پرسیار: ئایا سونەتە دەربچیت بۆ نوێژی باران بارین ئەگەر پیش دەرچوون باران ببارێت؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئەگەر باران باری پێش دەرچوون بۆ نوێژی باران بارین، ئایا نوێژی باران بارین دەکرێت یان نە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەگەر باران باری پێش دەرچوون بۆ نوێژی باران بارین سونەتە دەربچن بۆ نوێژ و سونەتە نوێژ بکرێت، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلەیە، بەڵگە:
١-چونکە نوێژ ڕێگەپێدراوە بۆ ئەوەی وشکە ساڵی نەمێنێت نەک تەنها بە باران بارینێکی کەم لابچێت.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر باران باری نوێژ لەسەریان لادەچێت، دەرناچن بۆ نوێژی باران بارین، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ابن صلاح و ابن قدامە و ابن عثیمینە، بەڵگە:
١-نوێژی باران ڕێگەپێدراوە بۆ ئەوەی باران ببارێت، ئەگەر باران باری پێویست ناکات دەربچیت بۆ نوێژ.
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خۆیان ئامادەکرد بۆ دەرچوون، باران باری پێش دەرچوون، نابێت دەربچن بەڵکو شوکری خوای گەورە دەکرێت لەسەر نیعمەتەکان، داوای فەزلی خوای گەورە دەکرێت).المغني (2/327).
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خوای گەورە بارانی باراند پێش دەرچوون بۆ نوێژی باران بارین، ئەوە پێویست ناکات دەربچن، ئەگەر دەربچن ئەوە لە بیدعەچییەکانن، چونکە نوێژی باران بارین بۆ داواکردنی بارانە، ئەگەر باران باری هیچ پێویست ناکات دەربچیت بۆ نوێژ، بەڵکو ڕێگایەکی تریان لە پێشە ئەویش شوکرانە کردنە لەسەر ئەم نیعمەتە بە وتە و زمان و ئەندامەکانی لاشە).الشرح الممتع (5/221).