پرسیار: من ئافرەتێکم تەمەنم۳٥ سالە، ١٢سالە هاوسەرگیریم کردووە.، هاوسەرەکەم نە حەزی سێکسی هەیە و نە توانای سێکسی، (چارەسەری هەیە بەلام بەهیچ شێوەیەک ناچێت بۆ لای دکتور)، لەماوەی ۱۲سال کەمتر لە۱۰جار لەگەلم خەوتووە، لە ژورێکی تر دەخەوێت. ئایا گوناهبارە؟ پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە ئایا مارەیی یەکەمان هەلناوەشێتەوە لەکاتێک دا کە٦سالە دەستی لێ نەداوم؟ (من گەردەنیم ئازا نەکردووە) ئایا تاوانبار دەبم؟
وەڵام: زانایان دەڵێن واجبە لەسەر پیاو مامەڵەی باش بێت لەگەڵ خێزانی خۆی، بێگومان جووت بوون لەگەڵ خێزانی خۆت یەکێکە لە باشترین مامەڵەی باش لەگەڵ ئافرەت، چونکە جووت بوون لەگەڵ ئافرەت:
١-ئافرەت دەپارێزێت لە خراپە و داوێن پیسی.
٢-هۆکارە بۆ زیاد بوونی نەوە.
٣-خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو بەردەوام دەبێت و زیاد دەبێت.
بە پێچەوانەش تەرک کردنی جووت بوون:
١-ئافرەت تووشی خراپە و داوێن پیسی دەکات.
٢-هۆکارە بۆ نەبوونی نەوە یان زیاد نەبوونی نەوە.
٣-خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو زیاد ناکات، یان هۆکارە بۆ نەمانی خۆشەویستی.
زانایان دەلێن واجبە لەسەر پیاو جووت بێت لەگەڵ ئافرەت بە گوێرەی پێویستی و توانای، ھەروەھا دوای چوار مانگ پیاو ناچار دەکرێت یان دەبێت جووت بوون لەگەڵی بکات یان دەبێت تەلاق بدەیت.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە: پیاو خۆی دەگرێتەوە لە خێزانی خۆی مانگێک یان دوو مانگ جووت بوونی لەگەڵ ناکات، ئایا تاوانبار دەبێت یان نا؟
لە وەلام دا دەفەرمووێت: (واجبە لەسەر پیاو جووت بێت لەگەڵ خێزانی خۆی بە باشی و جوانی، ئەمەیان گرینگترین مافە کە جەختی لێکرابێتەوە، ئەم حەقە جووت بوون لەگەڵ خێزانی خۆت لە حەقی خواردن پێدان گەورەترە، جووت بوون لەگەڵ خێزان واجبە، وتراوە: ھەموو چوار مانگ جارێک واجبە جووت ببیت لەگەڵی، وە تراوە واجبە بە گوێرەی پێویستی و توانای، ھەروەک بۆ خواردنی پێ دانی بە گوێرەی پێویستی و توانایەتی کە ئەمە وتەی ڕاستە). مجموع الفتاوى (٣٢/٢٧١).
بێگومان پیاوەکەت تاوانبار دەبێت ئەگەر چارەسەر هەبێت و کەمتەرخەم بێت، سەبارەت بە مارەیی هەلناوەشێتەوە، سەبارەت بە گەرەدەن ئازا نەکردن تۆ تاوانبار نابیت چونکە مافی خۆتە و ستەمت لێکراوە، واللە أعلم.