سەردێری پرسیار:ئایا قەرزار زەکاتی پێ دەشێت؟ وە چ قەرزارێک زەکاتی پێ دەشێت؟

بەرواری دانان :2020-05-04 کۆدی پرسیار:1989

پرسیار:

پرسیار: ئایا قەرزار زەکاتی پێ دەشێت؟ وە چ قەرزارێک زەکاتی پێ دەشێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن قەرزار یەکێکە لەوانەی زەکاتی پێ دەشێت، بەڵگە:

خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ) {التوبة:60}.

واتە: زەکات ھەر بۆ ھەژار و بێ نەوایان و کرێکارانی کۆکەرەوەی زەکات و بەوانەی ئومێد ھەیە لە ئاییندەدا دڵیان بە ئیسلامەوە ھۆگربێ، وە بۆ ئازادکردنی بەندە و ئەسیرەکان وە بۆ قەرزارەکان و ئەوانەی لە پێناو خوای گەورە دەجەنگن و وە بۆ ڕێبوارەکان، ئەمە شتێکە خوای گەورە دیاری کردووە و بڕیاری لەسەر داوە و خوا زانایە و کار بەجێ و لە کارزانە.

زانایان دەڵێن قەرزارێک خاوەنی قەرز بەردەوام داوای لێ بکات و تەنگاوی کردبێت، وە قەرزەکە پێویست بێت زۆر، ئەمەیان لەپێشترە لە قەرزارەکانی تر، ئەو کەسەی قەرزار بووە دەڵێین ئەم دوو حالەتەیە:

حالەتی یەکەم: کەسێک قەرزار بووە بە حەڕام، دەڵێن ھەر کەسێک قەرزار بێت بە حەڕام ئەم دوو ئەگەرەی هەیە:

یەکەم: ئەگەر تەوبەی کردبێت و پەشیمان بوبێتەوە، ئەوە دروستە زەکاتی پێ بدەیت.

دووەم: ئەگەر تەوبەی نەکردبێت و پەشیمان نەبووبێتەوە، ئەوە نابێت زەکاتی پێ بدەیت، چونکە ئەمە یارمەتی دانە لەسەر حەڕام، وە ئەگەر پێی بدەیت جارێکی تر قەرز دەکاتەوە بۆ ڕیبا.

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەر کەسێک قەرزار بێت بە حەڕام ، ئایا زەکاتی پێ بدەین؟

وەڵام: ئەگەر تەوبەی کردبێت پێی دەدەین ، ئەگەر نا زەکاتی پێ نادەین، چونکە ئەمە یارمەتی دانە لەسەر حەڕام، وە لەبەر ئەوە ئەگەر پێی بدەین جارێکی تر قەرز دەکاتەوە) الشرح الممتع (6/235) .

حالەتی دووەم: کەسێک قەرزارە بە شتێکی ڕێگەپێدراو یان حەڵاڵ، لەم حالەتە دوو ئەگەری هەیە:

یەکەم: یان قەرزار بووە بۆ سولح کردن لەنێوان دوو دەستە بۆ ئەوەی فیتنە دروست نەبێت، ئەمەیان زەکاتی پێ دەشێت ئەگەر دەولەمەندیش بێت.

دووەم: یان قەرزار بووە بۆ چاک کردنی مال و حاڵی خۆی، وەک ئەوەی قەرز دەکات بۆ مەسروفاتی مالەوە و پێداویستی یەکان، ئەمەشیان زەکاتی پێ دەشێت.

خەڵکانێک وا تێگەیشتوون هەر کەسێک قەرزار بێت تەواو زەکاتی پێ دەشێت، بۆیە چەندین کەس دەبینیت مووچەیەکی باشی هەیە و خانوویەکی باشی هەیە و ئوتومبێلیشی هەیە، بەڵام هەندێک پارەی قەرز کردووە بۆ معاملە، دەڵێن با زەکاتی پێ بدەین، موسلمان دەبێت ئاگادار بێت ڕاستە زەکات دان گرینگە بەڵام لەوە گرینگتر ئەوەیە زەکاتت داوە بەكێ، چونکە ئەگەر زەکات بدەیت بە کەسێک شایستە نەبێت ئەوە بە زەکات نەچووە و قبول نەبووە، هەروەها دەبێت موسلمان ئاگادار بێت خزمایەتی بە زەکات نەکات، ڕاستە زەکات دان بە خزم و نزیک هەم خێرە و هەم گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی یە، بەڵام نابێت هەژار و کەسانی زۆر پێویست پشت گوێ بخرێن و زەکات بدەیتە کەسێک وەزعی باش بێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام