پرسیار: ئەگەر کەسێک ڕۆژی یەکەمی ڕەمەزان مانگ ببینێت بەڵام ئەوقاف نەکاتە ڕەمەزان، ئایا واجبە لەسەر ئەو کەسە بەڕۆژوو بێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەگەر بە ڕێگای شەرعی زانرا موسلمانان تووشی هەلە بوون لە سەرەتایی مانگی ڕەمەزان یان کۆتایی مانگی ڕەمەزان، ئەوە واجبە لەسەریان ئەو ڕۆژووە قەزا بکەنەوە کە شکاندوویانە.
دیار کردنی هەڵە بە ڕێگای شەرعی بەم دوو ڕێگایە دەبێت:
یەکەم: مانگی شەعبان سی ڕۆژ تەواو دەکەن، پاشان کەسێک دێت جێگای متمانەیە شایەتی دەدات مانگی بینیووە لە شەوی سی شەعبان، قازی ئەو کات شایەتی کەسە وەردەگرێت.
دووەم: مانگی ڕەمەزان بیست و هەشت ڕۆژوو دەگرن، پاشان مانگی شەوال دەبینن، لەم حالەتە دیارە هەڵەیان کردووە، چونکە هیچ مانگێک بیست و هەشت ڕۆژ نییە.
موسلمان دەبێت لەگەڵ خەڵک بەڕۆژوو بێت و لەگەڵ خەڵک بکاتە چەژن، نابێت پێچەوانەی خەڵکی ولاتی خۆی بکات بۆ ڕۆژوو بێ بەڵگە، ئەگەر کەسێک مانگی بینیبێت و ئەو ولاتەش نەیکردبێتە ڕەمەزان، ئەو کاتە هەندێک زانا دەڵێن دەبێت بە ڕۆژوو بێت.