سەردێری پرسیار:پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی قسە بە زانایانی ئەهلی سونە دەڵێن و بە زانای حەیز و نیفاس و دەسەلات وەسف دەکەن بەتایبەتی زانایانی سعودیە؟

بەرواری دانان :2020-05-28 کۆدی پرسیار:2032

پرسیار:

پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی قسە بە زانایانی ئەهلی سونە دەڵێن و بە زانای حەیز و نیفاس و دەسەلات وەسف دەکەن بەتایبەتی زانایانی سعودیە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: باس کردنی زانایان بە خراپە و گاڵتە پێ کردنیان کەمترین شت ئەوەیە بلێین یەکێکە لە تاوانە گەورەکان، حالەت هەیە گالتە پێ کردنیان دەگاتە کوفر پەنا بەخوا.

حالەتی کوفر: هەر کەسێک گالتە بە زانایان بکات و بە خراپە باسیان بکات لەبەر ئەوەی ئیمانی هێناوە و بانگەوازی بۆ حەق و دین دەکات، ئەوە تووشی کوفر بووە، چونکە گاڵتە پێ کردن و بە خراپە بۆ دین دەگەڕێتەوە، گالتە بە دین دەکات نەک بە خودی کەسەکە، هەروەک چۆن ئەگەر کەسێک ئیماندارێک بکوژێت لەبەر ئەوەی ئیمانی هێناوە بەم کوشتنە تووشی کوفر بووە.

ئیمام احمد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: گۆشتی زانایان ژەهراوییە، هەرکەسێک بۆنی بکات نەخۆش دەکەوێت، وە هەر کەسێک بیخوات دەمرێت.

ئەوانەی جنێو بە زانایان دەڵێن و گالتەی پێ دەکەن ترسی ئەوەیان هەیە کۆتاییان باش نەبێت و لەسەر خراپە بمرن، محمد بن عبداللە الزبیدی یەکێکە لەو کەسە بەناوبانگانەی کە (التنبیە)ی شەرح کردووە لە ۲٤ بەڕگدا، وە زۆر قوتابیشی هەبووە، جمال المصری دەلێت: لەسەرە مەرگ لەلای بووم نەیدەتوانی وشەی شایەتوومان بهێنێت، ئەوان وایان دەدیت کە هۆکاری نەتوانینی وتنی وشەی شایەتومانی ئەوە بوو کە زۆر زەمی ئیمام نەوەویی دەکرد ڕەحمەتی خوا لە هەردووکیان بێت.

پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لا تسبوا الدیك فٳنه یوقظ للصلاة) رواە ابو داود.

واتە: جنێو بە کەلەباب مەدەن، چونکە خەلک بەئاگا دێنێت بۆ نوێژی بەیانی.

ئەی چۆن دەبێت جنێو بە زانایان بدەیت کە میراتگری پێغەمبەرانن و بانگەوازی خەلک دەکەن بۆ ڕێگای ڕاست و خەلک بەئاگا دێنن بۆ هەموو نوێژەکان و هەموو دەرگاکانی خێر و چاکە؟! بەداخەوە ئەوانەی ئەمڕۆ جنێو بە زانایانی ئەهلی سونە دەدەن و کافری دەکەن، هەر ئەمانەن موسلمانانیش کافر دەکەن و خوێنیان دەڕێژن.

مەککە و مەدینە دوو شوێنی پیرۆزن وەحی لەم شوێنە دابەزیووە و دین لەم شوێنە هاتووە، دەبێت حورمەتی ئەم دوو شارە پارێزراو بێت و هەیبەتی خۆی لای موسلمانان، موسلمان هەلوێستێکی جوانی هەبێت بەرامبەر بەم دوو شوێنە، نابێت دژایەتی ئەم دوو شوێنە بکەیت لەبەر هەڵەی هەندێک بانگخوار.

بەداخەوە زۆر لەوانەی دژایەتی بانگخوازانی سعودیە دەکەن، یان دژایەتی دەسەلات دارانی دەکەن لەبەر سیاسەت و حزبایەتی یە، بەتایبەتی حزبی إخوان المسلمین، کەم کەس هەیە بەرامبەر منافسی خۆی بە ئینساف قسە بکات، یان کەم کەس هەیە ئەگەر ڕق و کینەی بەرامبەر کەسێک یان دەستەیەک هەبێت بە ئینساف باسی بکات، بۆیە موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و دژایەتی کەس نەکات مەگەر لە پێناو خوا بێت، ڕقی لەکەس نەبێت مەگەر لە پێناو خوای گەورەدا بێت، زانا و بانگخواز و دەسەلاتدار و هەموو مرۆڤەکان هیچ کامیان معصوم نین لە هەڵە، موسلمان دەبێت بە ئینساف بێت بەرامبەر برای خۆی لەبەر حزبایەتی و ڕق و کینەی شخصی و سیاسی برای خۆی کافر نەکات، یان درۆی نەداتە پاڵی و غەیبەتی نەکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام