سەردێری پرسیار: ئایا دروستە ئیمام تەنها بۆ پێش نوێژی کلاو بخاتە سەر سەری؟

بەرواری دانان :2020-08-31 کۆدی پرسیار:2148

پرسیار:

پرسیار: ئایا دروستە ئیمام تەنها بۆ پێش نوێژی کلاو بخاتە سەر سەری؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن داپۆشینی سەر لەناو نوێژ بۆ پیاوان واجب نییە، هیچ زانایەک نەی گوتووە واجبە، بەڵکو هەندێک زانا بە سونەتیان داناوە، دەڵێن جوان نییە بێ کلاو یان جامانە نوێژ بکەیت، وتەی ڕاست بە پێی شوێنە، شوێن بۆ شوێن دەگۆڕدرێت، ئەگەر لە شوێنێک عورفی خەڵک وابێت خەڵک کلاو و جامانە لەسەر سەر دابنێن، ئەوە باشتر وایە لەسەر سەر دابنێی، کەواتە بۆ عادەت دەگەڕێتەوە، باشتریش وایە خەڵک لەگەڵ عاداتی کۆمەڵگا بڕوات ئەگەر پێچەوانەی شەرع نەبێت، بۆ ئەوەی لە خەڵک جیانەبێتەوە و داخلی جل و بەرگی شوهرە نەبێت کە لە ڕووی شەرعەوە نەهی لێی کراوە.

زانایان دەڵێن داپۆشینی سەر بۆ کەسێک عادەتی وابێت سەری داپۆشێت و لە تەواوی جوانی جل و بەرگی بێت سونەتە سەری داپۆشێت، بە تایبەتی بۆ ئیمام، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَا بَنِي آدَمَ خُذُوا زِينَتَكُمْ عِنْدَ كُلِّ مَسْجِدٍ). [الأعراف:31].

بەڵام کەسێک سەری دانەپۆشیت و تەواوی جوانی جل و بەرگی نەبێت، یان عادەتی نەبێت سەری داپۆشێت داوا لێی ناکرێت سەری دابپۆشێت، سەبارەت بەوەی لە ابن عمر و ئەنەس نەقل کراوە سەبارەت بە فەزلی نوێژ کردن بە جامانە هیچ ئەسل و ئەساسی بۆی نییە.

-لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (نوێژ کردن بە جامانە بەرامبەر حەفات نوێژە بێ جامانە).

-لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (نوێژ کردن بە جامانە بەرامبەر دە هەزار چاکەیە).

ئەمەیان هیچ ئەسل و ئەساسی بۆی نییە، ابن حجر ڕەحمەتی خوا لێ بێت دەفەرمووێت ئەم دووانە درۆن و هیچ ئەسل و ئەساسی نییە.

پرسیار کراوە لە ابن باز: ئیمام نوێژ بە خەڵک دەکات هیچ لەسەر سەر نییە حوکمی چییە؟

لە وەڵام دا دەفەرمووێت: (هیچی تێدا نییە، چونکە سەر عەورەت نییە، بەڵکو واجبە نوێژ بە جلی سەرەوە و خوارەوە بکەیت، لەبەر وتەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم: "لا يصلي أحدكم في الثوب الواحد ليس على عاتقه منه شيء"، بەڵام ئەگەر جامانە جوان بوو و تەواوکەری جل و بەرگی بوو لەم حالەتە باشترە لەسەر سەر دابنێت، لەبەر وتەی خوای گەورە: "يَا بَنِي آدَمَ خُذُوا زِينَتَكُمْ عِنْدَ كُلِّ مَسْجِدٍ" [الأعراف: 31]، بەڵام ئەگەر لە شارێک بێت عادەتی وابێت سەریان دانەپۆشن هیچی تێدا نییە سەری ڕووت بێت). مجموع فتاوى ومقالات الشيخ ابن باز (10/ 405).

دەبێت خەڵک فێر ببێت داپۆشینی سەر واجب نییە، بەڵکو زانایان دەڵێن سونەتەیش نییە بەڵکو بۆ عادات دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت پیرەمێر و خەڵکی عەوام تێ بگات لەسەر ئیمام واجبی نەکەن، چەندین پێش نوێژ خوێن لەبەر پیرەمێرد و خەڵکی عەوام کلاو لەسەر سەر دادەنێن بۆ ئەوەی فیتنە دروست نەبێت، ئیمام ئەگەر تەنها بۆ نوێژ کلاو لەسەر سەر دابنێت دەڵێین:

- داپۆشینی سەر بۆ کەسێک عادەتی وابێت سەری داپۆشێت و لە تەواوی جوانی جل و بەرگی بێت سونەتە سەری داپۆشێت، بە تایبەتی بۆ ئیمام، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَا بَنِي آدَمَ خُذُوا زِينَتَكُمْ عِنْدَ كُلِّ مَسْجِدٍ). [الأعراف:31].

- بەڵام کەسێک سەری دانەپۆشیت و تەواوی جوانی جل و بەرگی نەبێت، یان عادەتی نەبێت سەری داپۆشێت داوا لێی ناکرێت سەری دابپۆشێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام