سەردێری پرسیار: پیاوێک ژنی دووەمی مارە کردووە، ژنی یەکەمی ڕێگری دەکات و داوای جیابوونەوە دەکات، بیانووی ئەمەیە دەڵێت: ١-من لەگەڵ پیاوێک ناژیم دڵی لەلای ئافرەتێکی تر بێت. ٢-من هیچ عەیبم نییە و مولتەزمم و جل و بەرگیشم شەرعییە سوپاس بۆ خوا و مناڵیشم هەیە، بۆچی ژنی ژنی تر دەهێنێت. ٣-بۆچی ئافرەتێکی تر بێت ژیانم تێک بدات. هەروەها کچان هان دەدات کاتی مارەکردن مەرج دابنێت بۆ ئەوەی پیاوەکەی ژنی تر نەهێنێت، حوکمی ئەم ئەفرەتە چییە کافرە؟

بەرواری دانان :2020-09-03 کۆدی پرسیار:2153

پرسیار:

پرسیار: پیاوێک ژنی دووەمی مارە کردووە، ژنی یەکەمی ڕێگری دەکات و داوای جیابوونەوە دەکات، بیانووی ئەمەیە دەڵێت: ١-من لەگەڵ پیاوێک ناژیم دڵی لەلای ئافرەتێکی تر بێت. ٢-من هیچ عەیبم نییە و مولتەزمم و جل و بەرگیشم شەرعییە سوپاس بۆ خوا و مناڵیشم هەیە، بۆچی ژنی ژنی تر دەهێنێت. ٣-بۆچی ئافرەتێکی تر بێت ژیانم تێک بدات. هەروەها کچان هان دەدات کاتی مارەکردن مەرج دابنێت بۆ ئەوەی پیاوەکەی ژنی تر نەهێنێت، حوکمی ئەم ئەفرەتە چییە کافرە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەلێن فرە ژنی پێش ئیسلام ھەبووە بەلکو سنوریشی بۆ دانەنرابوو، بەلام ئیسلام ھات سنوری بۆ فرە ژنی دانا و مەرجی دانا، وە فرە ژنی دینی خوایە و ڕێگەی داوە، هەموو زانایانیش یەک دەنگن لەسەر فرە ژنی، بەداخەوە زۆر لە موسلمانان فرە ژنیان پێ خۆش نییە بەلکو کەسی پابەند بە دینیش ھەیە تووشی ئەم بیروباوەڕە پووچە بووە، زۆربەی ئافرەتان وە پابەند بە دینەکان ئەوانەی پێشەوان بۆ ئافرەتانی تر فرەژنیان پێ ناخۆشە.

زانایان دەلێن بێ گومان زۆربەی ژنان پێیان خۆش نییە ژنیان بەسەر بێت ئەم پێ ناخۆشییە ئەگەر سروشتی بێت، کە سروشتی ژن وایە حەز ناکات ژنی بەسەر بێت، دەلێین : تاوانبار نابێت، بەلگە:

خوای گەورە دەفەرمووێت: (كُتِبَ عَلَيْكُمْ الْقِتَالُ وَهُوَ كُرْهٌ لَكُمْ) {البقرة: ٢١٦}.

واتە: جیهاد شەرکردن لەسەر ئێوە واجب کراوە، وە پێتان خۆش نییە.

ابن عثیمین رەحمەتی خوای لێ بێت دەلێت: (وتەی: "وهو" بۆ "قتال" شەرکردن دەگەرێتەوە، واتە سروشتی پیاو وایە حەز ناکات شەڕ بکات، نەک مەبەست پێی ئەوە بێت "(وهو" بۆ "کتب" واجب بوون بگەرێتەوە، چونکە ئیماندار ئەگەر پێی ناخۆش بێت خوای گەورە فلانە شتی واجب کردووە یان ڕقی لە واجبەکە ببێتەوە کوفرە پەنا بەخوا، بەلگە لەسەر کوفری ئەو کەسە کە پێی خۆش نەبێت بەو حوکمەی کە خوای گەورە دایبەزاندووە" " ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ كَرِهُوا مَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأَحْبَطَ أَعْمَالَهُمْ " {محمد: ٩}، واتە: ئەوەش لەبەر ئەوەیە کەبەڕاستی ئەوان ڕقیان لەو پەیامە دەبووەوە خوا دایبەزاندووە، وە کردەوەکانمان هەمووی پوچ کرد).

صالح الفوزان خول بيپارێزێت پرسیار لێکراوە: حوکمی ئەو کەسە چییە کە چوار ژن ھێنانی پێی خۆش نییە وە خەلکیش ھان دەدات پێیان ناخۆش بێت؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت: (نابێت موسلمان شتێکی پێی ناخۆش بێت کە خوای گەورە ڕێگەی داوە و دینە، وە نابێت خەلکی لێ دوور بخاتەوە، ھەر کەسێک ئەمە بکات ئەوە لە دین ھەلگەڕاوەتەوە، لەبەر ووتەی خوای گەورە: ‏(ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ كَرِهُوا مَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأَحْبَطَ أَعْمَالَهُمْ‏) ‏{محمد:٩}.

کارەکە زۆر ترسناکە ھۆکارەکەی سەرسام بوونە بە بانگەشەی کافرەکان بۆ دژایەتی کردنی ئیسلام). المنتقى من فتاوى الشيخ الفوزان (٣/٢٥١).

کەواتە زانایان دەلێن ئەگەر ژن فرەژنی پێ خۆش نەبوو ئەم دوو حالەتەیە:

حالەتی یەکەم: ئەگەر پێ خوش نەبوونی سروشتی بێت تاوانبار نابێت هەروەک سروشتی پیاو کە حەزی لە شەرکردن نییە.

حالەتی دووەم: ئەگەر پێ نەخۆش بوونی سروشتی نەبوو، بەلکو حوکمی خوای گەورەی پێ نەخۆش بوو یان ڕقی لە واجبەکە یان سونەتەکە یان ڕێگە پێدراوەکە ببێتەوە، ئەمەیان کوفرە پەنا بەخوا لە دین دەردرچێت.

سەبارەت بە وتەی: (من لەگەڵ کەسێک ناژیم دڵی لەلای ئافرەتێکی تر بێت)، هەر کەسێک فرەژنی بە خیانەت وەسف بکات، بڵێت نابێت پیاو دڵی لەلای ئافرەتی تر بێت ئەوە کافرە، هیچ عوزری بۆی نییە ئەگەر نەزانیش بێت، چونکە کەمتەرخەم بووە لە پرسیار کردن، ئەمە شتێکە مناڵ و کەسانی نەفام دەزانن.

لەگەڵ کەسێک ناژی خوای گەورە ڕێگەی داوە ژنی تر مارە بکات؟! داوای جیابوونەوە لە کەسێک دەکەیت خوای گەورە ڕێگەی داوە ئافرەتی تر مارە بکات؟! ئیسلام دینی تەسلیم بوونە بۆ وتەی خوای گەورە نەک دژایەتی کردنی وتەی خوای گەورە.

سەبارەت وتەی: (من هیچ عەیبم نییە و مولتەزمم و جل و بەرگیشم شەرعییە سوپاس بۆ خوا و مناڵیشم هەیە، بۆچی ژنی ژنی تر دەهێنێت؟!).

تۆ گەورەترین عەیبت هەیە ئەویش ئەوەیە کافر بووی و ئیسلام بوونەکەت هەلوەشاوەتەوە، ئەگەر لەسەر ئەم بیروباوەڕە بمری ئەهلی دۆزەخی، ئەگەر بە قەد کێوی ئوحد سەروەت و سامنت بەخشی بێ لە ڕێگای خوا، وە شەو بەردەوام شەو نوێژ کردبێت و لە ڕۆژیشدا بە ڕۆژوو بووبیت خوای گەورە هیچ کردەوەت لێ قبول ناکات، جل و بەرگ چ سوودی هەیە ئەگەر دڵ وێران بوو؟! جل و بەرگ چ سوودی هەیە ئەگەر دژی دینی خوا بوەستیت؟! خوای گەورە سەیری شێوەی تۆ ناکات بەڵکو سەیری دڵت دەکات.

سەیرە زۆر لە ئافرەتان باوەڕیان وایە تەنها ئەو پیاوە دەتوانێ ژنی تر مارە بکات ئەگەر ژنی یەکەمی مناڵی نەبێت، ئەمەتان لە کوێ هێنا؟! هیچ زانایایەک ئەمەی نەگوتووە، گەورەترین تاوان ئەوەیە کەسێک قسە بکات بەناوی دین بێ ئەوەی زانستی هەبێت.

سەبارەت بە وتەی: (بۆچی ئافرەتێکی تر بێت ژیانم تێک بدات)، سوپاس بۆ خوا ئافرەت ئافرەت نەخواردووە، چەندین ئافرەت وەک دوو خوشک پێکەوە ژیاون لای پیاوێک، ژیان بە ئافرەتی تر تێک ناچێت بەڵکو بەوە تێک دەچێت دژایەتی وتەی خوای گەورە بوەستیت، خۆشی ژیان لە ئیمان و تەسلیم بوون بوون دایە بۆ وتەی خوای گەورە، هەر کەسێک پشت لە وتەی خوای گەورە بکات و دژی وتەی خوای گەورە بوەستێت ناخۆشترین ژیانی دەبێت لە دونیان و قیامەت.

کچان هان دەدات کاتی مارەکردن مەرج دابنێت بۆ ئەوەی پیاوەکەی ژنی تر نەهێنێت، ئەمە کردەوەی ئافرەتی موسلمان نییە، ماشاء اللە سونەتی خوای گەورە وایە ئەو ئافرەتانەی ئەمە پیشەیان بێت زۆریان خوای گەورە لە دونیا سزایان دەدات بەوەی پیاوەکەی ئافرەتی تری بەسەر بهێنێت، هێشتا سزای قیامەت ماوە.

سوێند بەخوا چەندین ئافرەت کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانیان تەواو کردووە و ئێستاش بەردەوام دەرسی ئایینی دەخوێنن مەرجیان داناوە بۆ زەواج نابێت ژنی ترمان بەسەر بهێنی، ئەمە بەڵگەیە ئەو ئافرەتانە لە هەموو شت تێگەیشتووە تەنها لە دین نەبێت، ئەوە چ عەقلیەتە؟! ئەوە چ دیندارییەکە؟!.

سەبارەت بەوە حوکمی ئەم ئافرەت چییە، دەڵێین بێگومان کافرە، تەوبە بکە و سەر لەنوێ وشەی شایەتوومان بلێ، فرەژنی دین خوای گەورەیە و نیعمەتە و ڕەحمەتە و پڕە لە حیکمەت، تەوبە بکە و هەول بدە خۆت شارەزا بکە لە عەقیدە و هەڵوەشێنەرەکانی ئیسلام، چونکە ئەگەر کەم و کوڕیت هەبێت لە عەقیدە هیچ کردەوەت قبول نابێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام