سەردێری پرسیار:گەر کەسێک نەزربکات هەموو ئەو پارەی هەیەتی بیکات بەخێر گەر ناخۆشییەکی لەسەر بروات، ئایا ئەگەر کارەکەی تێپەڕی ئەبێ وەفای پێ بکات؟

بەرواری دانان :2020-07-04 کۆدی پرسیار:2078

پرسیار:

پرسیار: گەر کەسێک نەزربکات هەموو ئەو پارەی هەیەتی بیکات بەخێر گەر ناخۆشییەکی لەسەر بروات، ئایا ئەگەر کارەکەی تێپەڕی ئەبێ وەفای پێ بکات؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: سەرەتا زۆربەی زانایان دەڵێن باش نییە شت لەسەر خۆت واجب بكەیت، واتە نەزر کردن باش نییە، چونکە ئەگەر نەزرت كرد واجبە لەسەرت وەفای پێ بكەی.

زانایان دەڵێن ھەر کەسێک مەرج دابنێت بۆ نەزر و گومانی وابێت خوای گەورە پێویستییەکانی ناھێنێتە دی ئیلا بەنەزر نەبێت، ئەوە تووشی حەڕام بووە، ھەر کەسێک گومانی وابێت خوای گەورە پێویستی بە نەزرە یان ھەر عیبادەتێکی تر، تووشی کوفر بووە پەنا بەخوا.

ابن عثیمین ‌ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر مرۆڤ نەزر بکات و گومان ببات کە خوای گەورە پێویستی بەم نەزرە هەیە ئەمە کوفرە، هەر مرۆڤێک باوەڕی وابێت خوای گەورە پێویستی بە کردەوەی ئێمە هەیە، ئەوە کافرە و قورئانی بە درۆ خستۆتەوە، چونکە: خوای گەورە دەفەرموێت: "ومن كفر فٳن الله غنی عن العالمین" [آل عمران: ۹۷].

خوای گەورە دەفەرمووێت: "ٳن تكفروا فٳن الله غنی عنكم" [الزمر: ۷].

چۆن دەتوانی بلێی بە زمان خوای گەورە پێویستی بە عیبادەتە؟! هەتا لەنەفسی، دەکرێت بیروباوەڕ تووندتر بێت لە وتە، مرۆڤ هەندێک جار بەزمانی هەندێک شت دەلێت بێ مەبەست ، خوای گەورە دەفەرمووێت : "ولكن یؤاخذكم بما عقدتم الٱیمان" [المائدة: ۸۹] بیرو باوەڕی دل ئەسڵە). فتح ذي الجلال والإكرام (١٤/٤٥٢).

صالح ال الشیخ خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (نەزر دوو بەشە: نەزری مطلق و نەزری مقید.

جۆری یەکەم: نەزری مطلق: ئەویش ئەوەیە مرۆڤ نەفسی خۆی پابەند دەکات بە عیبادەت کردن بۆ خوا، بەم شێوەیە بێ ئەوەی مەرج دابنێ، وەک ئەوەی بڵێت: نەزر بێ لەسەرم بۆ خوا دوو ڕەکاعەت نوێژ بکەم ، ھیچی تێدا نییە بەرامبەر شتێک ڕووبدات لە داھاتووە، نەفسی پابەند دەکرێ بە عیبادەت وەک: نوێژ یان ڕۆژوو یان عیبادەتی تری وەک ئەمانە، ئەمەیان نەزری مطلقە کە بریتی یە لە پابەند کردنی نەفس بۆ گوێڕایەلی خوا یان عیبادەت، ئەمەیان ئەو نەزرە نییە کە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت پێی خۆش نەبووە ، بەڵکو ئەوەی پێی خۆش نەبووە جۆری دووەمە.

جۆری دووەم: نەزری مقید: ئەوە کە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (تەنھا مرۆڤ لە ڕەزیلی دەردەھێنێت)، ڕاستی یەکەی ئەوەیە بەندە نەفسی خۆی پابەند دەکات بە گوێڕایەلی خوا بەرامبەر شتێک کە خوای گەورە بۆی بێنێتە دی، وەک ئەوە بڵێت: ئەگەر نەخۆشی من چاک بووەوە و خوای گەورە شیفای بۆ نارد، نەزر بێت لەسەرم ئەوەندە ماڵە ببەخشم، یان ئەگەر من دەرچووم لە تاقیکردنەوە شەوێک نوێژ دەکەم ، یان ئەگەر من دامەزرام لەم کارە یەک ھەفتە بەڕۆژوو دەبم، وە عیبادەتی تری وەک ئەمانە، ئەمەیان ئەوەی نەزر دەکات ھەروەک ئەوە وایە مەرج دابنێت لەسەر خوا ، دەڵێت : ئەی خوایە پێم بدە فلانە شت و فلانە شت، منیش بەڕۆژوو دەبم، وە ئەگەر دەرم بچووێنی لە تاقیکردنەوە نوێژ دەکەم یان خێر دەکەم، یان ئەگەر شیفات بۆ نەخۆشی من نارد من فلانە شت دەکەم ، واتە کردەوە بەرامبەر کردەوە، ئەمەیە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت وەسفی کردووە بەوەی کە: "تەنھا لە ڕەزیلی دەرت دەھێنێ"، چونکە ڕەزیل کردەوە ناکات ھەتا شتێکی پێ نەدرێت.

ئەمەیان ھەڵەیە کە زۆر خەلکی نەزان بەکاردەھێنن بۆ نەزرەکان، چونکە وا گومان دەبەن کە پێویستییەکانیان ناھێتە دی ئیلا بەنەزر کردن نەبێت، ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت وە بێجگە لە ابن تیمییە دەڵێن: ھەر کەسێک گومان ببات پێویستییەکانی ناھێتەدی ئیلا بە نەزر کردن نەبێت، ئەوە ئەم بیروباوەڕە حەڕامە، چونکە وا گومان دەبات خوای گەورە پێی نادات ئیلا بەرامبەر شتێک نەبێت ، ئەمەیان گومانی خراپ بردنە بە خوای گەورە، وە بیروباوەڕێکی خراپە بەرامبەر بە خوا، بەڵکو خوای گەورە فەزل و چاکەی ھەی بەسەر دروست کراوەکانی خۆی.

ئەگەر ئەمەت بۆ ڕوون بووبێتەوە بزانە نەزری مطلق داخلی کەڕاھەت نابێت، بەڵام ئەگەر بڵێین نەزر عیبادەتە، ئایا نەزری مقید داخل دەبێت؟

وەڵام: نەزری مقید دوو ڕووی ھەیە:

ڕووی یەکەم: وەفا کردن بە نەزر کە نەفسی خۆی پابەند کردووە، بەمەیان عیبادەتی خوای گەورە لەم ڕووەوەیە ئەوەی دیار بێت.

ڕووی دووەم: ڕووی کەراھەت پەیوەستە بەم نەزرەی مقید، ئەمەیان ھاتووە بۆ سیفەتی بیروباوەڕەکە نەک بۆ سیفەتی ئەصلی عیبادەت، چونکە لە نەزری مقید ئەگەر بڵێیت: ئەگەر فلانە شت ببێت نەزرێکم لەسەر بێت ، کەراھەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مەرج دانانە نەک بۆ ئەصلی نەزر، ....

کەواتە کێشە نییە نەزر عیبادەتێکە لە عیبادەتە گەورەکان). التمھید لاپەڕە (١٥٧-١٦٠).

هەر چوار مەزهەبەکان یەک دەنگن باشتر وایە موسلمان ئەو مالە ببەخشێت کە لێی زیادە، هەر کەسێک هەموو مال ببەخشێت و مەسرەفی مال ومناڵی نەکات تاوانبار دەبێت، چونکە مەسرەفی مال و مناڵ واجبە بەلام مال بەخشین سونەتە.

هەر کەسێک نەزر بکات هەموو مالی خۆی ببەخشێت دەبێت وەفای پێ بکات، بەڵام جیاوازی هەیە ئایا دەبێت هەموو مال ببەخشێت یان سێیەک، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دروستە سێیەکی ئەو ماڵە ببەخشێت نەزرەکە لەسەری لادەچێت، کە ئەمە وتەی ئەحمەد، ابن تیمییە و ابن قیمە، بەڵگە:

(١)قال أبي لبابة: إن من توبتي أن أنخلع من مالي صدقة إلى الله وإلى رسوله.

فقال صلی اللە علیە وسلم: (يجزئك الثلث). صححه الألباني في "تخريج أحاديث مشكاة المصابيح" (3439).

(٢)عن كعب بن مالك قال: قلت: يا رسول الله، إن من توبتي أن أنخلع من مالي صدقة إلى الله وإلى رسوله.

فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: (أمسك عليك بعض مالك) متفق عليه. ولأبي داود: (يجزئ عنك الثلث) قال الألباني في صحيح أبي داود (3319): إسناده صحيح.

ڕووی کردنە بەڵگە: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم سێیەکی مالی بۆ بەخشین دیارکرد، ئەمە بەڵگەیە سێیەک دەدرێت نەک هەموو.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دەبێت هەموو مالی ببەخشێت، کە ئەمە وتەی شافعی یە، بەڵگە:

(١)پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت: (من نذر أن يطيع الله فليطعه).

ڕووی کردنە بەڵگە: مال بەخشین نەزری گوێڕایەلی یە، کەواتە واجبە وەفای پێ بکەیت وەک نەزری نوێژ و ڕۆژوو.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (فەرموودە هاتووە ئەوەی نەزر دەکات هەموو مالی ببەخشێت سێیەک بەسە، لەبەر ئەوە هەموو مال بەخشین زیانی پێ دەگەیەنێت).الفتاوى الكبرى (6/188). باشتر وایە سێیەکی مال ببەخشێت نەک هەموو مال، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام