پرسیار: من ئافرەتێکم زۆر خۆم لە قەدەغە کراوەکان دەپارێزم وەک برۆ کردن و میکیاج و جوانکاری و جلی کورت و تەسک، بەلام پیاوەکەم هەر باسی ئافرەتی جوان و ڕێک و ڕووت دەکات، دەلێت زۆر جوانن، پێم دەلێت ئەوانە چەند لە تۆ بەتەمەنترن چەند جوانترن، دڵم زۆر دەشکێت، ئەوان باکیان نییە لە حەڕام بەدەیان دۆلار خەرجی جوانی خۆیان دەکەن، ئاموژگاریتان چییە بۆ من و بۆ هاوسەرەکەم؟
وەڵام: زانایان دەلێن واجبە ژن و پیاو بە جوانترین و باشترین شێوە مامەلە لەگەڵ یەکتر بکەن بە تایبەتی پیاو چونکە ئافرەت لاوازە و بێ دەسەلاتە، نابێت پیاو دڵی خێزانی خۆی بشکێنێت و بە قسە ئازاری بدات.
ئەگەر پیاو مامەلەی خراپ بێت لەگەڵ ئافرەت باشتر وایە ئافرەت پەلە نەکات، ئافرەت دەبێت ئارام بگرێت و ئامۆژگاری پیاوی خۆی بکات بە ھێمنی و حیکمەت و خوای گەورەی بە بیر بھێنێتەوە، وە بێ ئومێد نەبێت لە ڕەحمی خوای گەورە و گومانی باش بە خوای گەورە ببات و گەش بین بێت .
سەبارەت بە جل و بەرگ و میکیاج زانایان دەلێن دروستە ژن جل و بەرگی تەسک و تەنک و کورت لەبەر بکات و میکیاج بکات تەنھا بۆ پیاوی خۆی.
لە الموسوعة الفقهية باس کراوە دەلێت: (نابێت جل و بەرگی تەنک لەبەر بکەیت و عەورەت بەدیار بکەوێت بزانرێ و بەدیار بکەوێ ڕەنگی پێستی سپی یان سۆر، جا ئەمە چ لە پیاو بێت یان ئافرەت ئەگەر لە مالی خۆی بێت، ئەمەیان دروست نییە ئەگەر بێجگە لە پیاوی ببینێت ..... وە دروستە بۆ ئافرەت لەبەری بکات ئەگەر کەس نەیبینێت بێجگە لە پیاوی). الموسوعة الفقهية (٦/١٣٦).
زانایانی اللجنة الدائمة پرسیار لێیان کراوە: ئایا حەڕامە ئافرەت جلی تەسک لەبەر بکات یان نە، کەچی بۆ ھاوسەری خۆی لەبەر دەکات و خۆی جوان دەکات بۆی؟
لە وەلام دا دەلێن: (ئەگەر ئافرەت ئەمە لەبەر بکات تەنھا بۆ مێردی دروستە، ئەگەر نا دروست نییە چونکە دیار کردنی لاشەی تێدایە، وە دیار بوونی ئەو شوێنەی ئافرەتی تێدایە کە فیتنەیە). فتاوى اللجنة الدائمة (٢٤/٣٤).
صالح الفوزان خوا بيپارێزێت دەفەرمووێت: (دروست نییە ئافرەت جلی کورت لەبەر بکات لەپێش چاوی مناڵەکانی و مەحرەمەکانی، وە نابێت خۆی بەدیار بخات ئیلا ئەوە نەبێت کە ڕێگەپێدراوە و فیتنە نییە، دروستە جلی کورت لەبەر بکات تەنھا بۆ پیاوی خۆی). المنتقى من فتاوى فضيلة الشيخ صالح الفوزان (٣/١٧٠).
ھەروەھا دەفەرمووێت: (گومانی تێدا نییە ئافرەت شتێک لەبەر بکات تەسک بێت ئەو شوێنەی لاشەی بەدیار بکەوێت کە جێگای فیتنەیە دروست نییە ئیلا لای پیاوی نەبێت کە دروستە، بەلام لای بێجگە لە پیاوی دروست نییە ھەتا ئەگەر تەنھا بە ئامادەبوونی ئافرەتانیش بێت واتە تەنھا ئافرەتی لێ بێت، چونکە دەبێتە پێشەوای خراپ بۆ کەسانی تر ئەگەر بیبینن ئەمەی لەبەر کردووە شوێنی دەکەون .....). المنتقى من فتاوى فضيلة الشيخ صالح الفوزان (٣/١٧٦-١٧٧).
کەواتە شتێکی باشە ئەگەر ئافرەت میکیاج بکات یان جل و بەرگێک لەبەربکات تەنها بۆ پیاوی خۆی ئەگەر پیاوەکەی پێی خۆش بێت، سەبارەت بە جوانکاری نەشتەرگەری حەڕامە ئەگەر زیادکردنی جوانکاری بێت نەک داپۆشینی عەیب.