سەردێری پرسیار:بۆچی خوای گەورە سزامان دەدات لە کاتێکدا پێش وەختە هەموو شتێک لە قەدەر نووسراوە؟

بەرواری دانان :2020-08-22 کۆدی پرسیار:2133

پرسیار:

پرسیار: بۆچی خوای گەورە سزامان دەدات لە کاتێکدا پێش وەختە هەموو شتێک لە قەدەر نووسراوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن خوای گەورە ھەموو شتێکی دروست کردووە و تقدیر کردووە، بەڵگە:

خوای گەورە دەفەرمووێت: (إنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ ).[القمر: ٤٩].

ئەم عمومە کردەوەکانی بەندەش داخلی دەبێت، کە ھەموو جوولەکانی و بیرکردنەوەکانی و ویستەکانی دەگرێتەوە.

خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ وَمَا تَعْمَلُونَ).[الصافات: ٩٦].

خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ).

مرۆڤ کردەوە دەکات و ویستی ھەیە، ھەر کردەوەیەک دەکات بە ویستی خۆیەتی، بۆیە پاداشت لەسەری وەردەگرێت، وە ئەو کردەوەی بەندە دەیکات بە ویستی خۆی نەبێت و نییەتی نەبێت شەرع چاوپۆشی لێکردووە و ھیچی لەسەر نییە، خوای گەورە حەکیمە و دادپەروەرە و ستەم لە کەس ناکات، نابێت بەندە گومانی خراپ بە خوای گەورە ببات و زیادەڕەوی بکات لە بابەتی قەدەر، باش نییە بە تفصیلی بچیتە ناو بابەتەکانی قەدەر و زۆر پرسیار بکەیت، بەڵگە:

١-پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (إذا ذكر أصحابي فأمسكوا، وإذا ذكر القدر فأمسكوا) أخرجه الطبراني في الكبير (١٠ / ٢٢٣-٢٢٤)، وأبو نعيم في الحلية (١٠٨/٤) وغيرهما . وقال الألباني في السلسلة الصحيحة (١ / ٤٢-٤٦): حسن لغيره .

٢-کاتێک ھاوەڵان گفتوگۆیان و کێشە کەوتە نێوانیان سەبارەت بە قەدەر، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (عزمت علیکم ألا تنازعوا فیە). الترمذي (٢١٣٣).

٣- وأخرج الإمام أحمد عن عمرو بن شعيب عن أبيه عن جده، قال: خرج النبي صلى الله عليه وسلم ذات يوم والناس يتكلمون في القدر، فكأنما تفقأ في وجهه حب الرمان من الغضب، فقال لهم: (ما لكم تضربون كتاب الله بعضه ببعض، بهذا هلك من كان قبلكم) أحمد (١٧٨/٢)، وابن ماجه (٨٥).

ئاجڕی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: ( باب تەرک کردن و دوور کەوتنەوە لە لێکۆلینەوە و تێڕوانینی قەدەر چۆن ئاوا دەبێت؟ بۆچی ئاوا بکەین؟ بەڵکو دەبێت ئیمانت پێ ھەبێت و تەسلیم بیت، ئەمە ڕێگای ئەھلی عیلمە: ئیمان ھێنان بە خێر و شەڕ، کەسێک بییەوێت گومڕایی دەکات و کەسێکی تر بییەوێت ھیدایەتی دەدات: "لا یسئل عما یفعل وھم یسئلون" [الأنبیاء: ٢٣].) كتاب الشريعة لاپەڕە ٢٣٥.

ابن بطة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (چەندین بەڵگە ھاتوون بۆ ئیمان ھێنان بە قەدەر، وە ڕازی بوون و تەسلیم بوون بە قەزا و قەدەر، وە تەرک کردنی تفاسیلەکانی، چۆن وا دەبێت، نەخیر وا نابێت، ئەگەر ئاوا بێت، ھەموو ئەم وشانە ڕەخنە و دووری یە لەخوای گەورە). الإبانة (٤١١/٢).

ابن عبدالبر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: ( قەدر نھێنی خوای گەورەیە، بە گفتوگۆ پێی ناگەیت و قسە کردن شیفا نییە بۆی، ...) التمھید (٦ /١٣-١٤).

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (دروست نییە موسلمان داخلی تفاصیلی قەدەر ببێت و دەرگا گومان لەخۆی بکاتەوە، بەڵکو بەسە ئیمانی بە قەدەر ھەبێت ھەروەک چۆن خوای گەورە خەبەری داوە و پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لی بێت خەبەری داوە ھەموو شتێک لەژێر قەدەری خوای گەورەیە، داخلی تفاصیلی پرسیارەکان نەبێت، بۆچی وایە و بۆچی وایە، چونکە ناگاتە وەڵام، چونکە کارەکە ھەروەک ابن عباس خوا لە ھەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: "قەدەر نھێنی خوای گەورەیە "نھێنی کەس نازانێت ئیلا خوای گەورە نەبێت.

واجبە لەسەر ئێمە ئیمانمان پێ ھەبێت، وە داخلی تفاصیلەکانی نەبین، بەڵکو بەسە ئیمانمان بەوە ھەبێت کە بەڵگە لە کتاب و سونەت ھاتووە لەسەری). إعانة المستفيد.

کەواتە مرۆڤ دەبێت کردەوە بکات، ئەگەر کردەوەی باش بکات دەبێتە خەلکی بەھەشت، ھەروەھا ئەگەر کردەوەی خراپ بکات، یان كوفر بکات دەبێتە ئەهلی دۆزەخ.

