سەردێری پرسیار:ئایا دروستە زەکاتی سەرفترە بدەیت بە دایک و باوک؟

بەرواری دانان :2020-05-21 کۆدی پرسیار:2020

پرسیار:

پرسیار: ئایا دروستە زەکاتی سەرفترە بدەیت بە دایک و باوک؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن زەکاتی سەرفترە و زەکاتی تر دروست نییە بدەیتە دایک و باوک، چونکە واجبە لەسەر مناڵ دایك و باوک بەخێو بکات ئەگەر هەژار بوون، زانایان دەلێن ئەسل وایە نابێت زەکات بدەیت بە دایک و باوک و باپیر و داپیر بەرەو سەرەوە، وە نابێت بدەیت بە منالەکان و منالی منالەکانت بەرەو خوارەوە، چونکە مەسرەف کردنیان واجبە لەسەر تۆ ئەگەر زەکاتی پێ بدەیت ئەوا زەکات شوێنی مەسرەف کردنی گرتەوە.

ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نابێت زەکاتی واجب بدەیت بە دایک و باوک بەرەو سەرەوە، نابێت بدەیت بە منالەکان بەرەو خوارەوە، ابن منذر دەفەرمووێت: ھەموو زانایان یەک دەنگن نابێت زەکات بدەیت بە دایک و باوک لەو حالەتەی کە لەسەری واجبە مەسرەفیان بکات، چونکە ئەگەر زەکاتیان پێ بدات پێویستیان بە مەسرەف نابێت و مەسرەف لەسەری لادەچێت و سوودی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە ھەروەک ئەوە وایە بۆ خۆی سەرف کردبێت). المغنی (٢/٢٦٩).

ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لی بێت دەفەرمووێت: (نابێت زەکاتی مالی خۆت بدەیت بە باوک و دایک و باپیر و داپیر) الأم (٢/٨٧).

زانایان دەلێن دانەوەی قەرزی باوک واجب نییە لەسەر منالی، ئەو کات دەتوانێت زەکاتی پێ بدات ئەگەر قەرزار بوو.

لە الموسوعە الفقھیە باس کراوە دەلێت: (مالکی و شافعی و ابن تیمییە لە حەنابلە دەلێن زەکات دان نابێت ئەگەر دایک و باوک و منال فقیر و مسکین بن، بەلام ئەگەر زەکات بدەیت بە باوکت یان کوڕت لەو کەسانە بن کە زەکات کۆدەکەنەوە یان بەندەن دەیانەوی خۆیان ڕزگار بکەن یان قەرزارن یان جیھاد دەکەن ھیچی تێدا نییە و دروستە زەکاتیان پێ بدەیت). الموسوعة الفقهية (23/177).

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەکات دان بە خزمە نزیکەکان کە زەکاتیان پێ دەشێت باشترە لەوەی بدەیت بە کەسێکی تر کە لێت نزیک نییە و خزم نییە، چونکە خێر کردن لەگەڵ نزیک ھەم خێرە و ھەم گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتییە، ئەگەر ئەو خزمە نزیکانە واجب بێت لەسەرت مەسرەفیان بکەیت و زەکاتیان پێ بدەیت، ئەم زەکات پێ دانە دروست نییە). مجموع الفتاوى (14/311).

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەکات دان بە أصل و فرع ، واتە: دایک و باوک بەرەو سەرەوە و کوڕ و کچ بەرەو خوارەوە، ئەگەر بۆ لاچوونی واجبێک بێت لەسەری دروست نییە، ھەروەک زەکات پێ دان بۆ ئەوەی مەسرەف کردنیان لەسەری لا بچێت ئەگەر بەو زەکاتە پێویستیان بە مەسرەف نەبوو، بەلام ئەگەر بۆ لاچوونی واجب نەبوو دروستە، وەک ئەوەی قەرزی باوکی زیندووی خۆی بداتەوە). مجموع الفتاوى (18/415).

پوختەی وەلامی زانایان:

(١) ھەموو زانایان یەک دەنگن نابێت زەکات بدەیت بە دایک و باوک، چونکە مەسرەف کردنیان واجبە لەسەر تۆ، ئەگەر زەکاتی پێ بدەیت پێویستیان بە مەسرەف کردن نابێت یان ئەو بڕە زەکاتە جێگای مەسرەف کردن دەگرێتەوە ھەروەک ئەوە وایە بۆ خۆت سەرف کردبێت.

(٢) باوک و کوڕ ئەگەر لە فقیر و مسکین نەبن لە جۆری تری ئەو کەسانە بن کە زەکاتیان پێ دەشێت دەلێن دروستە زەکاتی پێ بدەیت، وەک ئەوەی قەرزار بن یان لەسەر کۆکردنەوەی زەکات کار بکەن یان بەندە بن خۆیان ڕزگار بکەن یان جیھاد بکەن.

(٣) دروستە زەکات بدەیت بە دایک و باوکت ئەگەر قەرزار بن، چونکە قەرز دانەوەی دایک و باوک واجب نییە لەسەر کوڕی.

(٤) زەکات دان بە خزمی نزیک کە زەکاتی پێ دەشێت باشترە لەوەی بدەیت بە کەسێکی تر نزیک نییە، چونکە زەکات پێدان ھەم خێرە و ھەم گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتییە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام