پرسیار: ئایا شەشەڵان بگری وەك ساڵێکە بە کاملی بەڕۆژوو بیت؟ چۆن وەک ئەوە وایە هەموو ساڵ بەڕوژوو بیت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هەر کەسێک ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت، پاشان شەش ڕۆژووی شەوال بگرێت وەک ئەوە وایە بەدرێژایی ساڵ بەڕۆژوو بێ، بەڵگە:
عَنْ أَبي أَيوبِ رضي اللە عنە، أَنَّ رسولَ اللَّهِ ﷺ قَالَ: (مَنْ صَامَ رَمَضانَ ثُمَّ أَتَبَعَهُ سِتًّا مِنْ شَوَّالٍ كانَ كصِيَامِ الدَّهْرِ). رواهُ مُسْلِم (١١٦٤).
واتە: لە أبي أيوب دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (ھەر کەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت، پاشان شەش ڕۆژوو لە مانگی شەوال بەڕۆژوو بێت وەک ئەوە وایە ساڵ ھەمووی بەڕۆژوو بێت).
الدهر: لەم فەرموودەیە مەبەست پێی ساڵە، واتە ٣٦٠ ڕۆژ، مانگی ڕەمەزان بە دە مانگ حساب دەکرێ، چونکە هەر چاکەیەک بە دە چاکەیە، کەواتە ٣٠ ڕۆژووی ڕەمەزان جارانی ١٠ = ٣٠٠، سێ سەد واتە دە مانگ، سەبارەت بە شەش ڕۆژووی شەوال جاران ١٠= ٦٠، شەست واتە دوو مانگ، کەواتە ١٠ مانگ+ ٢ مانگ= ١٢ مانگ.
عن ثوبان رضي اللە عنە أنە سمع رسول اللە صلی اللە علیە وسلم یقول: (جعل اللە الحسنة بعشر، فشهر بعشر أشهر، وستة أیام بعد الفطر تمام السنة). أخرجە النسائي في "الکبری" (٣/٢٣٩)، وابن ماجە (١٧١٥)، وأحمد (٣٧/٩٤) وهو حدیث صحیح.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (فەرموودەی تر هاتووە ڕوونی کردۆتەوە، واتە: مانگی ڕەمەزان بە دە مانگە، چونکە یەک چاکە بە دە چاکەیە، وە شەش ڕۆژووی شەوالیش بە دوو مانگە، کەواتە دە مانگ لەگەڵ دوو مانگ دەکاتە دوازدە مانگ). فتح ذي الجلال والإکرام (٧/٣٧١).
لەوانەیە یەکێک بڵێت: چۆن دەبێت خێری مانگی ڕەمەزان و شەش ڕۆژووی شەوال وەک یەک بن، چۆن دەبێت ڕەمەزان بە دە مانگ حساب بکرێت و شەوالیش بە دوو مانگ حساب بکرێت، ئەگەر وابێت پاداشتی ڕەمەزان و ڕۆژووی شەوال وەک یەک وان، چونکە بۆ هەردووکیان یەک چاکە بە دە چاکەیە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن گومانی تێدا نییە پاداشتی واجبەکان زیاتر لە پاداشتی سونەتەکان، گومانی تێدا نییە ڕۆژووی ڕەمەزان پاداشتی زیاترە لە ڕۆژووی شەوال، ئاساییە ڕۆژووی ڕەمەزان و شەوال لە ژمارەی چاکەدا وەک یەک وابن، واتە یەک چاکە بە دە چاکە حساب بکرێن، بەڵام لە گەورەی چاکەکاندا زۆر جیاوازن، واتە چاکەی ڕۆژووی ڕەمەزان گەورەترە لە ڕۆژووی شەوال.
لەوانەیە یەکێک بڵێت: ئەمە بەڵگەیە بەڕۆژوو بوونی الدهر شتێکی باشە، چونکە ئەو ڕۆژووانەی چوواندووە بە ڕۆژووی الدهر؟
وەڵام: سەبارەت بە فەرموودەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (من صام رمضان وأتبعە ستا من شوال فکأنما صام الدهر)، نابێتە بەڵگە بۆ سونەتی بەڕۆژوو بوونی الدهر، چونکە چوواندنەکە بۆ شتێکی مقدرە نەک بەڵگە بێت بۆ دروستی ڕۆژووی الدهر، مەبەست پێی ئەوەیە پاداشتی ڕۆژووی سالێکی بۆی هەیە.