زانایان دەلێن لەڕووی شەرع و عەقلەوە نابێت قەدەر بکەیتە بەلگە بۆ تاوانەکان یان بۆ نەکردنی کردەوە، بەلگە:

یەکەم: خوای گەورە دەفەرمووێت : (سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلا ءَابَاؤُنَا وَلا حَرَّمْنَا مِنْ شَيْءٍ كَذَلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ حَتَّى ذَاقُوا بَأْسَنَا قُلْ هَلْ عِنْدَكُمْ مِنْ عِلْمٍ فَتُخْرِجُوهُ لَنَا إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلا الظَّنَّ وَإِنْ أَنْتُمْ إِلا تَخْرُصُونَ ) [ الأنعام : ١٤٨ ] .

واتە : ئەوانەی هاوەلایان بۆ خوا دانا دەلێن ئەگەر خوای گەورە ویستبا کە خۆمان و باو و باپیرانمان هاوبەشی بۆ دانەنێن، قەت هاوبەشمان بۆ دا نەدەنا، و هیچ شتێکمانشمان لەخۆ حەڕام نەدەکرد، ئەوانەی پێش ئەمانەش باوەڕیان بە پێغەمبەر نەهێنا و کەوتنە درۆ و دەلەسەو هەلبەستن، بەدرۆیان خستنەوە، هەتا سزای ئێمەیان بۆ هات و چەشتیان ، .....

ئەمانە سزادران لەسەر قەدەر کردنە بەلگە، ئەگەر دروست بوایا سزا نەدەدران، هەروەها ئەوانەی قەدەر دەکەن بەلگە هەمان ڕای کافری هەیە، وە زولم دەداتە پاڵ خوای گەورە.

دووەم: قەدەر نهێنیێکی شاراوەیە و هیچ لە دروست کراوەکان نایزانن ئیلا دوای ڕوودانی نەبێت، چۆن دەبێت بلێیت خوای گەورە بۆ منی نووسیووە کە نوێژ نەکەم یان فلانە تاوان بکەم، ئایا تۆ ئەو نهێنییە دەزانیت؟!

سێیەم: خوای گەورە دەفەرمووێت: (رُسُلا مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ لِئَلا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا) [النساء: ١٦٥].

واتە: گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون، تا دوای ئەو پێغەمبەرانە هیج بەلگە و بیانووێک بۆ ئەو خەلکە نەمێنێ لەلای خوا، ئەگەر لار و لاسار بوون، خوا خۆی دەسەلاتدار و لە کارزانە.

ئەگەر وابێت ناردنی پێغەمبەر هیچ سوودێکی نەبووە.

چوارەم: خوای گەورە فەرمانی بە بەندە کردووەو وە ڕێگریشی لێکردووە ، وە داوای لە بەندە نەکردووە لە شتێک کە لە توانای دا نەبێت، ئەگەر مرۆڤ ناچار بوایا لە کردنی تاوان ئەوا داوای لێکراوە لە شتێک کە لە توانای دا نییە، کە ئەمەش قسەیەکی پووچە، هەر لە بەر ئەوەش لە دین جیاوازی کراوە لە نێوان کردنی تاوان بە نەزانین و زۆری لێ کردن لە گەل کردنی تاوان بە ئەنقەست.

پێنجەم: ئەگەر قەدەر کردنە بەلگە دروست بوایا شەیتان بۆ خۆی دەکردە بەلگە، هەروەها خەلکی دۆزەخیش بۆ خۆیان دەکردە بەلگە.

شەشەم: ئەوانەی قەدەر دەکەنە بەلگە نەفسی خۆیان چواندووە بە منال و شێت، چونکە ئەمانە کردەوەیان لەسەر نییە، بەلام ئەگەر پێی بلێیت مامەلەی شێت و مناڵت لەگەل دەکەین بەوە ڕازی نابێت.

حەوتەم: ئەگەر قەدەر کردنە بەلگە قبول بکەیت پێویست بە تەوبە و دوعا و فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن بە خراپە ناکات، کە ئەمەش پێچەوانەی قورئان و سونەتە، هەروەها ئاژاوە دروست دەبێت، چونکە تاوانبار قەدەر دەکاتە بەلگە، سنورەکان جێ بەجێ ناکرێن.

هەشتەم: دەلێین بۆچی بۆ دونیا کامە ڕێگا باش و سەلامەتە ئەو هەلدەبژێری، بەلام بۆ قیامەت ڕێگای خراپ هەڵدەبژێری، نموونە : ئەگەر کەسێک سەفەر بکات بۆ شارێک، بۆ چوونە ناو ئەو شارە دوو ڕێگا هەیە، یەکێکیان سەلامەتە و ئەوی تریان ئاژاوەو شەر و کوشتنی تیایە، ئایا کامەیان هەلدەبژێری؟! بێگومان لە هەر کەسێکی عاقل بپرسیت دەلێت ڕێگای سەلامەت، ئەی بۆچی بۆ دواڕۆژ ڕێگای چوونە بەهەشت هەلنابژێریت، ڕێگای چوونە دۆزەخ هەلدەبژێریت؟!

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بۆ کەس نییە قەدەر بکاتە بەلگە بۆ تاوانەکانی کە هەموو زانایان یەک دەنگن، هەروەها دینەکانی تریش .....). مجموعە الفتاوی ابن تیمییە (١٧٨/٨) .

هەروەها سەبارەت بەو کەسانەی قەدەر دەکەنە بەلگە، ابن تیمییە دەفەرمووێت: (ئەوانەی بەردەوامن لەسەر ئەم بیروباوەڕە کافرترن لە گاورو جولەکە....). مجموعە الفتاوی ابن تیمییە (٢٦٢/٨).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام