پرسیار: ئایا دەست نوێژ لە خێزانی خۆت دەشکێت؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە شکانی دەست نوێژ لە ئافرەت سێ وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا دەلێن دەست لەئافرەت دان و ماچ کردنی دەست نوێژ ناشکێت، کە ئەمە وتەی عەلی و ابن عباس و عطاء و طاوس و ابو حنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمیة و ابن باز و ابن عثیمینە، بەلگە:
١-ئەسل وایە دەست نوێژ لە ئافرەت ناشکێت ئیلا بەلگە لەسەری هاتبێت، هیچ بەلگە نەهاتوون کە دەست نوێژ لە ئافرەت دەشکێت.
٢-عن عائشة رضی لله عنها ٲن النبي صلی الله علیه وسلم قبل بعض نسائه، ثم خرج الی الصلاة ولم یتوضٲ، قال عروة: قلت لها: من هی ٳلا ٲنت؟ قال: فضحكت. ٲخرجه احمد، ابوداود (۱۷۹)، الترمذي ( ۱٨٦).
واتە: عائیشە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت هەندێک لە خێزانەکانی خۆی ماچ دەکرد، پاشان دەچوو بۆ نوێژ دەست نوێژی نەدەگرت، عوروه دەلێت من پێم گۆت: ئەوە کێیە ئیلا تۆی؟ دەلێت: عائشە پێکەنی.
وتەی ڕاست ئەم فەرموودەیە ڕاستە لاواز نییە، کە ئەمە وتەی ابن عبدالبر و ابن کثیر و احمد شاكر و الالبانی و ابن بازه.
٣-چەند فەرموودەی تر هاتوون بخاری و مسلم کە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لەناو نوێژدا بووە عائشە دەستی لێ داوە و نوێژی بەتال نەکردووە، وە بە پێچەوانەش ئەو دەستی لە عائشە داوە لەناو نوێژ، ئەگەر دەست نوێژ شکا بوایا نوێژی بەتال دەکرد.
٤-ئەگەر بلێی دەست نوێژ لەئافرەت دەشکێت دەبێتە بارگرانی، بەتایبەتی لە نێوان ژن و پیاو، ئەگەر دەست نوێژ لە ئافرەت شکا بوایا یەک فەرموودە دەهات باسی دەکرد.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دەست لە ئافرەت دان دەست نوێژ دەشکێت بە هەموو شێوەیەک جا چ بە شەهوەت بێت یان بێ شەهوەت، کە ئەمە وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەلگە:
١-خوای گەورە دەفەرمووێت: (وٳن کنتم مرضی ٲو علی سفر ٲو جاء ٲحد منكم منكم من الغائط ٲو لمستم النساء فلم تجد ماء فتیمموا صعیدا طیبا) [المائدة: ٦]
واته: خۆ ئەگەر نەخۆش بوون یان لەسەفەر بوون یان لە چوونە ئاودەست ببیتەوە یان لەگەل هاوسەرتان سەرجێیتان کرد (یان دەستتان لە ئافرەت دا)، ئاویشتان دەست نەکەوت بۆ خۆ شۆردن یان بۆ دەست نوێژ هەلگرتن ئەو کات تەیەمموم بکەن.
دەلێن لەم ئایەتە مەبەست بە لمس دەست لێدانە.
ابن رشد دەفەرمووێت: (شافعی دەلێت دەست لێدان لە ئافرەت بە هەموو شێوەیەک دەشکێت، هاوەلانی جیاوازی دەخەنە نێوان دەست لێدەر و دەست لێدراو، واتە ئەوەی دەست لێ دەدات دەشکێت بەلام ئەوەی دەستی لێیدراوە دەست نوێژی ناشکێت، هەندێک جار وەک یەکتر حساب دەکەن، وە هەندێک جار جیاوازی دەخەنە نێوان مەحرەم و خێزان، دەلێن لە خێزان دەشکێت لە مەحرەم ناشکێت، وە هەندێک جار دەلێن وەک یەک وان ....
هۆکاری دروست بوونی جیاوازی لە ناوی (لمس) لە زمانی عەرەبی دا بە مانای دەست لێدان دێت وە بە مانای سەرجێی لەگەل کردنیش دێت ...). بدایة المجتهد ونهایة المقتصد (١/٤٩١).
سێیەم: هەندێک زانای تر دەلێن ئەگەر بە شەهوەت دەستی لێ بدەیت دەست نوێژ دەشکێت بەلام ئەگەر بێ شەهوەت بێت دەست نوێژ ناشکێت، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی حەنابلە و مالکە، بەلگە:
١- ئایەتی سورەتی مائدة باسی حالەتی بە شەهوەتە، بەلام ئەو فەرموودانەی هاتوون بەلگەن کە دەست نوێژ ناشکێت باسی حالەتی بێ شەهوەتە.
وتەی ڕاست دەست نوێژ لە ئافرەت ناشکێت جا چ بەشەهوەت بێ یان بێ شەهوەت، یان خێزانت بێت یان کەسێکی دوورت بێت چونکە:
أ- بەلگەکان بڕاوەن و ڕوون ئاشکران، بەلگەی ئەوانەی دەلێن دەشکێت یەک بەلگەیەیان هەیە ئەویش ئیحتمالە.
ب-ابن عباس ڕاڤەکاری قورئانە، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دوعای بۆ کردووە کە لە قورئان تێ بگات، ئەو دەلێت لەم ئایەتە مەبەست بە لمس جووت بوونە (سەرجێی کردنە).
ج- ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لەم ئایەتە : "ٲو جاء ٲحد" لێرە "ٲو" بە مانای واو دێت واتە: "وجاء ٲحد منکم من الغائط ٲو لامستم النساء"، وتەی خوای گەورە: "جاء ٲحد منکم من الغائط" ئەمەیان باسی واجبی پاک و خاوێنی بچووکە "واتە دەست نوێژ"، "ٲو لمستم النساء" ئەمەیان باسی واجبی پاک و خاوێنی گەورەیە (واتە خۆشۆردن)، ئەگەر ئێمە بلێین لێرە لمس بە مانای دەست لێدان دێت ئەوە لەم ئایەتە دوو جار باسی واجب بوونی پاک و خاوێنی کرد واتە دەست نوێژ، دەبێت مەبەست پێی سەرجێی کردن بێت هەتا تنویعی "جۆراو جۆری" تێدا بێت، کەئەمەش یەک دەگرێتەوە لەگەل بەلاغەتی قورئان، وە ئەوەی زانراویشە ئەسل وایە دووبارە بوونەوە نییە). فتح ذي الجلال والإکرام (١/٤٢٨).
د- فەرموودەی عائشە ڕوون ئاشکرایە کە بەشەهوەتیش ناشکێت، چونکە مرۆڤ زۆربەی جار خێزانی خۆی ماچ دەکات بە شەهوت، وە هیچ بەلگە نەهاتوون کە بە شەهوەت دەست نوێژ بشکێت.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو وتەی دەلێت دەست نوێژ لە ئافرەت دەشکێت بێ شەهوەت وتەیەکی شازە، هیچ ئەسلی نی یە لە کتاب و سونەت ، وە لە ئەسەریش لە هاوەلان، هەروەها یەک ناگرێتەوە لە گەل بنچینەکانی دین). مجموعە فتاوی (٢٠/٣٦٨).