سەردێری پرسیار:بۆچی هەندێک لە باڵندە گۆشتیان حەڵاڵە وهەندێکیان حەڕامە کەوا پیسیش ئەخۆن، بۆ نموونە مریشک کەوا لە گوندەکان خەڵک بەخێویان ئەکات، وە هەندێک لە باڵندەکانیش حەڕامە کەوا گۆشتی ئاژەڵی تر ئەخۆن؟

بەرواری دانان :2020-08-23 کۆدی پرسیار:2136

پرسیار:

پرسیار: بۆچی هەندێک لە باڵندە گۆشتیان حەڵاڵە وهەندێکیان حەڕامە کەوا پیسیش ئەخۆن، بۆ نموونە مریشک کەوا لە گوندەکان خەڵک بەخێویان ئەکات، وە هەندێک لە باڵندەکانیش حەڕامە کەوا گۆشتی ئاژەڵی تر ئەخۆن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن ئەصل وایە ھەموو ئاژەڵێک حەڵاڵە ئیلا ئەمانە نەبێت:

١- ئاژەڵێک دەق لەسەری ھاتووە نەھی کراوە لە خواردنی، وەک: بەڕاز و گوێ درێژی خۆمالی.

٢- ئاژەڵێک خاوەن کەلب بێت و دڕندە بێت، وە باڵندەش مخلبی ھەبێت و دڕندە بێت، وەک: شێر و پلنگ و گورگ و باز.

٣- ھەر ئاژەڵێک یان باڵندەیەک نەھی کرا بێت لە کوشتی، وەک: ھود ھود و مێشی ھەنگوین و مێروو . ٤-ئاژەڵێک فەرمان کراوە بە کوشتنی یان زیانی ھەیە، وەک: مار و دووپشک و مشک.

٥- ئاژەڵێک پیس بێت.

زانایان دەڵێن ھەر ئاژەڵێک یان باڵندەیە پیسایی بخوات و کاریگەری لەسەر گۆشت و شیر و ھێلکەی ھەبێت ئەوە حەڕامە، بەڵگە:

١-عن ابن عباس رضي الله عنهما: (أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نَهَى عَنْ لَبَنِ الْجَلَّالَةِ). رواه الترمذي (1825) وصححه، وكذلك صححه النووي، وقال ابن حجر في الفتح (9/649): "على شرط البخاري"، وصححه الألباني.

واتە: لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لە ھەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لە شیری ئەو ئاژەڵانەی پیسایی دەخۆن، واتە: ئاژەڵی پیسایی خۆر.

٢-عن ابن عمر رضي الله عنهما قال: (نَهَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ أَكْلِ الْجَلَّالَةِ ، وَأَلْبَانِهَا). رواه الترمذي (1824)، وصححه الألباني في "صحيح سنن الترمذي".

واتە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لە ھەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لەو ئاژەڵانەی پیسایی خۆرن، وە نەھی کردووە لە شیری ئاژەڵی پیسایی خۆر.

٣-عن عبد الله بن عمرو رضي الله عنهما: (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نَهَى يَوْمَ خَيْبَرَ عَنْ لُحُومِ الْحُمُرِ الْأَهْلِيَّةِ، وَعَنْ الْجَلَّالَةِ، وَعَنْ رُكُوبِهَا، وَعَنْ أَكْلِ لَحْمِهَا). رواه النسائي (4447) وحسنه ابن حجر في "الفتح" (9/648)، وكذا حسنه الألباني في "صحيح سنن النسائي".

واتە: لە عبداللە بن عمرو دەگێڕنەوە خوا لە ھەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لە ڕۆژی خەیبەر نەھی کردووە لە گۆشتی گوێ درێژی خۆمالی، وە لەو ئاژەڵانەی پیسایی خۆرن، وە نەھی کردووە لە سوار بوونیان ، وە نەھی کردووە لە گۆشتیان.

والْجَلالَة هِيَ الَّتِي تَأْكُل الجِلَّة، واتە: جەلالە: ئەو ئاژەڵەیە یان ئەو باڵندەیە کە پیسایی دەخوات.

زانایان دەڵێن ئەو ئاژەڵانەی پیسایی خۆرن ئەم سێ حالەتانەن:

حالەتی یەکەم: ئاژەڵێک زۆربەی خواردنی شتی پاکە، کەم جار شتی پیس دەخوات، ئەمەیان پاکە و حوکمی جەلالەی نییە.

خطابی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر ئاژەڵ یان باڵندە گژوگیا و دانەوێلەی خوارد ، لەگەڵ ئەمە کەم شتی پیس دەخوات، ئەمە جەلالە نییە، وەک مریشک و شتی تری وەک مریشک کە ھەندێک جار ھەندێک شتی پیس دەخۆن ، زۆربەی خواردنی شتی پاکە، گۆشتی مەکروھ نییە). معالم السنن (4/244) .

حالەتی دووەم: ئەگەر زۆربەی خواردنی شتی پیس بێت، وە کاریگەری لەسەر ئاژەڵەکە بەدیار بکەوێ لە بۆن، ئەمە داخلی نەھی دەبێت، دروست نییە گۆشتی بخۆیت و ھێلکەشی بخۆیت و شیریشی بخۆیتەوە، وە دروست نییە سواری ببیت.

کاسانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئاژەڵ بە جەلالە حساب دەکرێت ئەگەر گۆڕدرا و ھەست بە بۆنی کرا و بۆنی بۆگەنی ھەبێت، ئەوە ئەو کات بە جەلالە حساب دەکرێت، شیری ناخورێتەوە، وە گۆشتی ناخورێت). بدائع الصنائع (5/40) .

حالەتی سێیەم: ئەگەر زۆربەی خواردنی شتی پیس بێت، بەڵام کاریگەری لەسەر ئاژەڵەکە بەدیار ناکەوێت لە گۆشت و بۆنی، ئەمەیان جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان، دوو وتە ھەیە:

یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کە بە جەلالە حساب دەکرێت، چونکە جەلالە لای ئەوان ئەو ئاژەڵەیە زۆربەی خواردنی شتی پیس بێت، جا کاریگەری لەسەر گۆشت و بۆنی دەربکەوێ یان نە، کە ئەمە وتەی حنابلەیە.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر زۆربەی خواردنی شتی پیس بێت، ئەوە گۆشت و شیری حەڕام دەبێت، وە ئەگەر زۆربەی خواردنی شتی پاک بێت، گۆشت و شیری حەڕام نابێت). المغني (9/413) .

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون بە جەلالە حساب ناکرێت، چونکە مەرجی جەلالە ئەوەیە کاریگەری لەسەر گۆشت و بۆنی ھەبێت.

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (اعتبار بۆ زۆری خواردنی شتی پیس نییە، بەڵکو اعتبار بە بۆنە، ئەگەر ھەست کرا بە عەرەقی یان شتی تر کە بۆنی پیسی لێ دێت ئەوە بە جەلالە حساب دەکرێت، ئەگەر نا بە جەلالە حساب ناکرێت). المجموع شرح المهذب (9/28).

خالد بن المشیقح خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (وتەی ڕاست ئەگەر پیسایی کاریگەری لەسەر تامی گۆشت یان بۆنی یام شیری ھەبێت، یان ھۆکار بێت بۆ نەخۆشی ، ئەوە حەڕامە، بەڵام ئەگەر کاریگەری لەسەر نەبێت دروستە، چونکە پیساییەکان پاک دەبنەوە بە گۆڕین، ...) فتاوى الشيخ خالد المشيقح (1/89).

ئەو ئاژەلانە یان ئەو باڵندانەی گۆشتی ئاژەڵی تر دەخۆن حەڕامە بخۆیت، چونکە:

١-دەق لەسەری هاتووە کە حەڕامە.

٢-گۆشتی ئاژەڵی دڕندە کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە، مرۆڤیش دڕندە دەبێت.

سیوطی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: ئەفریقی یەکان زۆر پێ دەکەنن چونکە گۆشتی مەیمون دەخۆن، عەرەبەکان عەسەبین چونکە گۆشتی وشتر دەخۆن، ئەوڕوپییەکان بێ غیرەتن چونکە گۆشتی بەراز دەخۆن.

ئەگەر ورد بیتەوە لەم سێ ئاژەڵانە ئەم سێ سیفەتەیان تێدایە، مەیموون زۆر پێ دەکەنێت، وشتر زوو زوو عەسەبی دەبێت، بەرازیش بێ غیرەتە، هەموو ئاژەڵێک لەسەر مێینەی خۆی بە جاب دێت بەراز نەبێت، ئەگەر بەرازێک بچێتە لای مێنەی بەرازێکی تر لە پێش چاوی هیچ هەلوێستی نییە.

کەواتە حیکمەت لە حەڕام کردنی ئاژەڵی دڕندە لەبەر ئەوەیە تاکو ئەو سیفەتە دڕندەیە بۆ مرۆڤ نەقل نەبێت، یان کاریگەری لەسەر مرۆڤ نەبێت، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام