سەردێری پرسیار:دەکرێت بە کورتی باسی زەکاتی زەوی و زار بکەن؟

بەرواری دانان :2020-05-10 کۆدی پرسیار:2004

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە کورتی باسی زەکاتی زەوی و زار بکەن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت زەوی زار دەلێن:

یەکەم: زەوی و زار ماڵێک نییە زەکاتی لێ بکەوێت، بەلکو ئەسل وایە زەکاتی لێ ناکەوێت ئیلا بۆ بازرگانی بێت.

دووەم: زەوی زار ئەگەر بۆ خۆی بەکاربهێنی بۆ نیشتەجی بوون هەموو زانایان یەک دەنگن کە زەکات لێی ناکەوێت.

سێیەم: پارچە زەویەک کەسێک بەکاربهێنێ بۆ کشتوکاڵ زەکاتی پارچە زەویەکە نادات، بەلکو زەکاتی بەروبوومی زەویەکە دەدات کە کشتوکاڵە.

چوارەم: پارچە زەوییەک کەسێک بەکرێ بداتەوە، ئەمەیان زەکاتی پارچە زەویەکە نادات بەلکو تەنها زەکات لە کرێی پارچە زەوییەکە دەدات.

پێنجەم: کەسێک پارچە زەوی کڕیووە بۆ بازرگانی، ئەمەیان وتەی ڕاست و وتەی زۆربەی زانایان ئەوەیە کە زەکاتی پارچە زەوییەکە دەدات.

شەشەم: پارچە زەویەک دیار نییە نییەتی چی هەیە بۆ ئەم زەویە، نازانی بۆ بازرگانییە یان بۆ نیشتەجێ بوون، زانایان دەلێن ئەمەیان زەکاتی پارچە زەوییەکە نادات.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم پارچە زەوییە ئەسل وایە زەکاتی لێناکەوێت مادەم نییەتی بڕاوەی بازرگانی نییە، زەکات لێی ناکەوێت چونکە دوو دڵە). مجموعة ابن عثیمین (١٨/٢٣٢).

حەوتەم: ئەگەر پارچە زەویەک بۆ نیشتەجێ بوون بوو، پاشان نیەتی گۆڕدرا بۆ بازرگانی، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوەیە واجبە زەکاتی لێ بدات.

هەشتەم: ئەگەر پارچە زەوییەک بۆ بازرگانی بوو، پاشان نییەتی گۆڕدرا بۆ نیشتەجێ بوون، ئەمەیان زەکات واجب نییە ئەگەر پێش ساڵێک تێپەڕ بوون نییەتی گۆڕدرا بۆ نیشتەجێ بوون.

نۆیەم: ئەگەر پارچە زەوییەک بکڕێت چاوەڕێ بکەیت بۆ ئەوەی نرخی گران بێت، ئەگەر چەند ساڵێکیش چاوەڕێ بکەیت، دەبێت هەر زەکات بدەیت و زەکاتی هەموو ساڵێک.

دەیەم: ئەگەر کەسێک پارچە زەویەک بکڕێت بۆ ئەوەی ببێتە ماڵێکی پارێزراو واتە بۆ پاراستنی ماڵ، ئەمەیان زەکاتی لێ نادات ئیلا ئەگەر ئەم کارە بکات بۆ ئەوەی زەکات نەدات لەم حالەتە زەکاتی لێ وەردەگیرێت.

یازدەم: ئەگەر کەسێک پارچە زەوییەک بکڕێت بۆ بازرگانی و وەری نەگرێت هەتا ساڵێکی بەسەر دا تێپەڕ دەبێت، ئەمەیان واجبە زەکات بدات، چونکە پارچە زەوی بە عەقد کردن دەبێتە مولکی و مولک نقل دەبێت بۆ کڕیارەکە.

دوازدەم: ئەگەر پارچە زەویەک لە ڕەهن دانرا بوو، ئەمەیان زەکاتی دەدات ئەگەر نییەتی بازرگانی هەبوو.

سێزدەم: ئەگەر چەند کەسێک پارچە زەویەکیان هەبوو، ئەوە هەموو زەکاتی خۆیان دەدەن بەگوێرەی بەشیان ئەگەر گەیشتبووە حەدی نیساب.

چواردەم: ئەگەر پارچە زەویەک وەقف کرابوو، ئەمەیان زەکات واجب نییە.

پازدەم: زانایان دەلێن هیچ جیاوازی نییە لە نێوان پارچە زەوییەک کە نرخی داببەزێت یان بەرز بێت واتە زەرەری لێ بکەی یان قازانج، دەبێت زەکاتی لێ بدەیت ئەگەر بفرۆشرێت.

شازدەم: ئەگەر پارچە زەوییەک نرخی داببەزێت و بەلکو کەس نایکڕێت، ئەمەیان هەندێک زانا دەلێن کاتێک دەیفرۆشێت زەکاتی یەک ساڵی لێ دەدات.

حەڤدەم: ئەگەر پارچە زەوییە بکەیت بە خانوو بۆ بازرگانی، بەلام خانووەکە تەواو نەبووە، ئەمەیان زەکاتی لێ دەدات ساڵانە ئەگەر تەواویش نەبووبێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام