سەردێری پرسیار:حوکمی پێش نوێژی کردن بە دانیشتنەوە ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:212

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە ئیمام پێش نوێژی بۆ خەلک بکات بە دانیشتەوە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن نوێژ کردن بە ڕاوەستانەوە " پێوە " ڕوکنی نوێژە ، ئیمام کاتێک بە دانیشتنەوە نوێژ دەکات ئەم دوو حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // نوێژی واجب بە دانیشتنەوە بۆ خەلک دەکات بێ عوزر ، واتە بێ ئەوە نەخۆش بێت یان نەتوانێت ، ئەمەیان نوێژی بەتالە ، نابێت خەلک بەدوای ئەم ئیمامە نوێژ بکەن ، بەلام نوێژی سونەت ئەگەر بە دانیشتنەوە نوێژ بکات بێ عوزر نوێژی دروستە و بەلام نیوەی خێری بۆی دەنووسرێت .

حالەتی دووەم // ئیمام نوێژ دەکات بە دانیشتنەوە عوزری هەیە ، جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا دروستە نوێژ بکەیت لە دوای ئیمامێک کە بەدانیشتنەوە نوێژ بکات کە عوزریشی هەیە ، دوو وتە هەیە :

یەکەم / زۆر لە زانایان دەلێن دروستە نوێژ بە دوای ئیمام بکەیت ئەگەر ئیمام بە دانیشتنەوە نوێژ بکات ، بەلگە :

(۱) عَنْ عَائِشَةَ قَالَتْ اشْتَكَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَدَخَلَ عَلَيْهِ نَاسٌ مِنْ أَصْحَابِهِ يَعُودُونَهُ فَصَلَّى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ جَالِسًا فَصَلُّوا بِصَلَاتِهِ قِيَامًا فَأَشَارَ إِلَيْهِمْ أَنْ اجْلِسُوا فَجَلَسُوا فَلَمَّا انْصَرَفَ قَالَ : (( إِنَّمَا جُعِلَ الْإِمَامُ لِيُؤْتَمَّ بِهِ فَإِذَا رَكَعَ فَارْكَعُوا وَإِذَا رَفَعَ فَارْفَعُوا وَإِذَا صَلَّى جَالِسًا فَصَلُّوا جُلُوسًا)) رواه البخاري (647) ومسلم (623)

واتە : عائشە دەفەرمووێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەخۆش کەوت ،خەلک هاتن سەردانی بکەن پێغەمبەر نوێژی دەکرد بە دانیشتنەوە ، وە خەلکیش بەدوای پێغەمبەرەوە نوێژیان کرد بە ڕاوەستانەوە ، لەناو نوێژی ئیشارەتی بۆ کردن کە دابنیشن ، کاتێک لە نوێژ تەواو بوو وتی : (( ئیمام بۆ ئەوە دانراوە شوێنی بکەون ، ئەگەر ڕکوعی برد ئێوەش ڕکوع ببەن ، وە ئەگەر هەستاوە لە ڕکوع ئێوەش هەستنەوە لە ڕکوع ، ئەگەر نوێژی بە دانیشتنەوە کرد ئێوەش نوێژ بە دانیشتنەوە بکەن .

(۲) ................

دووەم / هەندێک زانای تر دەلێن دروست نییە نوێژ بەدوای کەسێک بکەیت بە دانیشتنەوە نوێژ بکەیت ، کە ئەمە وتەی ئیمام مالکە ، بەلگە :

(۱) روی عن الشعبي ٲن النبي صلی الله علیه وسلم قال : (( لایؤمن ٲحد بعدي جالسا )) ٲخرجە الدارقطني (۱/۳۹٨) ، والبیهقی (۳/ ٨۰) ، واتە :کەس با پێش نوێژی نەکات بۆ خەلک لەدوای من بە دانیشتن .

وتەی ڕاست دروستە نوێژ بە دوای ئیمام بکەیت ئەگەر ئیمام بە دانیشتنەوە نوێژ بکات ، نوێژی ئیمام و خەلک دروستە بەلام باشتر وایە ئیمام کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت ، هەروەها فەرموودەی شعبی دەلێن لاوازە .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام شافعی و هاوەڵان دەلێن : سونەتە بۆ ئیمام ئەوەی ناتوانێت بە ڕاوەستانەوە " پێوە " نوێژ بۆ خەلک بکات کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت بتوانێت بە ڕاوەستانەوە نوێژ بۆ خەلک بکات ، هەروەک چۆن پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت کەسێکی لە جێگای خۆی دانا ، چونکە لەمە لە جیاوازی نێوان زانایان دەردەچیت کە هەندێک ڕێگری لەوە دەکەن ، چونکە نوێژ بە ڕاوەستانەوە تەواوترە بۆ شێوەی نوێژ )) المجموع ج٤ لاپەڕە ۱٦۲

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەت ئیمام کاتێک نەخۆش دەبێت یان ناتوانێت بە پێوە ڕابوەستێت کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت ، چونکە جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت دروستی ئیمامەتی ئەو کەسە ، وە لە جیاوازی نێوان زانایانیش ڕزگار دەبێت ، چونکە نوێژ ئەو کەسەی بە پێوە دەکات تەواوترە ، سونەت ئیمام نوێژی تەواو تر بێت ، .... )) المغنی ج۲ لاپەڕە ۲٨

پوختەی وەلامی زانایان :

(۱) نابێت نوێژی واجب بە دانیشتنەوە بکات بێ عوزر ، هەر کەسێک بکات بێ عوزر نوێژی بەتالە ، بەلام نوێژی سونەت بەرفراوانی تێدایە و پاداشتیشی نیوە بۆی هەیە .

(۲) دروستە نوێژ بە دانیشتنەوە بکەیت ئەگەر عوزرت هەبوو ، وە دروستە ئیمامەتیش بکەیت کە ئەمە وتەی ڕاستە .

(۳) باشتر وایە ئیمام ئەگەر نەخۆش کەوت کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت بۆ ئەوەی نوێژ بە خەلک بکات بە پێوە ، چونکە نوێژ تەواوترە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام