سەردێری پرسیار:حوکمی سوجدەی شوکر بردن لەناو نوێژ؟

بەرواری دانان :2020-07-18 کۆدی پرسیار:2090

پرسیار:

پرسیار: حوکمی سوجدەی شوکر بردن لەناو نوێژ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان نوێژ خوێن ئەگەر هەواڵی خۆشی پێگەیشت لەناو نوێژ ئایا سوجدە دەبات، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نابێت سوجدەی شوکر ببات، ئەگەر سوجدە ببات بە ئەنقەست نوێژی بەتاڵ دەبێتەوە، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلەیە، بەڵکە:

١-چونکە سوجدەی شوکر نوێژ نییە و پەیوەندی بە نوێژەوە نییە.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سونەتە سوجدەی شوکر ببەیت لەناو نوێژ، کە ئەمە وتەی هەندێک حەنابلەیە، بەڵگە:

١-قیاس دەکەن لەسەر سوجدەی قورئان خوێندنەوە.

وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، وەڵام بۆ وتەی دووەم قیاسەکە لێک جیاوازن، چونکە سوجدەی قورئان خوێندنەوە هۆکارەکەی کردەوەیەکی نوێژە، ئەویش قورئان خوێندنەوەیە، بەڵام سوجدەی شوکر هۆکارەکەی لە دەرەوەی نوێژە.

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک سوجدەی شوکر ببات زانا بێت بە حوکمەکەی و لەبیری بێت، ئەوە نوێژی بەتاڵ دەبێت.

ئەوەی دانەری کتاب باسیکردووە ڕاستە، واتە: نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە بە سوجدەی شوکر، چونکە هیچ پەیوەندی بە نوێژەوە نییە، پێچەوانەی سوجدەی قورئان خوێندنەوە، چونکە سوجدەی قورئان خوێندنەوە پەیوەندی بە نوێژەوە هەیە، ئەویش قورئان خوێندنەوەیە). الشرح الممتع على زاد المستقنع (٤/١٠٧-١٠٨).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام