پرسیار: حوکمی دوو ڕەکاعەت سونەتی پێش نوێژی مغرب؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە دوو ڕەکاعەت نوێژی نێوان بانگ و قامەتی نوێژی مغرب، سێ وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون سونەتە، کە ئەمە وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن حزم و ابن باز و زانایانی اللجنە الدائمە و ابن عثیمینە، بەڵگە:
١- عن عبد الله المزني رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم قال: (صَلُّوا قَبْلَ صَلاَةِ الْمَغْرِبِ). قَالَ فِي الثَّالِثَةِ: (لِمَنْ شَاءَ)، كَرَاهِيَةَ أَنْ يَتَّخِذَهَا النَّاسُ سُنَّةً. رواه البخاري (١١٨٣).
واتە: لە عبداللە بن مغفل المزنی دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (نوێژ بکەن پێش مغرب، نوێژ بکەن پێش مغرب)، پاشان جاری سێیەم فەرمووی: (ئەمە بۆ کەسێکە ئارەزووی کردنی ئەم نوێژە سونەتی هەبێ).
پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم لەبەر ئەوە وەهای فەرموو جاری سێیەم، نەوەک مرۆڤ بیکاتە سونەت، کە ئەم دوو ڕەکاعەتە هەر دەبێ بکرێ.
ڕیوایەتی ئەبو داود دەفەرمووێت: (صَلُّوا قَبْلَ الْمَغْرِبِ رَكْعَتَيْنِ). رواە ٲبو داود (١٢٨١).
واتە: (نوێژ بکەن پێش مگرب دوو ڕەکاعەت).
ڕووی کردنە بەڵگە: لەم فەرموودەیە فەرمانی کردووە بە کردنی دوو ڕەکاعەت پێش نوێژی مغرب، ئەمە بەڵگەیە سونەتە.
٢- عن أنس بن مالك رضي الله عنه قال: (لَقَدْ رَأَيْتُ كِبَارَ أَصْحَابِ النَّبِي صلى الله عليه وسلم يَبْتَدِرُونَ السَّوَارِي عِنْدَ الْمَغْرِبِ). رواه البخاري (٥٠٣).
واتە: لە ئەنەسی کوڕی مالک دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (گەورە هاوەڵانی پێغەمبەری خوام بینی دەست پێشخەریان دەکرد بۆ کۆلەکه هەتا بیکەن بە سوترە بۆ نوێژی سونەتی پێش مغرب).
ڕووی کردنە بەڵگە: هاوەڵان ئەم دوو ڕەکاعەتەیان کردووە ئەگەر سونەت نەبوایا نەیان دەکرد، چونکە هاوەڵان لە خۆیانەوە کردەوە ناکەن.
٣- عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ رضي الله عنه قَالَ: (كُنَّا بِالْمَدِينَةِ، فَإِذَا أَذَّنَ الْمُؤَذِّنُ لِصَلَاةِ الْمَغْرِبِ ابْتَدَرُوا السَّوَارِيَ، فَيَرْكَعُونَ رَكْعَتَيْنِ رَكْعَتَيْنِ، حَتَّى إِنَّ الرَّجُلَ الْغَرِيبَ لَيَدْخُلُ الْمَسْجِدَ فَيَحْسِبُ أَنَّ الصَّلَاةَ قَدْ صُلِّيَتْ مِنْ كَثْرَةِ مَنْ يُصَلِّيهِمَا). رواه مسلم (٨٣٧).
واتە: لە ئەنەسی کوڕی مالک دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (ئێمە لە مەدینە کاتێک بانگ دەدرا بۆ نوێژی مغرب دەست پێشخەریمان دەکرد بۆ کۆلەگە کردن بە سوترە، دوو ڕەکاعەت نوێژمان دەکرد، هەتا پیاوی بێگانە کاتێک داخلی مزگەوت دەبوو وا حسابی دەکرد نوێژی مغرب تەواو بووە لەبەر زۆری کردنی نوێژی سونەت).
ڕووی کردنە بەڵگە: سوور بوونی هاوەڵان لەسەر کردنی ئەم دوو ڕەکاعەتە بەڵگەیە ئەم دوو ڕەکاعەتە سونەتە.
٤- وعن زر بن حبيش قال: كان عبد الرحمن بن عوف، وأبي بن كعب يصليان الركعتين قبل المغرب. رواه عبد الرزاق في "المصنف" (2/433).
واتە: لە زر بن حبیش دەگێڕنەوە دەفەرمووێت: (عبد الرحمن بن عوف و أبي بن كعب دوو ڕەکاعەت نوێژیان دەکرد پێش مغرب).
ڕووی کردنە بەڵگە: کردەوەی هاوەڵان بەڵگەیە ئەم دوو ڕەکاعەتە سونەتن.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە دوو ڕەکاعەت پێش نوێژی مغرب بکرێت، کە ئەمە وتەی حەنەفی یەکانە دەڵێن سونەت نییە، مالکییەکان دەڵێن مەکروهە، بەڵگە:
١- عَنْ طَاوُوسٍ قَالَ: سُئِلَ ابْنُ عُمَرَ عَنْ الرَّكْعَتَيْنِ قَبْلَ الْمَغْرِبِ فَقَالَ: (مَا رَأَيْتُ أَحَدًا عَلَى عَهْدِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُصَلِّيهِمَا، وَرَخَّصَ فِي الرَّكْعَتَيْنِ بَعْدَ الْعَصْرِ). رواه أبو داود (١٢٨٤).
