پرسیار: بۆچی فەرش یان حەسیر لە مزگەوتی پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم دانەنرا و تەنھا رەمل و خۆل بوو؟ ئەگەر بلێن ئیمکانیاتیش نەبوو بێگومان ھەبوو دەولەمەندی زۆر لەناو هاوەڵان ھەبوون؟
وەڵام: زانایان دەڵێن لەبەر ئەوە فەرش دانەنراوە بۆ ئەوەی موسلمان بزانێت مزگەوت شوێنی عیبادەتە نەک شوێنی خۆشی و ڕازاندنەوەیە، موسلمان لە مزگەوت خۆی زەلیل دەکات بۆ خوای گەورە و سوجدە دەبات، ئەمە باشترە و گونجاوترە لەسەر زەوی بێت، ناڵێین فەرش ڕاخستن بیدعەیە، بەڵام دەڵێن نابێت زیادەڕەوی بکرێت، زانایان دەڵێن حەڕامە مزگەوت بڕازێندرێتەوە بە تایبەتی ئەگەر ڕازاندنەوەکە بە مالی وەقف بێت، بەڵگە:
(١)عَنْ أَنَسٍ أَنَّ النَّبِيَّ صلى الله عليه وسلم قَالَ: ( لاَ تَقُومُ السَّاعَةُ حَتَّى يَتَبَاهَى النَّاسُ فِى الْمَسَاجِدِ )رواه أبو داود (٤٤٩)، والنسائي (٦٨٩)، وابن ماجه (٧٣٩)، وصححه الألباني في صحيح أبي داود.
واتە: لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێ ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (قیامەت هەلناستێت هەتا خەڵکانێک فەخر و شانازی دەکەن بە مزگەوت و خۆیان هەلدەکێشن بە مزگەوت).
(٢)عن أَنَس بنِ مالِك: (يَتَبَاهَوْنَ بِهَا، ثُمَّ لاَ يَعْمُرُونَهَا إِلاَّ قَلِيلاً). رواە البخاري.
واتە: لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (فەخر و شانازی دەکەن بە مزگەوت و خۆیان هەلدەکێشن بە مزگەوت، پاشان ئاوەدانی ناکەنەوە بە زیکر و نوێژ و عیبادەت ئیلا کەمیان نەبن).
(٣)عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (مَا أُمِرْتُ بِتَشْيِيدِ الْمَسَاجِدِ) أَخْرَجَهُ أَبُو دَاوُدَ، وَصَحَّحَهُ ابْنُ حِبَّانَ.
لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (فەرمانم پێ نەکراوە مزگەوتی کەشخە و بەرز و بەرچاویی دروست بکەم).
(٤)ئەم کردەوەیە کردەوەی گاور و جوولەکەکانە و خۆ چوواندنەوە بە ئەهلی کتاب.
لە الموسوعة الفقهية باسکراوە دەڵێت: (حەڕامە مزگەوت بڕازێندرێتەوە بە نەخش بە پارەی وەقف، حەنەفی و حەنابلە و بۆ ئەوە چوون واجبە زەمانەتی ئەو مالە بکات کە لە نەخشی مزگەوت سەرف دەکات، چونکە ھیچ مەسلەحەتێکی تێدا نییە، ظاھری وتەی شافعی ئەوە دەگەیەنێت نابێت مالی وەقف سەرف بکرێت بۆ ڕازاندنەوە، بەڵام ئەگەر نەخشاندن بە مالی کەسەکە خۆی بێت ئەوکات مەکروھە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ئەگەر نوێژ خوێن سەرقال بکات، وەک ئەوەی نەخشەکە لە میحراب بێت یان دیواری قیبلە). الموسوعة الفقهية (١١/٢٧٥).
زانایانی اللجنة الدائمة دەڵێن: (ئەم کردەوەیە ڕازاندنەوەی مزگەوت دروست نییە، لەبەر ئەوە فەرموودەی صحیح ھاتوون نەھی کراوە لە ڕازاندنەوەی مزگەوت، چونکە نوێژ خوێنەکان سەرقال دەکات بە سەیرکردنی شوێنەکە، وە بیر لەم ڕازاندنەوەیە و نەخشانە دەکات). اللجنة الدائمة المجموعة الثانية (٥/١٩١).
عبداللە بن عبدارحمان آل بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (فەرموودەکە بەڵگەیە حەرامە مزگەوت برازێندرێتەوە و نەخش و نیگاری لەسەر بێت، چونکە ئەمە کردەوەی گاور و جوولەکەیە، خۆچوواندن بەوان حەڕامە، هەر کەسێک خۆی بچووێنێت ئەوە لەوانە.
مزگەوت ڕازاندنەوە سونەت نییە، بەڵکو بیدعەیە، وە ئیسراف کردنیشی تێدایە لە مال، ئیسرافیش حەرامە، لەگەل ئەمەش سەرقال کردن و نەهێلانی خشوعیشی تێدایە کە خشوع ڕوحی عیبادەتە). توضیح الأحکام (٢/١٠١).
شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (فەرموودەکە بەڵگەیە مزگەوتی کەشخە و بەرز و بەرچاو دروست کردن بیدعەیە). نیل الأوطار (٢/١٤٦).
کەواتە مزگەوت دەبێت شوێنیكی ئاسایی بێت و نابێت بڕازێنیتەوە و زیادەڕەوی تێیدا بکەیت.