پرسیار: ئایا خوێن دەست نوێژ دەشکێنێت؟
وەڵام: وتەی ڕاست دەرچوونی خوێن بێجگە لە پێش و دواوە دەست نوێژ ناشکێنێت.
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە دەرچوونی شتی پیس بێجگە لە پێش و پاشەوە، بێجگە لە میز و پیسایی، وەک ڕشانەوە و خوێن و کێم و شتی تری وەک ئەمانە ئایا بە دەرچوونیان دەست نوێژ دەشکێت یان نە؟
یەکەم: ئیمام مالک و شافعی بۆ ئەوە چوون دەرچوونی ئەم شتانە و ھاوشێوەی ئەمانە دەست نوێژ ناشکێنن ئەگەر چی زۆریش بێت.
بەغەوی دەفەرمووێت: ئەمە وتەی زۆربەی ھاوەڵان و تابعیەکانە.
ئيمام النووی دەفەرمووێت: ھەرگیز جێگیر نەبووە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەست نوێژی واجب کردبێت بۆ ئەمانە.
شیخ تقی الدین دەفەرمووێت: خوێن و ڕشانەوە و بێجگە لەم دووانە پیساییەکانی تر کە دەردەچن دەست نوێژ ناشکێنن ئەگەر چی زۆریش بێت.
عبدالرحمان السعدی دەفەرمووێت: وتەی ڕاست خوێن و ڕشانەوە و شتی تری وەک ئەم دووانە دەست نوێژ ناشکێنن، کەم و زۆریان، چونکە ھیچ بەڵگەی شەرعی نەھاتووە بۆ دەست نوێژ شکانیان، وە ئەصل وایە دەست نوێژ ماوە.
ئەمانە بەڵگەیان ئەمەیە:
(١) البراءة الأصلية: ئەصل وایە دەست نوێژی ھەیە و دەست نوێژی ماوە ھەتا بەڵگە جێگیر دەبێت دژی، ئەوانەی دەڵێن دەست نوێژ دەشکێت ھیچ بەڵگەیان نییە.
(٢) نەبوونی صلاحیەتی قیاس لێرە، چونکە عیلەتی حوکمیان یەک نییە.
(٣) نقل کردنی چەندین آثار لەوانە:
(أ) نوێژی عمر بن خطاب و برینەکەی خوێنی لێ دەردەچوو.
(ب) ابن عمر خوێنی لە دوو چاوەکانی دەھات و نوێژی دەکرد و دەست نوێژی ھەلنەدەگرت.
(ج) حەسەنی بەصری دەفەرمووێت: بەردەوام موسلمانان نوێژیان دەکرد بە برینەکانەوە.
دووەم: ئیمام ئەبو حەنیفە و ئەحمەد بۆ ئەوە چوون دەرچوونی ئەم شتانە دەست نوێژ دەشکێنێت ئەگەر زۆر بێت، دەست نوێژ ناشکێنێت ئەگەر کەم بێت، بەڵگە بۆ وتەیان:
(١) رواە أحمد (٢٦٩٨٩) ، والترمذي (٨٧) من حديث أبي الدرداء ، أنه صلى الله عليه وسلم قاء فتوضأ، قال الألباني ورجاله ثقات.
واتە: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ڕشاوە و دەست نوێژی ھەڵگرت.
مەزھەبی یەکەم وەڵامیان دەدەنەوە: کردەوە نابێتە بەڵگە لەسەر واجبی، مەبەستەکەی بەڵگەیە لەسەر شوێن کەوتنی وەک سونەت نەک واجب.
ابن تیمییە دەفەرمووێت: سونەتە دەست نوێژ بگریتەوە بۆ کەلەشاخ و ڕشانەوە و شتی تری وەک ئەم دووانە، واللە أعلم). توضیح الأحکام (١/٢٤١-٢٤٢).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو شتانەی بێجگە لە پێش و پاشەوە دەردەچن دەست نوێژ ناشکێنن کەم بێت یان زۆر بێت ئیلا میز و پیسایی، چونکە ئەصل وایە دەست نوێژ ناشکێت، ھەر کەسێک پێچەوانەی ئەصل بکات لەسەریەتی بەڵگە بھێنێتەوە، پاک و خاوێنی جێگیر بووە بە بەڵگەی شەرعی، ئەوەی جێگیر بووە بە بەڵگەی شەرعی ناکرێت لابچێت ئیلا بە بەڵگەی شەرعی نەبێت، ئێمە دەری ناچووێنین لەوەی بەڵگەی کتاب و سونەتی پێغەمبەری خوای لەسەر بێت، چونکە ئێمە عیبادەت دەکەین بە شەرعی خوا نەک بە ھەواو ئارەزوو خۆمان، ناکرێت ئێمە بەندەکانی
خوا پابەند بکەین بە دەست نوێژ گرتن کە لەسەری واجب نییە، وە ناکرێت دەست نوێژی لەسەر لابدەین.
ئەگەر یەکێک بڵێت: فەرموودە ھاتووە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ڕشاوەتەوە و دەست نوێژی گرتووە.
ئێمە دەڵێین: ئەم فەرموودەیە زۆربەی زانایان لاوازیان کردووە، پاشان دەڵێین: ئەمەیان تەنھا کردەوەیە ، تەنھا کردەوەیە نابێتە بەڵگە لەسەر واجبی، چونکە بەتالە لە فەرمان " واتە فەرمانی تێدا نییە "، پاشان پێچەوانەی فەرموودەی تر ئەگەر چی لاوازیشە، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت کەلەشاخی کردووە و نوێژی کردووە و دەست نوێژی ھەلنەگرتووە، ئەمە بەڵگەیە دەست نوێژ گرتن لە ڕشانەوە بۆ واجبی نییە.
ئەم وتەیە وتەی ڕاستە، ئەوەی دەردەچێت لە ئەندامەکانی تری لاشە دەست نوێژ ناشکێنێت ئەگەر چی زۆریش بێت، ئیلا ئەگەر میز بێت یان پیسایی، وەک ئەوەی شوێنێک دەکرێتەوە لە لاشە بۆ دەرچوونیان ئەوە دەست نوێژ بە دەرچوونی ھەردووکیان دەشکێت.) مجموع فتاوى ابن عثيمين (11/198) .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر دەست نوێژ بگرێتەوە بۆ خوێن لە لووت دەرچوون ئەوە باشترە، واجب نییە لەسەری دەست نوێژ بگرێتەوە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان) مجموعە الفتاوی (٢١/٢٢٢-٢٢٨).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم سێیانەی سەرەتای فەرموودە باسی کردووە ڕشانەوە و خوێن لە لووت بەربوون و خواردن لە گەدەوە ھاتنە ناو دەم، ھەر سێکیان دەست نوێژ ناشکێنن، ھەتا دەرچوومی خوێن بە حیجامە و بێجگە لە حیجامەش دەست نوێژ ناشکێنێت، چونکە ئەسل وایە دەست نوێژی ماوە، وەدەست نوێژ ناشکێت ئیلا بەڵگەی صحیح ھاتبێت). فتح ذي الجلال والإكرام (١/٤٤٥).
سەبارەت بە دەرچوونی خوێن لە پێش و دواوە دەست نوێژ دەشکێنێت ئەگەر لە ناوەوە دەربچێت.