پرسیار: ئەگەر لە مانگي ڕەمەزاندا كرێكارەكان بێ رۆژوو بن ئايا دەكرێت خواردنيان پێ بدرێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ڕۆژوو ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی ئیسلام جێگیر بووە بە کتاب و سونەت و ئیجماعی ئومەت، نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕۆژوو بشکێنی بێ عوزری شەرعی، عوزری شەرعی وەک نەخۆشی یا سەفەر، دەکرێت موسلمان تووشی مەشەقەت بێت بەڵام دەبێت ئارام بگرێت و داوای یارمەتی لە خوای گەورە بکات، ئەگەر مرۆڤ لە ڕۆژی ڕەمەزان دا تێنوو بوو هیچی تێدا نییە ئاو بەسەر سەردا بکات و لەدەمی ڕابدات، بەڵام ئەگەر زۆر تێنو و برسی بوو ترسی ئەوەی هەبوو بەهیلاک بچێت، لەم حالەتە دروستە ڕۆژوو بشکێنێت دوای ڕەمەزان قەزا دەکاتەوە.
کرێکار دەبێت کاتێك هەلبژێرێت بۆ کارکردن گونجاو بێت بۆ ئەوەی ڕۆژووەکەی نەشکێنێت، ئەگەر نەکرا دەبێت لە ڕۆژی ڕەمەزاندا کار بکات و ئارام بگرێت.
سەبارەت بە خواردن دان بە کرێکار دوو ئەگەری هەیە:
یەکەم: ئەگەر بزانیت کرێکارەکە ئەسلەن بە ڕۆژوو نابێت، یان ڕۆژووی شکاندووە عوزری نەبووە، لەم حالەتە نابێت خواردنی پێ بدەیت.
دووەم: ئەگەر بزانی کرێکارەکە عوزری هەبووە زۆر ناچارە بووە و ترسی بەهیلاک چوونی هەبووە بۆیە ڕۆژووی شکاندووە، لەم حالەتە دروستە خواردنی پێ بدەیت.
سێیەم: ئەگەر بە گومان بیت یان نازانیت عوزری هەیە یان نییە، لەم حالەتە دەبێت حورمەتی مانگی ڕەمەزان پارێزراو بێت و ئاسانکاری نەکرێت، دەڵێین:
(١)ئەگەر بە قەرینە بۆت دەرکەوت عوزری نییە یان لێت پرسی، لەم حالەتە نابێت خواردنی پێ بدەیت.
(٢)ئەگەر بە قەرینە بۆت دەرکەوت یان لێت پرسی جێگای متمانە بوو عوزری هەیە، لەم حالەتە دروستە خواردنی پێ بدەیت.
(٣)ئەگەر هیچ لەمانەت دەست نەکەوت و نازانیت جێگای متمانەیە یان نە، ئەسل وایە مانگی ڕەمەزان حورمەتی هەیە و نابێت ئاسانکاری بکرێت.
دووبارە نابێت ئاسانکاری بکرێت لە شکاندنی ڕۆژووی ڕەمەزان و خواردن دان بە بێ ڕۆژووەکان، چونکە ڕۆژوو ڕوکنێکی گەورەی ئیسلامە ومانگی ڕەمەزانیش مانگێکی پیرۆزە حورمەتی خۆی هەیە.