سەردێری پرسیار:دەکرێت بە کورتی ڕوون کردنەوە بدرێت ئەگەر کەسێک شتێکی دۆزییەوە چی بکات؟

بەرواری دانان :2020-05-30 کۆدی پرسیار:2033

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە کورتی ڕوون کردنەوە بدرێت ئەگەر کەسێک شتێکی دۆزییەوە چی بکات؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: ئەگەر کەسێک مالی بزر کرد و کەسێکی تر دۆزییەوە ئەم سێ حالەتانەن:

حالەتی یەکەم: ئەگەر لەو شتانە بێت کەسی مام ناوەند نەفسی بەدوای ناکەوێت، واتە شتێکی بە نرخ نییە، وەک: کولێرە یان قامچی یان گۆچان و گوریس و شتی تری وەک ئەمانە، ئەمەیان ئەو کەسەی دەدۆزێتەوە هەلی دەگرێت و سوودی لێ وەردەگرێت بێ ئەوەی بەدوای خاوەنی دا بگەڕێت و بانگەوازی بکات، بەڵگە:

عن جابر رضي اللە عنە قال: (رخص رسول الله صلى الله عليه وسلم في العصا والسوط والحبل يلتقطه الرجل) رواه أبو داود.

حالەتی دووەم: ئاژەڵێک بزر دەبێت گەورەیە و ئاژەڵی دڕندەی بچووک ناتوانن هێرش بکەنە سەری، وەک: وشتر و ئەسپ و مانگا، یان باڵندەیەک دەفڕێت، ئەمەیان نابێت هەلی بگریت، بەڵکو وازی لێ دەهێنیت هەتا دەگات بە خاوەنی، بەڵگە:

(١)سئل عن ضالة الإبل فقال: (مالك ولها ؟! معها سقاؤها وحذاؤها ترد الماء، وتأكل الشجر، حتى يجدها ربها). متفق عليه.

(٢)قال عمر: (من أخذ الضالة فهو ضال).

حالەتی سێیەم: ئەگەر پارە و کەل و پەل و ئەو ئاژەڵانە بوو ترسی ئەوەی هەبوو ئاژەلی دڕندەی بچووک هێرش بکەنە سەری، وەک مەڕ و بزن و شتی تر، دەڵێین:

(١)ئەگەر مەڕ و بزن و مریشک بێت، ئەوەی دەدۆزێتەوە سێ شتی لەپێشە:

أ-یان دەیخوات و نرخەکەی دیار دەکات لەو کاتە، هەر کاتێک خاوەنی هات پێی دەدات.

ب-یان دەیفرۆشێت و پارەکە هەلدەگرێت بۆ خاوەنەکەی.

ج-یان بۆ کەسەکە بەخێوە دەکات.

(٢)ئەگەر شتێک بدۆزێتەوە ترسی پووچ بوونی هەبێت، وەک شفتی و میوەی تر، ئەو کاتە ئەوەی دەدۆزێتەوە هەلی دەگرێت و دەیخوات یان دەیفرۆشێت، پاشان ئەگەر خاوەنی هات پارەی دەداتەوە.

(٣)ئەگەر مالی تر بوو بێجگە لەم دووانەی سەرەوە، وەک پارە و پول و قاپ و قاچاغ و شتی تری وەک ئەمانە، ئەوە دەبێت بیپارێزێت وەک ئەمانەت لە دەستی بێت و بانگەوازی بۆ بکات.

زانایان دەڵێن هەر کەسێک پارە بدۆزێتەوە یان زێڕ دەبێت ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر:

یەکەم: دەبێت بزانێت ئەو مالە چەندە و چییە و چۆنە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک بێت لێی بپرسێ.

دووەم: دەبێت ساڵێک بانگەوازی بکات کە من شتێکم دۆزیوەتەوە، لە هەفتەی یەکەم هەموو ڕۆژێک بانگەوازی بکات، دواتر کەم بکاتەوە بە گوێرەی عادەت.

سێیەم: ئەگەر خاوەنی هات دەبێت پێی بداتەوە بەو وەسفانەی کە لە شتەکەدا هەبوو، دەبێت پێی بدەیتەوە بێ ئەوەی داوای شاهد و سوێندی لێ بکەیت.

چوارەم: ئەگەر کەس خاوەنی نەبوو دوای ساڵێک، ئەوە ئەو مالە بۆ ئەو کەسەیە کە دۆزیوەتەوە، بەڵام پێش ئەوەی بخوات دەبێت بزانێت چییە و چەندە و شێوەی چۆنە، بۆ ئەوەی هار جارێک خاوەنی هات پێی بداتەوە.

ئەگەر پارە یان زێڕەکە زۆر کەم بوو عورف پێی شتێکی زۆر کەم بوو، ئەوە پێویست ناکات بانگەوازی بکەیت، بەڵام ئەگەر زۆر بوو دەبێت بانگەوازی بکەیت ساڵێک، ئەگەر کەس نەبووە خاوەنی بۆ خۆتە سوودی لێ وەردەگریت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام