سەردێری پرسیار:دەکرێت بە کورتی ڕوونکردنەوە بدرێت لەسەر سوجدی شوکر؟

بەرواری دانان :2020-07-21 کۆدی پرسیار:2094

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە کورتی ڕوونکردنەوە بدرێت لەسەر سوجدی شوکر؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت بە سوجدی شوکر دەڵێن:

١-سوجدەی شوکر دەبردرێت بۆ نیعمەتێکی نوێ، یان لاچوونی ناخۆشییەک، بێجگە لە نیعمەتی بەردەوام، وەک بینین و بیستن و شتی تر، ئەگەر ئێمە بە مرۆڤێک بڵێین: سونەتە سوجدە ببەیت بۆ نیعمەتی بەردەوام، ئەوە مرۆڤ دەبێت بەردەوام لە سوجدە دابێت.

٢-سوجدەی شوکر یەکێکە لە گەورەترین شوکری بەندە بۆ خوای گەورە، لەبەر ئەوە زەلیلی تێدایە کە بەڕێزترین ئەندامی لەسەر زەوی دادەنێت، ئەویش ڕوخسارە، سوجدەی شوکر شوکری خوای تێدایە بە دڵ و زمان و ئەندامەکانی لاشە.

٣-جیاوازی نێوان زانایان سەبارەت بە دروستی سوجدەی شوکر ئایا دروستە سوجدەی شوکر ببەیت یان نە جیاوازییەکی لاوازە، لەبەر ئەوە پێچەوانەی فەرموودەی پێغەمبەرە درود و سەلامی خوای لێ بێت کە سوجدەی شوکری بردووە، هەروەها لە هاوەڵانیش جێگیر بووە سوجدەیان بردووە.

٤-وتەی ڕاست سوجدەی شوکر وەک نوێژ نییە و هەمان مەرجی نوێژ بۆ سوجدەی شوکری مەرج نیین، نموونە: دەست نوێژ و ڕوو لە قیبلە کردن مەرج نیین بۆ سوجدەی شوکر.

٥-وتەی ڕاست سەبارەت بە شێوەی سوجدەی شوکر تەکبیرە لە سەرەتا و کۆتایی سوجدە واجب نییە، هەروەها تەحیات و سەلامی نییە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ئەحمەد، چونکە هیچ لە پێغەمبەر و هاوەڵان جێگیر نەبووە.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە سوجدەی قورئان خوێندنەوە و سوجدەی شوکر نەقل نەکراوە لە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم و هاوەڵان سەلامی هەبێت). مجموع الفتاوى ( 21 / 277 ).

هەروەها دەفەرمووێت: (بەڵکو تەحیات و سەلام دانەوە بۆ سوجدەی شوکر و سوجدەی قورئان خوێندنەو داهێنراوە، هەروەها تەکبیرەی سەرەتایی سوجدەش نییە). مجموع الفتاوى ( 23 / 171 ).

٦-واجب نییە هیچ زیکرێکی دیارکراو بکەیت لە سوجدەی شوکردا، بەڵکو ڕێگەپێدراوە بۆ ئەو کەسەی سوجدە دەبات هەر زیکرێک بکات گونجاو بێت لەگەڵی، وەک سوپاسی خوای گەورە کردن و دوعا و استغفار کردن.

شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هیچ فەرموودە لە پێغەمبەر نەقل نەکراون زیکرێکی گوتبێ لە سوجدەی شوکر، ئایا چی دەڵێی بۆ سوجدەی شوکر؟

دەڵێم: دەبێت زۆر سوپاسی خوای گەورە بکات، چونکە سوجدەکە سوجدەی شوکرە). السيل الجرار (١/٢٨٦).

٧- جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان نوێژ خوێن ئەگەر هەواڵی خۆشی پێگەیشت لەناو نوێژ ئایا سوجدە دەبات، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نابێت سوجدەی شوکر ببات، ئەگەر سوجدە ببات بە ئەنقەست نوێژی بەتاڵ دەبێتەوە، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلەیە، بەڵکە:

١-چونکە سوجدەی شوکر نوێژ نییە و پەیوەندی بە نوێژەوە نییە.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سونەتە سوجدەی شوکر ببەیت لەناو نوێژ، کە ئەمە وتەی هەندێک حەنابلەیە، بەڵگە:

١-قیاس دەکەن لەسەر سوجدەی قورئان خوێندنەوە.

وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، وەڵام بۆ وتەی دووەم قیاسەکە لێک جیاوازن، چونکە سوجدەی قورئان خوێندنەوە هۆکارەکەی کردەوەیەکی نوێژە، ئەویش قورئان خوێندنەوەیە، بەڵام سوجدەی شوکر هۆکارەکەی لە دەرەوەی نوێژە.

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک سوجدەی شوکر ببات زانا بێت بە حوکمەکەی و لەبیری بێت، ئەوە نوێژی بەتاڵ دەبێت.

ئەوەی دانەری کتاب باسیکردووە ڕاستە، واتە: نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە بە سوجدەی شوکر، چونکە هیچ پەیوەندی بە نوێژەوە نییە، پێچەوانەی سوجدەی قورئان خوێندنەوە، چونکە سوجدەی قورئان خوێندنەوە پەیوەندی بە نوێژەوە هەیە، ئەویش قورئان خوێندنەوەیە). الشرح الممتع على زاد المستقنع (٤/١٠٧-١٠٨).

٨-سوجدەی شوکر ڕێگە پێدراوە بۆ ئەو کەسەی سواری ئاژەڵ یان ئوتومبێل بووە بە ئیشارەت سوجدە دەبات.

٩-هەندێک زانا دەڵێن دروستە سوجدەی شوکر قەزا بکەیتەوە ئەگەر نەتوانی لە کاتی خۆتدا ببەیت، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نابێت قەزا بکەیتەوە، چونکە عوزری نییە لە تاخیرکردنی سوجدەی شوکر.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام