پرسیار: لە چ حالەتێک خوشک و برای مردووەکە میرات دەبەن ئەگەر مردووەکە ژن و مناڵی هەبێت، منالەکان دوو کوڕ و دوو کچن؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ھەر کەسێک بمرێت برای دوای خۆی بەجێ ھێشتبێت، ئەوە براکانی میرات لێی دەگرن جا چ برای ڕاستەقینە بێت یان برای بێت لە باوک، بەڵام بە دوو مەرج:
یەکەم: نابێت مردوو کوڕی ھەبێت، یان کوڕی کوڕی ھەبێت بەرەو خوارەوە، ئەگەر کوڕی ھەبوو ئەوە براکانی مردووەکە میرات وەرناگرن.
دووەم: نابێت مردووەکە باوکی مابێت "واتە: نابێت زیندوو بێت"، ئەگەر باوکی مردوو زیندوو بێت ئەوە براکانی مردووەکە میرات وەرناگرن.
سەبارەت بە برا لە دایک دەڵێن: ھەمان مەرجەکانی سەرەوە، بەڵام نابێت مردوو باپیر و کچ و کچی کوڕیشی مابێت.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بەڵی برا میرات لە یەکتر وەردەگرن جا چ برای ڕاستەقینە بن یان برا بن لە باوک یان برا بن لە دایک، ئەگەر ھیچ ئەو کەسانە نەبن کە بێ بەشی دەکەن لە میرات، بەڵام ئەگەر باوک ھەبوو، ئەوە براکان بێ بەش دەکات لە میرات، یان کوڕی کوڕی مردوو، یان کوڕی مردوو براکان بێ بەش دەکات لە میرات، باپیریش بەم شێوەیە براکان بێ بەش دەکات لەسەر وتەی ڕاست، ئەگەر کەسێک بمرێت لە باوکی خۆی و برای خۆی، ئەوە ماڵ بۆ باوکە، یان ئەگەر بمرێت لە کوڕی خۆی و برای، ئەوە ماڵ بۆ کوڕیەتی، یان بمرێت لە کوڕی کوڕی خۆی و برای، ئەوە ماڵ بۆ کوڕی کوڕیەتی ، برا ھیچ وەرناگرێت، براکان بێ بەش دەبن بە باوک، وە بێ بەش دەبن بە کوڕ و کوڕی کوڕ بەرەو خوارەوە، جا چ لەگەڵ کوڕ و كوڕی کوڕ کچ ھەبن یان کچ لەگەڵی نەبن، کوڕ و کچی مردوو لەگەڵ یەکتری برای مردوو بێ بەش دەکەن، بەم شێوەیە کوڕی کوڕی مردوو لەگەڵ خوشکەکانی برای مردوو بێ بەش دەکەن، بەم شێوەیە باپیریش لەسەر وتەی ڕاستی زانایان برای مردوو بێ بەش دەکات). نور علی الدرب.
کەواتە لەم حالەتە خوشک و براکانی مردووەکە بە هیچ شێویەک میرات نابەن، چونکە بێ بەش دەبن بەهۆی مناڵەکانی مردووەکە، واللە أعلم.