سەردێری پرسیار:ئایا گۆشتی قوربانی بدەیتە دراوسێ یان بۆ هەژارەکان ببەیت لە مالی تۆ دوورن؟

بەرواری دانان :2020-07-30 کۆدی پرسیار:2105

پرسیار:

پرسیار: ئایا گۆشتی قوربانی بدەیتە دراوسێ یان بۆ هەژارەکان ببەیت لە مالی تۆ دوورن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەلێن واجبە ھەندێک لە قوربانی ببەخشێت بە ھەژارەکان ئەگەر چی کەمیش بێت، بەلگە:

-پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم سەبارەت بە قوربانی دەفەرمووێت: (فَكُلُوا، وَادَّخِرُوا، وَتَصَدَّقُوا). رواه مسلم (1971).

واتە: لە قوربانی بیخۆن و ھەلیبگرن و بیبەخشن.

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دەبێت قوربانی ببەخشرێت بە گوێرەی ناوەکەی کە لەسەریەتی، چونکە مەبەست لە قوربانی بەزەیی و سوودە بۆ ھەژارەکان، لەسەر ئەمە ئەگەر ھەمووی بخوات لەسەریەتی زەمانەتی بکات بە ماڵ). روضة الطالبين وعمدة المفتين (3/223).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە: کەسێک ھەموو قوربانی یەکەی دروست دەکات بۆ خواردن لەگەڵ نزیکەکانی بێ ئەوەی ھیچ ببەخشێت، ئایا ئەم کردەوەیە دروستە؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت: (ئەمە ھەڵەیە، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: "لِيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ الله فِي أَيَّامٍ مَعْلُومَاتٍ عَلَى مَا رَزَقَهُمْ مِنْ بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ".

لەسەر ئەمە دەبێت ئێستا زەمانەتی ئەو گۆشتە بکەن کە خواردوویانە، بۆ ھەر مەڕێک ھەندێک گۆشت، دەبێت بکڕن و بیبەخشن). مجموع فتاوى ابن عثيمين (25/132).

دەبێت هەندێک قوربانی بدرێت بە هەژارەکان، چونکە مەبەست لە قوربانی بەزەیی و سوودە بۆ ھەژارەکان، سەبارەت بە قوربان دان بە دراوسێ باشترە یان کەسێکی هەژار دوور بێت دراوسێ نەبێت، دەڵێین: -ئەگەر دراوسێیەکە هەژار بێت، باشتر وایە بدەیتە دراوسێی هەژار.

-ئەگەر دراوسێیەکە دەولەمەند بێت، باشتر وایە بدەیتە هەژار، چونکە مەسلەحەت لەوەدایە بدەیتە هەژار.

-ئەگەر دراوسێیەکە مام ناوەند بێت، باشتر وایە ئەوە هەلبژێری کە سوودی زیاترە.

ناڵێین گۆشتی قوربانی بە هیچ شێویەک مەدە بە دراوسێ، بەڵام دەڵێین واجبە ھەندێک لە قوربانی ببەخشێت بە ھەژارەکان ئەگەر چی کەمیش بێت، ئەگەر ئەمە کرا بە ئارەزووی خۆتە بە کێ دەدەیت و بە کێ نادەیت، بەڵام باشتر وایە موسلمان ئەوە هەلبژێرێت کە سوودی زیاترە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام