پرسیار: زەکاتی مانگا چۆن دەدرێت؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە زەکاتی مانگا دەڵێن:
یەکەم: ئەگەر بۆ بازرگانی بێت، لەم حالەتە زەکاتی شت و مەکی بازرگانی لێ دەدات، واتە ٢.٥ % زەکات بە پارە دەدات.
دووەم: ئەگەر مانگا بەکاربهێنێت بۆ گواستنەوەی شت و مەک، لەم حالەتە زەکات لە کرێی مانگا دەدات ئەگەر گەیشتبێتە حەدی نیساب و سالێکی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
سێیەم: ئەگەر مانگا بکڕێت بۆ زیاد بوون و شیر و ماست بێت، وە مانگاکە تەنها گژوگیا و پووش بخوات، خاوەنەکەی ئالیکی بۆ نەکڕێت، لەم حالەتە زەکاتی لێ دەدات.
چوارەم: ئەگەر مانگا بۆ زیاد بوون و شیر و ماست بێت، وە مانگاکە ئالیک بخوات خاوەنەکەی بۆ بکڕێت، لەم حالەتە زەکاتی لێ ناکەوێت.
زانایان سەبارەت بە ئالیک و گژوگیا دەڵێن:
(١)ئەگەر ئاژەڵ پێنج مانگ گژوگیا و پوش بخوات، وە حەوت مانگ ئالیک بخوات، لەم حالەتە زەکاتی لێ ناکەوێت، واتە ئەگەر زیاتر خواردنی ئالیک بێت زەکاتی لێ ناکەوێت.
(٢)ئەگەر ئاژەڵ شەش مانگ گژوگیا و پوش بخوات، وە شەش مانگ ئالیک بخوات، لەم حالەتە زەکاتی لێ ناکەوێت.
(٣)ئەگەر ئاژەڵ هەموو ساڵەکە گژوگیا و پوش بخوات زەکاتی لێ دەکەوێت.
(٤)ئەگەر ئاژەڵ حەوت مانگ گژوگیا و پوش بخوات، وە پێنج مانگ ئالیک بخوات، لەم حالەتە زەکاتی لێ دەکەوێت، واتە ئەگەر زیاتر خواردنی گژوگیا و پوش بێت زەکاتی لێ دەکەوێت.
زەکاتی مانگا بەم شێوەیە دەدرێت:
-ئەگەر کەسێک ١ مانگا بۆ ٢٩ مانگای هەبێت زەکاتی لێ ناکەوێت.
-ئەگەر کەسێک ٣٠ مانگا بۆ ٣٩ مانگای هەبێت، لەم حالەتە زەکاتی لێ دەکەوێت مانگایەک دەدات ساڵێکی تەواو کردبێت.
- ئەگەر کەسێک ٤٠ مانگا بۆ ٥٩ مانگای هەبێت، لەم حالەتە زەکاتی لێ دەکەوێت مانگایەک دەدات دوو ساڵی تەواو کردبێت.
-ئەگەر ٦٠ مانگا یان زیاتر بوو لەم حالەتە بۆ هەر ٣٠ مانگا مانگایەک دەدات ساڵێکی تەواو کردبێت، وە بۆ هەر ٤٠ مانگا یەک مانگا دەدات دوو ساڵی تەواو کردبێت، واتە ئەگەر ٦٠ مانگای هەبێت دوو مانگا دەدات ساڵێکی تەواو کردبێت، ئەگەر ٧٠ مانگای هەبێت، لەم حالەتە مانگایەکی یەک ساڵی و مانگایەکی دوو ساڵی دەدات.