واتە: لە طاووس دەگێڕنەوە دەڵێت: پرسیار کرا لە ابن عمر سەبارەت بە دوو ڕەکاعەتی پێش نوێژی مغرب، فەرمووی: (هیچ کەسێکم نەبینیوە لەسەردەمی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ئەم دوو ڕەکاعەتەی کردبێت، وە ڕوخسەت دراوە بۆ دوو ڕەکاعەتی دوای عصر).
ڕووی کردنە بەڵگە: نەکردنی ئەم دوو ڕەکاعەتە بەڵگەیە سونەت نییە.
٢- عن إبراهيم النخعي رحمه الله قال: لم يصل أبو بكر، ولا عمر، ولا عثمان، الركعتين قبل المغرب. رواه عبد الرزاق في "المصنف" (2/434) عن الثوري، عن منصور، عن إبراهيم به.
واتە: لە إبراهیمی نەخەعی دەگێڕنەوە دەفەرمووێت: (ئەبو بەکر و عومەر و عثمان دوو ڕەکاعەتیان نەکردووە پێش مغرب).
ڕووی کردنە بەڵگە: سێ خەلیفەی ڕاشد ئەم دوو ڕەکاعەتەیان نەکردووە، ئەمە بەڵگەیە سونەت نییە.
سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە ئەم دوو ڕەکاعەتە بکرێت، کە ئەمە وتەی حەنابلەیە، بەڵگە:
١- عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ قَالَ: (كُنَّا نُصَلِّي عَلَى عَهْدِ النَّبِيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَكْعَتَيْنِ بَعْدَ غُرُوبِ الشَّمْسِ قَبْلَ صَلَاةِ الْمَغْرِبِ، فَقُلْتُ لَهُ: أَكَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ صَلَّاهُمَا؟ قَالَ: كَانَ يَرَانَا نُصَلِّيهِمَا فَلَمْ يَأْمُرْنَا، وَلَمْ يَنْهَنَا). رواه مسلم (٨٣٦).
ڕووی کردنە بەڵگە: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم هاوەلانی بینیووە نوێژیان کردووە نە فەرمانی پێیان کردووە نە نەهی لێیان کردووە، ئەمە بەڵگەیە ڕێگەپێدراوە نەک سونەتە.
مرداوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (رێگەدراوە دوو ڕەکاعەت پێش نوێژی مغرب بکرێت لەسەر وتەی ڕاستی مەزهەب، واتە مەزهەبی ئیمام ئەحمەد، ئیمام ئەحمەد دەقی هەیە لەسەر ئەمە، وە زۆربەی هاوەڵانی ئیمام ئەحمەد لەسەر ئەمەن).الإنصاف (1/422).
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، چونکە:
١-فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە فەرمانی کردووە بە دوو ڕەکاعەت کردن پێش نوێژی مغرب.
٢-وتەی: (كَرَاهِيَة أَنْ يَتَّخِذَهَا اَلنَّاسُ سُنَّةً)، ئەمە نابێتە بەڵگە ئەم دوو ڕەکاعەتە سونەت نییە، چونکە ناکرێت نەفی ئەم دوو ڕەکاعەتە بکات و فەرمانی بکات بە کردنیشی، وتەی: (كَرَاهِيَة أَنْ يَتَّخِذَهَا اَلنَّاسُ سُنَّةً)، مەبەست پێی ئەوەیە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم لەبەر ئەوە وەهای فەرموو جاری سێیەم، نەوەک مرۆڤ بیکاتە سونەت، کە ئەم دوو ڕەکاعەتە هەر دەبێ بکرێ، مەبەست پێی ئەوە بوو پلەی دابەزێنیت لە پلەی نوێژی ڕەواتب.
٣- سەبارەت بەوە ابن عمر نەفی ئەم دوو ڕەکاعەتە دەکات، دەڵێن:
أ-ئەمە لاوازە، چونکە چەندین فەرموودە و ئەثەری ڕوون و ئاشکرا هاتوون پێچەوانەی وتەی ابن عمر.
ب-ئەگەر صحیحیش بێت ئەمە وتەی ابن عمرە و ئەوەندە زانستەی هەبووە سەبارەت بەم دوو ڕەکاعەتە، لەم حالەتە مثبت پێش نەفی دەخرێت، چونکە فەرموودە و ئەثەر هاتوون سەبارەت بەم دوو ڕەکاعەتە.
٤-ڕاستە ئەنەس دەڵێت پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نە فەرمانی بە ئێمە دەکرد و نە نەهیشی لە ئێمە دەکرد، بەڵام فەرموودەی تر هاتووە فەرمانی کردووە ئەنەس زانستی پێی نەبووە، وە هاوەڵانیش ئەم دوو ڕەکاعەتەیان کردووە، ئەمە بەڵگەیە سونەتە.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نوێژ دوای بانگی مغرب و پێش امەت سونەتە، لەبەر وتەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم: "صلوا قبل المغرب صلوا قبل المغرب ثم قال في الثالثة لمن شاء". رواه البخاري.
هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەگەر بانگی مغرب درابا دەست پێشخەریان دەکرد لە کردنی دوو ڕەکاعەت پێش قامەت کردن، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هاوەڵانی دەبینی نەهی لێیانی نەدەکر، بەڵکو فەرمانی پێ دەکردن). مجموع فتاوى ابن باز (٧/١٦١).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دوو ڕەکاعەت نوێژ پێش نوێژی مغرب، واتە لەنێوان بانگ و قامەت سونەتە، بەڵام سونەتی ڕاتبە نییە، نابێت لەسەری بەردەوام بیت). فتاوى ابن عثمين (١٤/٢٧٢).