سەردێری پرسیار:دەبێت لەبەر خۆشەویستی خوا بپەرستین نەک لەترسا، بۆ مردنیش دەبێ خەمی لێ بخۆین خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەگەر وامان کرد پێویستمان بەترس نامێنی، ترسیش بەزۆری پاش تێپەڕینی ڕووداوەکانە بەس پلان بۆ هەمو‌‌‌و شتەک گونجاوترینە دەتوانین بڵێین سەنگی موحکەمە؟

بەرواری دانان :2020-09-05 کۆدی پرسیار:2154

پرسیار:

پرسیار: دەبێت لەبەر خۆشەویستی خوا بپەرستین نەک لەترسا، بۆ مردنیش دەبێ خەمی لێ بخۆین خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەگەر وامان کرد پێویستمان بەترس نامێنی، ترسیش بەزۆری پاش تێپەڕینی ڕووداوەکانە بەس پلان بۆ هەمو‌‌‌و شتەک گونجاوترینە دەتوانین بڵێین سەنگی موحکەمە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن ترسان لە خوا و سزای خوای گەورە واجبێکە لە واجبەکانی، هەر کەسێک لە خوای گەورە نەترسێت ئیماندار نییە، بەڵگە:

١-خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلَا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ) {آل عمران:١٧٥}.

واتە: خوای گەورە دەفەرمووێت: (ئەوە شەیتانە ئێوە دەترسێنێت بە دۆستەکانی خۆی، دەی مەترسن لەوان و تەنھا لە من بترسن ئەگەر ئیماندارن).

ئەم ئایەتە بەڵگەیە ترسان لەخوا لە داواکراوەکانی ئیمانە؛ لەبەر وتەی (إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ).

صالح ال الشیخ خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (فەرمانی کردووە بە لە خوا ترسان، ئەمەش بەڵگەیە ترسان لەخوا عیبادەتێکە لە عیبادەتەکان، خوا بە تەنیا دانان لەم عیبادەتە تەوحیدە و شەریک بۆ خوا دانانيش لەم عیبادەتە شیرکە). التمهید لاپەڕە (٣٥٤-٣٥٥).

٢- خوای گەورە دەفەرمووێت: (أَتَخْشَوْنَهُمْ فَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَوْهُ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ) {التوبة: ١٣}.

٣- خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلِمَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ جَنَّتَانِ) {الرحمن:٤٦}.

٤- خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّ الَّذِينَ يَخْشَوْنَ رَبَّهُمْ بِالْغَيْبِ لَهُمْ مَغْفِرَةٌ وَأَجْرٌ كَبِيرٌ) {الملك:١٢}.

٥- خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَبًا وَرَهَبًا وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ) {الأنبياء:٩٠}.

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ترسان لەخوا لە داواکراوەکانی ئیمانە و لە واجبەکانە، جیاوازی نییە لەمە.

خوای گەورە مەدحی بەندە نزیکەکانی دەکات بە ترسان لێی، سەبارەت بە پێغەمبەرەکان دوای ئەوەی مەدحیان دەکات دەفەرمووێت: "إِنَّهُمْ كَانُوا يُسارِعُونَ فِى الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَباً وَرَهَباً وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ" {الأنبياء:٩٠}). طريق الهجرتين لاپەڕە (٢٨٢).

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (خۆشەویستی و ترس و ئومێد بنچینە و بناغەی عیبادەتن، ئەگەر ئەم سێ یە کۆبوونەوە ئەوا عیبادەتەکە دروستە، وەک: نوێژ و حەج و عیبادەتەکانی تر، بەڵام ئەگەر ئەم سێ یە نەبوون ئەوا مرۆڤ ئەگەر بەڕۆژوو بێت و نوێژ و حەجيش بکات، ئەوا عیبادەتی دروست نیيە.

زانایان دەڵێن: "من عبد اللە بالمحبة فقط فهو صوفي"، چونکە سۆفی دەڵێن ئێمە خوا دەپەرستین لەبەر ئەوەی تەنھا خۆشمان دەوێت، هەروەها دەڵێن: ئێمە نایپەرستین لە ترسی ئاگر و ئومێد به بەھەشتەکەی، بەڵکو دەیپەرستین چونکە خۆشمان دەوێت، ئەمەش گومڕاییە.

"ومن عبد اللە بالرجاء فقط فهو مرجئ"، چونکە مورجیئە کردەوە دەردەھێنن لە ئیمان. "ومن عبد الله بالخوف فقط فهو خارجي"، چونکە خەوارج ئیمانداران کافر دەکەن لەسەر تاوان.

مورجیئە تەنھا لایەنی ڕەجایان گرتووە، سۆفی تەنھا لایەنی خۆشەویستیان گرتووە، خەوارجيش تەنھا لایەنی ترسیان گرتووە.

ئەھلی سوننە ئەم سێ شتانەیان تێدایە سوپاس بۆ خوا، خۆشەویستی و ترس و ڕەجا و ذل و ملكەچ بوون و گوێڕایەلی) إعانة المستفید (٢/٤٨).

سەبارەت بەم قسەیە دەڵێین:

١-لەنێوان خۆشەویستی و ترسان و ئومێد بوون بەخوا هیچ دژی نییە، دەکرێت خوات خۆش بوێت، وە لێی بترسیت و ئومێدت پێی هەبێ، ترسان لەخوا ئەوە ناگەیەنێت خۆشەویستی لە دڵیدا نەمێنێت.

٢-عیبادەتی شەرعی لای ئەهلی سونەت خۆشەویستی و بەگەورە دانان لەخۆ دەگرێت، خۆشەویستی ئومید بوون بەخوا دروست دەکات، بەگەورە دانانیش ترس دروست دەکات.

٣-عیبادەتی پێغەمبەران و زانایان و پیاوچاکان ترسان و ئومێد بوون بەخوای تێدا بووە، لەگەڵ ئەمەش کاریگەریان لە خۆشەویستی نەکردووە، هەر کەسێک عیبادەتی خوا بکات بە یەکێک لەم سێیانە ئەوە موبتەدیعە و حالەتیش هەیە دەگاتە کوفر پەنا بەخوا.

زۆر سەیرە چەندین ئایەت و فەرموودەی ڕوون و ئاشکرا هاتوون و هەموو زانایان یەک دەنگیشن لەسەر ترسان لە خوای گەورە و سزای خوای گەورە، کەچی کەسانێک دەڵێن دەبێت عیبادەتی خوا بکەین تەنها لەبەر خۆشەویستی؟! ئەی پەیامتان چییە بۆ پێغەمبەران کە لەخوا ترساون؟!.

ئەم دەستەیە گومڕا بووە بە عەقل، واتە عەقل و بیرکردنەوەی خۆیان پێش هەموو شتێک دەخەن، خوا پەنامان بدات و بمان پارێزێت.

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: خۆشەویستی و ترسان و ئومێد بوون بەخوا وەک سەری باڵندە و دوو باڵەکانی وایە، سەری باڵندە خۆشویستی یە، هەردوو باڵەکانی ترسان و ئومێد بوونە بەخوا، ئەگەر ئەم سێیان نەبن باڵندەکە لادەدات و بەردەبێتەوە، ئەگەر مرۆڤ ئەم سێیانەی لەلا نەبێت گومڕا دەبێت و لادەدات لە ڕێگای ڕاست.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام