سەردێری پرسیار:ئایا دروستە بێوەژن مارە بکرێت، یان خۆی شوو بکات بێ وەلی ئەمری خۆی؟

بەرواری دانان :2020-06-21 کۆدی پرسیار:2064

پرسیار:

پرسیار: ئایا دروستە بێوەژن مارە بکرێت، یان خۆی شوو بکات بێ وەلی ئەمری خۆی؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ئافرەت چ کچ بێت یان بێوەژن نابێت شوو بکات بێ وەلی، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە:

یەکەم: ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە مەرج نییە بۆ شوو کردنی ئافرەت ڕەزامەندی وەلی لەگەل بێت "واتە دروستە شوو بکات بێ وەلی"، بەلگە:

(۱) خوای گەورە دەفەرمووێت: (حتی تنکح زوجا غیرە) {البقرة:٢٣٠}، واتە: هەتا شوو دەکەن بە پیاوێکی تر، لەم ئایەتە شوو کردن دراوەتە پال ژن، بەلگەیە شوو کردنی بەدەست ئافرەتە.

(۲) قیاس دەکەن لەسەر کڕین و فرۆشتن، دەلێن ئەگەر دروست بێت بۆ ژنی عاقلی بالغ کڕین و فرۆشتن بکات ئەمەشیان بەهەمان شێوە دروستە.

دووەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون وەلی مەرجە بۆ دروستی بەشوودان، کە ئەمە مالک و شافعی و ئەحمەد و چەندین زانای ترە، بەلگە:

(۱) پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (لا نکاح ٳلا بولی). رواە الترمذی، وابن ماجه ، وأحمد، واتە: نیکاح نییە ئیلا بە وەلی نەبێت.

(۲) عن عائشة قالت: قال رسول اللە صلی الله علیه و سلم: (أیما ٱمرأت نکحت بغیر ٳذن ولیها فنكاحها باطل، فٳن دخل بها فلها المهر بما استحل من فرجها، فٳن شتجاروا فالسلطان ولی من لا ولی له). رواە ابو داود، والترمذی، ابن ماجه.

واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (هەر ئافرەتێک شوو بکات بێ ئیزنی وەلی نیکاحەکە پووچە، ئەگەر چووە لای بۆ ژنەکە مارەی هەیە، ئەگەر جیاوازی کەوتە نێوان وەلییەکانی کچ کاربەدەست لەپێشترە بەشووی بدات).

(۳) چەندین ئایەت هاتوون ڕوون و ئاشکران ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پیاو سەرپەرشتی ژن دەکات و بەشووی دەدات.

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە، چونکە بەلگەکان ڕوون و ئاشکران، زانایان لە وەلام دا بۆ وتەی ئەبو حەنیفە دەلێن:

(۱) ڕاستە نکاح دراوەتە پال ئافرەت بەلام مەبەست پێی ئەوە ژنیش یان کچیش لایەنێکی ئازادە لە شوو کردن بە فلانە کەس.

(۲) هەروەها قیاسەکەش پووچە، چونکە پێچەوانەی فەرموودەی ڕوون و ئاشکرایە.

هەروەها زانایان دەلێن سوود و حیکمەت بۆ بەشوودانی ئافرەت لە لایەن پیاوەوە ئەمانەن:

(ٲ) بۆ ئەوەی ژن پارێزراو بێت، چونکە پیاو کامل ترە لە ئافرەت، ئافرەت زوو هەلدەخەلەتێت.

(ب) پیاو بە توانا ترە بۆ لێکۆلینەوە لە حالی داواکار .

(ج) هەروەها بە مەرج دانانی وەلی زیاتر ئاشکرا کردنی زەواجی تێدایە.

(د) هەروەها زەواج تەنها پێکەوە بەستن و گەیاندنی کوڕ و کچ نییە، بەلکو پێکەوە بەستنە لەگەل خێزانیش.

قازی دەتوانێت کچ یان ژن بە شوو بدات:

(۱) ئەگەر ژنەکە یان کچەکە هیچ وەلی نەبوو.

(۲) ئەگەر وەلی کچ یان ژنیان مەنع کرد لە بەشوو دان.

(۳) ئەگەر وەلی بزر ببێت، ئەوکاتیش قازی دەتوانێت بەشوو بدات.

کەواتە بەهیچ شێوەیەک دروست نییە ئافرەت شوو بکات بێ وەلی، نیکاحەکەش پووچە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام