پرسیار: زەکاتی سەرفترە کە ئێستا فتوا دراوە ٣ ھەزارە، ئایا دروستە بە پارە بدرێ؟ ئایا هاوەڵان خواردنیان داوە یان پارە؟
وەڵام: زانایان دەلێن ئەسل وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت، چونکە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم خواردنی داوە و ھاوەلانیش خواردنیان داوە، جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارە بە پارە دان بۆ زەکاتی سەرفترە سێ وتە ھەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون پارە دان بۆ زەکاتی سەرفترە بە زەکات ناچێت دەبێت ئیلا خواردن بێت، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و ئەحمەد و ابن عثيمين، بەلگە:
(١) پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم خواردنی داوە و فەرمانی بە ھاوەلان کردووە، ئەگەر پارە دان دروست بوایا پارەی دەدا یان فەرمانی دەکرد پارە بدەن.
دووەم: ھەندێک زانای تر دەلێن دروستە پارە بدرێت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ئەحمەد، بەلگە:
(١) مەبەست لە زەکاتی سەرفترە دان ئەوەیە کە ھەژار بێ بێ نیاز بێت و پێویستییەکانی بێتە دی، ئەگەر پارەش بدرێت ھەر بۆ پێویستی ھەژارە، وە ھەندێک جار زیاتر لە خواردن پێویستیەکانی ھەژار دابین دەکات.
سێیەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر پێویست بکات یان سوودی ھەبێت دروستە پارە بدرێت، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەد و ابن تیمییە، بەلگە:
(١) ئەسل وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت، بەلام ئەگەر سوودی ھەبوو یان پێویست بکات دروستە پارە بدرێت.
وتەی ڕاست وتەی سێیەمە، واللە أعلم.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە دانی پارە جیاوازی ھەیە ئایا بە مطلقی دروستە یان بە مطلقی دروست نییە؟ یان لە ھەندێک حالەت دروستە کاتی پێویستی یان ئەگەر سوودی ھەبوو؟ لەسەر سێ وتە - لە مەزھەبی ئیمام ئەحمەد و کەسانی تر، ئەم وتەیە " واتە وتەی سێیەم" دادپەروەرترین وتەیە). مجموع الفتاوی (٢٥/٧٩).
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دانی پارە بۆ زەکات و کەفارەت و شتی تری وەک ئەمانە، ئەوەی زانراو بێت لە مەزھەبی مالک و شافعی دروست نییە، لە لای ئەبو حەنیفە دروستە، ئیمام ئەحمەد لە ھەندێک شوێن مەنعی کردووە و لە ھەندێک شوێنی تر ڕێگەی داوە، ھەندێک ھاوەڵانی دانیان بە دەقێک ناوە ، وە ھەیانە لەسەر دوو ڕیوایەتن.
ئەوەی دیار و ڕاست بێت پارە دان ئەگەر پێویست نەکات و مصلەحەتی تێدا نەبێت، ڕێگری کراوە،...
ئەگەر زەکات دان بە پارە پێویست بکات و سوودی ھەبێت، ئەوە ھیچی تێدا نییە) مجموع الفتاوی (٢٥/٨٢-٨٣).
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی بزانێت کە دەبێت ئیلا خواردن بدرێت بەلام پارەی بەخشی چونکە بۆی ئاسانترە ئەوە بە زەکاتی سەرفترە ناچێت، بەلام ئەو حالەتەی پرسیارکەر باسی کردووە ئەگەر کەسی دەست نەکەوت خواردن وەربگرێت، واتە کەسی دەست نەکەوت برنج وەربگرێت یان خورما یان گەنم، یانئەوان ھیچ وەرناگرن ئیلا پارە نەبێت، ئەو کات پارە دەدرێت بە ئەندازەی نرخی مەنێک خواردن) فتاوى نور على الدرب.
پوختەی وەلامی زانایان:
(١) ئەسل وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت ئیلا ئەگەر پێویست بکات یان سوودی ھەبێت ئەو کات دروستە پارە بدرێت.
(٢) ئەگەر کەس نەبێت زەکاتی سەرفترەت لێ وەربگرێت بە خواردن ئیلا پارە نەبێت، ئەو کات دروستە پارە بدەیت.