە ئایا ویتر واجبە یان نە ، بەلام وتەی ڕاست ویتر سونەتە کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە ، بەلگە کە ویتر باشترین نوێژە دوای نوێژی واجب .
عن ابی هریرة قال : قال رسول اللە صلی الله علیه وسلم : (( ٲفضل الصلاة بعد الفریضة صلاة اللیل )) رواە مسلم ( ۱۱٦۳) ، واتە : باشترین نوێژ دوای نوێژی واجب شەو نوێژە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هەندێک لە زانایان دەلێن ویتر واجبە لەسەر ئەو کەسەی کە زیکر و شەو نوێژ دەکات لە شەودا ، ئەگەر یەکێک هەلنەستی بۆ شەو نوێژ یان زیکر لەسەری واجب نییە ، کە ئەمە وتەی ابن تیمییە ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " با کۆتا نوێژتان لە شەودا ویتر بێت " .....)) شرح بلوغ المرام ج٤ لاپەڕە ۲۰٤
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