پرسیار: نوێژی جەژنی ڕەمەزان چۆن دەکرێت؟
وەڵام: ھەموو زانایان یەک دەنگن کە نوێژی جەژن دوو ڕەکاعەتە ، بەلگە:
عن ابن عباس رضي الله عنه أن النبي صلي الله عليه وسلم صلى يوم العيد ركعتين، لم يصل قبلها ولا بعدها) أخرجه السبعة.
واته : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نوێژی جەژنی کردووە دوو ڕەکاعەت، ھیچ نوێژی لە پێش و پاشی نەکردووە .
سەرەتای ڕەکاعەتی یەکەم پێش قورئان خوێندنەوە حەوت اللە أکبر دەلێیت، لە ڕەکاعەتی دووەم پێنج اللە أکبر دەلێیت، بەلگە:
عن عائشة رضي الله عنها قالت: (التكبير في الفطر والأضحى الأولى سبع تكبيرات وفي الثانية خمس تكبيرات). رواه أبو داود وصححه الألباني في إراواء الغليل ( 639 ).
واتە: اللە أکبر لە نوێژی جەژنی ڕەمەزان و قوربانی حەوت جار دەوترێ، وە لە ڕەکاعەتی دووەم پێنج جار دەوترێ.
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (حەوت اللە أکبر وتن لە ڕەکاعەتی یەکەم جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ئایا اللە أکبری ئیحرامی " واتە: اللە أکبری سەرەتای نوێژ" لەگەڵە یان نا؟
ھەندێک زانا دەلێن اللە أکبری ئیحرامیشی لەگەڵە، لەسەر ئەمە اللە أکبرەکان دەبن بە شەش.
ھەندێک زانا دەلێن اللە أکبری لەگەڵ نییە، لەسەر ئەمە اللە أکبرەکان حەوتن وە بە اللە أکبری ئیحرام دەکاتە ھەشت، پێنج تەکبیر لە ڕەکاعەتی دووەم ئەمە گومانی تێدا نییە کە اللە أکبری ھەستانەوە بۆ ڕەکاعەتی دووەمی تێدا نییە، چونکە اللە أکبری ھەستانەوە ناکرێت لە حالەتی ھەستانەوە بەلکو لە حالەتی بەرز بوونەوە لە سوجدە دەوترێ، ...
ئایا شتێک دەلێیت لەنێوان تکبیرەکان یان نە؟
وەلام: ھیچ فەرموودە نەھاتوون لە پێغەمبەرەوە بەلکو لە ابن مسعود نقل کراوە سوپاسی خوای کردووە و مەدحی کردووە و سەلاواتی لێداوە، ئەگەر بکرێ ئەمەیە چونکە وتەی ھاوەلی پێغەمبەرە، ئەگەر نەکرێت تەنھا اللە أکبر بلێیت بێ ئەوەی زیکر بلێیت ھیچی تێدا نییە . ئەگەر مرۆڤ اللە أکبرەکان تەرک بکات ئایا نوێژی بەتال دەبێت؟
وەلام: نوێژ بەتال نابێت ئیلا بە اللە أکبری ئیحرام، چونکە نوێژ بێ ڕوکن دروست نییە، بەلام تکبیری تر سونەتە ئەگەر وازی لێ بھێنیت ھیچت لەسەر نییە . سوودی ئەم فەرموودەیە ھیچ نالێیت لەنێوان اللە أکبرەکانی نوێژ، لەبەر ئەوە ھەندێک زانا دەلێن تکبیرەکان دەوترێ بێ ئەوەی زیکر بکەیت لە نێوانیان، ھەندێکی تر دەلێن سونەتە زیکر بکەیت لەنێوان تکبیرەکان پشت دەبەستن بەوەی کە لە ابن مسعود نقل کراوە کە سوپاسی خوای کردووە و مەدحی خوای کردووە و سەلاواتی لێداوە). فتح ذي الجلال والإکرام (٥/١٧٩-١٨٢).
ھەروەھا زانایان دەلێن سونەتە دەستەکانت بەرز بکەیتەوە کاتی تکبیرەکان کە ئەمە وتەی حەنابلە و ابو حنیفە و شافعی و چەند زانای ترە، ئیمام مالک دەلێت: دەست بەرز ناکرێن ئیلا کاتی تکبیرەی ئیحرام، چونکە ئەم تکبیرانە وەک تەکبیری سوجدە وان.
باجی دەفەرمووێت: (لە ئیمام مالک نقل کراوە کە بە ئارەزووی خۆتە دەست بەرز دەکەیتەوە یان نە لەگەڵ ھەموو تکبیرەکان). المنتقی (١/٣١٩).
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، چوواندن بە تەکبیری سوجدە جێگای تێڕوانینە، چونکە چوواندن بە تکبیری قیام نزیکترە وەک تکبیرەی ئیحرام مامەلەی لەگەڵ بکەیت بۆ بەرز کردنەوە.
پوختەی وەلامی زانایان:
(١)ھەموو زانایان یەک دەنگن نوێژی جەژن دوو ڕەکاعەتە ، لە ڕەکاعەتی یەکەم بێجگە لە تکبیری ئیحرام شەش تەکبیر دەلێیت یان حەوت، وە لە ڕەکاعەتی دووەم بێجگە لە تەکبیری نقل بوون پێنج تەکبیر دەلێیت.
(٢)تەکبیرەکان سونەتن ھەر کەسێک تەرکی بکات نوێژی دروستە و نوێژی بەتال نییە.
(٣) ھەندێک زانا دەلێن سونەت نییە لە نێوان تەکبیرەکان زیکر بلێیت چونکە ھیچ فەرموودە نەھاتوون، وە ھەندێک دەلێن سونەتە زیکر بلێیت چونکە لە ابن مسعود نقل کراوە.
(٤) سونەتە دەستەکانت بەرز بکەیتەوە لەگەل ھەموو تەکبیرەکان.