سەردێری پرسیار:ئایا کچ و کوڕێک لە دووماڵی جیا ئەبنە خوشک و برای یەکتر گەر بەیەکەوە شیریان خواردبێت بەمناڵی؟ ژمارەی شیر خواردنەکە نازانن، کام لەمنداڵەکان ئەبنە خوشک و برای یەکتر و کامیان نابنە خوشک و برا؟

بەرواری دانان :2020-06-10 کۆدی پرسیار:2048

پرسیار:

پرسیار: ئایا کچ و کوڕێک لە دووماڵی جیا ئەبنە خوشک و برای یەکتر گەر بەیەکەوە شیریان خواردبێت بەمناڵی؟ ژمارەی شیر خواردنەکە نازانن، کام لەمنداڵەکان ئەبنە خوشک و برای یەکتر و کامیان نابنە خوشک و برا؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن شیر خواردنی ژن ئەو کاتە ژن دەبێتە دایکی شیری و کەسەکە دەبێتە مناڵی شیری ئەگەر:

(۱) شیر خواردنەکە لە دوو ساڵی سەرەتایی ژیانی مناڵەکە بێت پێش ئەوەی دەست بە خوارد بکات.

(۲) مناڵەکە پێنج جار (واتە پێنج ژەم) تێر شیر بخواتەوە لەو ژنە.

زانایان دەڵێن ئەسڵ وایە شیر خۆر نابێتە مەحرەم ھەتا دڵنیا دەبێت پێنج ژەم تێر شیری خواردۆتەوە، ئەگەر بە گومان بێت ئەسڵ وایە مەحرەم نییە و نەبۆتە مەحرەم و دروستە زەواج بکرێت.

گومان دروست بوون بۆ ژمارەی شیر پێدانەکان ئەم سێ حالەتانەن :

حالەتی یەکەم: بەزۆری گومانی بۆ ئەوە دەچێت کە کەمتر لە پێنج ژەم شیری پێداوە، لەم حالەتە ئەو مناڵە نابێتە مناڵی شیری ئەو ئافرەتە و دروستە کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات.

حالەتی دووەم: گومانی بۆ ھیچ لایەک ناڕوات لە نێوان پێنچ ژەم و چوار ژەم یان کەمتر، لەم حالەتە ئەسڵ وایە مناڵی شیری ئەو ئافرەت نییە و نابێتە مەحرەم، دروستە کوڕ کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات.

حالەتی سێیەم: بەزۆری گومانی بۆ ئەوە دەچێت کە پێنج ژەم شیری بەو مناڵە داوە، ھەندێک دەلێن دروستە کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات، وە ھەندێکی تر دەلێن لەم حالەتە باشتر وایە کچی ئەو ئافرەتە مارە نەکات و مامەلەی مەحرەمیش لەگەڵ نەکات بۆ سەیر کردن و خەلوەت، دەلێن ئەمە دڵنیا تر و باشترە.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر گومان دروست بوو لە شیر پێدان، یان ژمارەی شیر پێدانەکان تەواوی کردووە یان نە؟ ئەوە مەحرەمی جێگیر نابێت، چونکە ئەسڵ وایە مەحرەم نییە). المغني (11/321).

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (ئەگەر دڵنیا نەبوویت لە ژمارەی شیر پێدانەکان، ئەوا بۆ دڵنیایی باشتر وایە ئەو کچە مارەنەکەیت بۆ خۆ دوور خستنەوە لە شوبھە، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: "فَمَنْ اتَّقَى الْمُشَبَّهَاتِ اسْتَبْرَأَ لِدِينِهِ وَعِرْضِهِ"، وقال صلى الله عليه وسلم: "دَعْ مَا يَرِيبُكَ إِلَى مَا لَا يَرِيبُكَ"). فتاوى المرأة المسلمة (2/856، 857) .

ابن جبرین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر گومان دروست بوو نازانی پێنج جار شیرت پێداوە یان چوار جار یان کەمتر، ئەوا ئەسڵ وایە حەڕام نییە، چونکە ئەسڵ وایە مەحرەم نییە، ھیچی تێدا نییە لەم حالەتە زەواج بکرێت، ئەم شیر خواردنەی گومانی تێدایە بە مەحرەم حساب ناکرێت).

زانایان دەلێن نزیکەکانی مرۆڤ ئەمانەن:

١-فروع: منالەکان و منالی منالەکان بەرەوە خوارەوە ئەمانە پێی دەلێن فروع.

٢-أصول: باوک و دایک و داپیر و باپیر بەرەو سەرەوە پێی دەلێن أصول.

٣-حواشی: خوشک و برا و مام و خال ئەمانە پێی دەلێن حواشی.

زانایان دەلێن شیر خواردن دوو لایەن ھەیە:

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سێ شتمان ھەیە:

(١) دایکی شیر دەر.

(٢) خاوەنی شیر کە پیاوی ئافرەتەکەیە یان سەیدی ئافرەتەکەیە.

(٣) ئەو منالەی شیری پێدراوە.

ھەر یەکە لەم سێیانە أصول و فروع و حواشی ھەیە، ئافرەتە شیردەرەکە أصولەکانی دایک و باوک بەرەو سەرەوە، وە فروعەکانی کوڕ و کچەکانی و منالەکانی بەرەو خوارەوە، وە حواشییەکانی برا و مام و خالەکانی، وە خاوەنی شیریش ئەم سێیەی ھەیە أصول و فروع و حواشی وە شیر پێدراویش بەھەمان شێوە أصول و فروع و حواشی ھەیە، سەبارەت بە شیر پێدراو کاریگەری لە أصول و حواشی یەکانی ناکات بەلکو تەنھا کاریگەری لە فروعەکانی دەکات، سەبارەت بەو ئافرەتەی شیری پێداوە کاریگەری لە أصول و فروع و حواشییەکانی دەکات، وە خاوەنی شیریش کاریگەری لە أصول و فروع و حواشییەکانی دەکات.

نموونە: زەید شیری خواردووە لە ئافرەتێک ناوی ھیندە، وە پیاوی ئافرەتەکە ناوی خالدە:

(١) ئافرەتە شیردەرەکە: دایکەکانی ھیند کاریگەری ھەیە لە شیر "واتە أصول"، وە کچەکانی ھیند کاریگەری ھەیە لە شیر "واتە فروع" وە خوشکەکانی "واتە حواشی" و خوشکی دایکی و خوشکی باوکی.

(٢) خاوەنی شیر "پیاوی ئافرەتەکە": خاوەنی شیر کە ناوی خالدە کاریگەری ھەیە لە شیر لەسەر دایەکانی چونکی أصولی خالدن، وە کاریگەری لەسەر کچەکانی ھەیە چونکە فروعەکانیەتی، وە کاریگەری لەسەر خوشک و براکانیەتی چونکە حواشییەتی.

(٣) شیر پێدراو: ئەوەی ماوە شیر پێدراوە کە ناوی زەیدە شیر کاریگەری لەسەر نەوەکانی دەکات واتە فروعەکانی، کاریگەری لە أصول و حواشی ناکات، لەبەر ئەوە دروستە بۆ برای شیر پێدراو "واتە برای زەید" ئەو ئافرەتە مارە بکات کە شیری داوە بە زەید، چونکە شیر کاریگەری لەسەر حواشی نییە ، وە دروستە بۆ باوکی زەید ئەو ئافرەتە مارە بکات کە شیری داوە بە زەید چونکە شیر کاریگەری نییە لەسەر أصولی شیر پێدراوەکە، دروست نییە بۆ کوڕی شیر پێدراوەکە "واتە کوڕی زەید" کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات کە لەگەڵ باوکی خۆی واتە لەگەڵ زید پێکەوە شیریان خواردووە کە ئەو ئافرەتە دەکاتە خوشکی زەید لە شیر بۆیە بۆ کوڕی دروست نییە و وە شیر کاریگەری لەسەر فروعی شیر پێدراو ھەیە). الشرح الممتع (13/ 423).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام