پرسیار: ئایا ڕاستە هەر زیندەوەرێک لەناو ئاودا بژیت حەڵاڵە؟
وەڵام: جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە زیندەوەری ناو ئاو ئایا هەموویان حەڵاڵن:
یەکەم: حەنەفی بۆ ئەوە چوون ماسی و حووت "هەنگ" بەھەموو جۆرەکانییەوە حەڵاڵن، بێجگە لەم دوانە ئەوانی تر حەڕامن، وەک: سەگی ئاوی ، مار ، ...ھتد، بەڵگە:
(١) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (أُحِلَّت لكم ميتتانِ ودمانِ، فأما الميتتان: فالحوت والجراد، وأما الدمان: فالكبد والطِّحال).
دووەم: ئیمام ئەحمەد بۆ ئەوە چووە کە ھەموو ئاژەڵانی ناو دەریا حەڵاڵن بێجگە لە بۆق و مار و تیمساح، بەڵگە:
(١) بۆق و مار لە پیسەکانن، تیمساح خاوەن کەڵبەیە و دڕندەیە، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو خاوەن کەڵبەێکی دڕندە خواردنی حەڕامە).
سێیەم: ئیمام مالك و شافعی بۆ ئەوە چوون کە ھەموو ئەوانەی ناو دەریا حەڵاڵن، بەڵگە:
(الحل ميتته)؛ لأن ميتة مفرد مضاف؛ فيعم، والمفرد المضاف من صيغ العموم.
چوارەم: ھەندێک له زانايان دەلێن سەیری دەکەی وەک ئاژەڵی وشکانی، ئەگەر حەڵاڵ بوو ئەوە حەڵاڵە، ئەگەر حەڕام بوو ئەوە حەڕامە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی حەنەفی و شافعی.
قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کە ھەموو ئاژەڵانی ناو دەریا مردوو و زیندوویان حەڵاڵن، ئەوە مەزھەبی ئیمام مالکە.) الجامع لأحکام القران (٢/١٩٣).
کەواتە هەموو زیندەوەری ناو دەریا حەڵاڵن جگە لەمانە نەبێت لەسەر وتەی هەندێک زانا:
١-تیمساح حەڵاڵ نییە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، چونکە خاوەن کەڵبە و لە وشکانیش دەژیت، مالکی و زانایان اللجنە الدائمە و ابن بازە و ابن عثیمین بۆ ئەوە چوون تیمساح حەڵاڵە، لەبەر عمومی وتەی خوای گەورە: (أُحِلَّ لَكُمْ صَيْدُ الْبَحْرِ وَطَعَامُهُ).
٢-بۆق حەڵاڵ نییە بیخۆیت لەبەر ئەوە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نەهی کردووە لە کوشتنی.
٣-هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ماری دەریایی حەڵاڵ نییە، بەڵام هەندێکی تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر تەنها لەناو ئاودا بژیت حەڵاڵە.
٤-هەر شتێک زیانی هەبێت ئەگەر چی دەریاییش بێت حەڕامە، لەبەر وتەی خوای گەورە: (ولا تقتلوا أنفسكم إن الله كان بكم رحيماً)، (ولا تلقوا بأيديكم إلى التهلكة).
٥-سەگی ئاوی هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون باش نییە و هەندێکی تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە.
ئەگەر بڵێی هەموو زیندەوەری ناو دەریا حەڵاڵن جگە لە بۆق ئەوە وتەیەکی بەهێزە، واللە أعلم.