سەردێری پرسیار:ئیمام ئەگەر هەڵەی کرد واجبە بگەرێتەوە بۆ وتەی مأموم کاتێک سبحان اللە دەڵێت؟

بەرواری دانان :2020-06-05 کۆدی پرسیار:2039

پرسیار:

پرسیار: ئیمام ئەگەر هەڵەی کرد واجبە بگەرێتەوە بۆ وتەی مأموم کاتێک سبحان اللە دەڵێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان ئیمام ناگەڕێتەوە بۆ وتەی یەک مأموم ئەگەر گومانی وابوو خۆی ڕاستە و مأمومەکە هەڵەیە، چونکە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم تەنها وتەی ذو الیدین ی قبول نەکرد، بەڵکو ڕووی کردە هاوەڵان و پرسیاری لێیان کرد، ئەو وتەی دەڵێت دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ وتەی مأمومەکان وتەی مالک و ئەحمەدە، فوقەهاکان دەقیان هەیە ئەگەر دوو مأموم سبحان اللە بڵێن دەبێت بگەڕێتەوە بۆ مأمومەکان ئەگەر لەوەی خۆی دڵنیا نەبێت، ئەگەر دڵنیا بێت لە هی خۆی نابێت بگەڕێتەوە بۆ وتەی ئەوانەی پێچەوانەی ئیمام دەکەن ئەگەر چی مأمومەکان زۆریش بن.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر یەک مأموم سبحان اللە بڵێت و ئیمام گومانی وابێت مأموم ڕاستە ئەوە دەبێت وتەی وەربگرێت، چونکە خەبەرەکە دینی یە وەردەگیرێت ئەگەر کەسەکە جێگای متمانە بێت، ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و ئیسحاقە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (واجبە بگەڕێیتەوە بۆ وتەی دوو کەسی عادل ئەگەر گوتیان سبحان اللە، ئایا دەگەڕێیتەوە بۆ وتەی یەک کەس؟

مەزهەبی ئەحمەد ئەوەیە نابێت بگەڕێیتەوە بۆ وتەی یەک کەس ئەگەر چی گومانیشت وابێت کەسەکە ڕاستە، وتەی دووەم: دەگەرێتەوە بۆ وتەی یەک کەس ئەگەر گومانی وابێت کەسەکە ڕاستە، چونکە خەبەری دینی یە، خەبەری دینی یەک کەس بەسە وەک شهادەی کەسێک بۆ داخلی مانگی ڕەمەزان بوون، شەهادەی بانگدەر بۆ داخل بوونی کاتی نوێژ، شتی تری وەک ئەمانە، سەبارەت بەوەی ئەگەر دڵنیا بیت تۆ ڕاستی ئەوە ناگەڕێیتەوە بۆ وتەی یەک کەس و دوو کەسی جێگای متمانە.

بابەتەکە سێ بەشە:

یەکەم: ئەگەر دڵنیابیت کە ڕاستی، نابێت بگەڕێیتەوە بۆ وتەی هیچ کەسێک، چونکە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ وتەیان ئەوە نەهی لە نوێژی خۆت دەکەیت و باوەڕت وایە ناقصە.

دووەم: ئەگەر هیچ شت لە خەیالی نەبووە ئەوە بۆ وتەی یەک کەس دەگەرێتەوە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان.

سێیەم: ئەگەر شتێکی لە خەیال بوو پێجەوانەی مأمومەکان لەم حالەتە ناگەڕێتەوە بۆ مأمومەکان بەڵکو لەسەر هی خۆی دەڕوات). فتح ذي الجلال والإکرام (٤/٣٩).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام