سەردێری پرسیار: ئایا عاشق بوون و تێدا مانەوە کاریگەری لە ئیمان دەکات و لاوازی دەکات؟ کەسێک هەیە پێنج ساڵە عاشقە پێشتر زۆر بەدین و ملتەزیم بوو ئێستا زۆر گۆڕاوە لە ڕووی دینداریەوە؟

بەرواری دانان: 2020-07-01 کۆدی پرسیار: 2074

پرسیار:

پرسیار: ئایا عاشق بوون و تێدا مانەوە کاریگەری لە ئیمان دەکات و لاوازی دەکات؟ کەسێک هەیە پێنج ساڵە عاشقە پێشتر زۆر بەدین و ملتەزیم بوو ئێستا زۆر گۆڕاوە لە ڕووی دینداریەوە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن عیشق خۆشەویستییەکی ڕادەبەدەرە لەنێوان ئافرەت و پیاو، ئەم خۆشەویشتی یە دوو حالەتە:

یەکەم: خۆشەویستیێک مرۆڤ ھۆکاری تووش بوونی نەبێت ھیچی لەسەر نییە تاوانبار نابێت، وەک ئەوەی کچێک ببینێت لە ناکاو خۆشەویستی ئەو کچە بکەوێتە ناو دڵی بێ ئەوەی نەزەر دووبارە بکاتەوە و تەوقەی لەگەڵ بکات و بە تەنیا لەگەڵی بمێنێتەوەو قسەی خۆشەویستی لەگەڵی بکات.

حالەتی دووەم: خۆشەویستی یەک مرۆڤ ھۆکاری تووش بوونی بێت ئەمەیان حەڕامە و تاوانبار دەبێت، وەک دووبارە کردنەوەی نەزەر یان تێکەڵ بوون یان نامە بۆ یەکتر ناردن یان قسە لەگەڵ یەکتر کردن.

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خۆشەویستی دروست بوو بە ھۆکارێک کە قەدەغەکراو نەبوو، ئەوا لۆمەی لێ ناکرێت، وەک کەسێک خێزانی خۆی خۆش دەوێت و یان جارییەی خۆی خۆش دەوێت و لێی جیابووەوە بەلام خۆشەویستی ھەر ماوەو جیا نەبۆتەوە، ھەروەھا ئەگەر تووشی نەزەرێکی لە ناکاو بوو و پاشان ڕووی وەرگێڕا و خۆشەویستی لە دڵی جێگیر بوو بێ ویستی خۆی، ئەوا دەبێت ھەولی لادانی بکات). روضة المحبين لاپەڕە (١٤٧)ٚ.

گومای تێدا نییە عیشق حەڕامە و کاریگەری لەسەر ئیمان هەیە، عیشق چەندین زیانی هەیە بۆ مرۆڤ لە چەند ڕووەکەوە:

یەکەم: سەرقاڵ بوون بە خۆش ویستنی دروستکراوەکان و پشت گوێ خستنی خوای گەورە، لە یەک دڵ دا خۆشەویستی خواو دروستکراوەکانی لە یەک ئاستدا نابێت، بەلکو پێویستە یەکێکیان ئەوەی تریان کزو لاوازو سست بکات.

دووەم: بەو هۆیەوە تووشی سزاو ئازار دەبێت، جا هەر کەسێک جگە لە خوا کەسێک بە ئەندازەی خودا خۆش ویست، ئەوا خوای گەورە هەر بەو شتە ئازار و چەرمەسەری و سزای تووش دەکات، بە بیر لێ کردنەوە، بە دەست نەخستنی و بە لە دەست دانی، بە تیا چوونی، ..... هتد، بێگومان ئازاری دلی عاشق لە هەموو ئازارەکان کوشندەترە.

سێیەم: دڵ و دەروونی دەبێتە کۆیلەی کەسانی تر، بەهۆی سەرخۆشی بوون و مەست بوونی بەو عیشقەوە ئاگادار نییە کە تووشی چی هاتووە، دڵی بە دەست کەسانی ترەوەیە وەک مناڵ یاری پێ دەکرێت و دیل و کۆیلەی دەستی کەسانی ترە.

چوارەم: بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانییەوە کار دەکات، واتە هەنگاو بە پێچەوانەی بەرژەوەندی یەوە دەنێت.

بەرژەوەندی ئایینی: هەمیشە دڵ و دەرونی سەرقاڵی غەیری خوایە خواش لەبیری دەکات.

بەرژەوەندییە دونیاییەکان: کێ هەیە لەم ڕاستییە بێ ئاگا بێت، کە عاشقەکان ماڵ و ژیانیان دەکەنە قوربانی لەو پێناوەدا.

پێنجەم: بەلاو ئاشوبی دونیا و قیامەت ڕووی تێ دەکات، هەر کاتێک دڵ شەیدای غەیری خوا بوو ئەوا شەیتان دەبێتە دۆست و یاوەری، لەم ساتانەشدا دەبێ حاڵی مێگەلە مەڕ چۆن بێت کە گەلەگورگ شوانیان بێت؟!

شەشەم: دڵ و دەروون و بیرو هۆش دەشێوێنێت، کاتێ دڵ و دەروون گیرۆدەی ئەم دەردە بوو چی تر تەشەنە دەکات بیروهۆشیش دەگرێتەوە و هەمیشە دڵە راوکێ و خەمۆکی و مەستی دەبێتە میوانی هەمیشە ئەو کەسە شێتی هەنگاو دەنێت، ..... نموونەش لەم بابەتە لە گەڵاندا زۆرە.

حەوتەم: پێوەرو هەستەکان دەشێوێنێت، هەر کاتێ دڵ و دەروون بەم دەردەوە تلایەوە، چیتر پێوەر و هەلسەنگاندن و لێکدانەوەکانی ئەو کەسە دەشێوێنێت، هەر یەکە لە دەزگاکانی بینین و بیستن ولێکدانەوە کاری تەواوی خۆیان لەدەست دەدەن بەوەی شتی ناشرین بەجوان دەبینن، .....

عیشق بنەماکانی سادەو ساکارن لەسەرەتادا، وە دواتر لەناوەندیدا تووشی سەرقاڵی مەستی دەبێت، پاشان سەر ئەنجامی شێتی و تیاچوون دەبێت کە بەم پێییە ستەم لە خودی خۆیی و بەرامبەر و چوار دەوریش دەکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام