سەردێری پرسیار:ئەگەر جنۆکە عاشقی ئافرەتێک ببێت ئایا دروستە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات؟

بەرواری دانان :2020-09-05 کۆدی پرسیار:2155

پرسیار:

پرسیار: ئەگەر جنۆکە عاشقی ئافرەتێک ببێت ئایا دروستە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: خوای گەورە منەتی بەسەر ئێمە کردووە بەوەی لە جنسی ئێمە مێینەی دروستکردووە، بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسوودەی و ڕەحمەت بکەوێتە نێوانتان.

خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجاً وَجَعَلَ لَكُمْ مِنْ أَزْوَاجِكُمْ بَنِينَ وَحَفَدَةً) {النحل:٧٢}.

واتە: خوا هه‌ر له خۆتان هاوسه‌رانی بۆ فه‌راهه‌م هێناون، هه‌ر له ڕێگه‌ی هاوسه‌رانتانه‌وه کوڕو کوڕه‌زای پێبه‌خشیوون و له هه‌موو ڕزق و ڕۆزیه‌کی چاك و پاك و به‌سوود به‌هره‌وه‌ری کردوون.

خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ) {الروم:٢١}.

واتە: یه‌کێك له نیشانه‌و به‌ڵگه‌کانی تری ئه‌وه‌یه‌: که هه‌ر له خۆتان هاوسه‌ری بۆ دروست کردوون بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بگرن له‌لایداو له نێوانتاندا خۆشه‌ویستی و سۆزو میهره‌بانی فه‌راهه‌م هێناوه‌، به‌ڕاستی ئا له‌و دیاردانه‌دا نیشانه‌و به‌ڵگه هه‌یه بۆ که‌سانێك بیرده‌که‌نه‌وه‌و تێده‌فکرن.

محمد الأمین الشنقطی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (وتەی خوای گەورە: "وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجاً وَجَعَلَ لَكُمْ مِنْ أَزْوَاجِكُمْ بَنِينَ وَحَفَدَةً"، لەم ئایەتە خوای گەورە منەتی بەسەر نەوەی ئادەم کردووە بە گەورەترین منەت، ئەویش ئەوەیە لە نەفسی خۆتان و شێوەی و جنسی خۆتان ئافرەتی بۆ ئێوە دروست کردوون، ئەگەر لە جۆرێکی تر بوایا خۆشه‌ویستی و سۆزو میهره‌بانی فه‌راهه‌م نەدەهات، بەڵام ڕەحمی خوای گەورە لە نەوەی ئادەم نێر و مێی دروست کردووە، ئافرەتانی کردووە هاوسەر بۆ نێرینەکان، ئەمە گەورەترین نیعمەتە، هەروەک چۆن گەورەترین بەڵگە هەیە لەسەر ئەوە کە خوای گەورە تەنها خۆی شایستەی ئەوەیە بپەرسترێت.) أضواء البیان (٢/٤١٢).

سەبارەت بە حوکمی زەواج لەنێوان جن و مرۆڤ جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سێ وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون زەواج لەنێوان جن و مرۆڤ حەرامە، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەدە.

دووەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوەی چوون مەکروهە، کە ئەمە وتەی مالک وقەتادە و حەسەن و ئیسحاق بن ڕاهویە، وشەی کەڕاهەت لای هەندێکیان مەبەستیان حەرام بوو.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەکروهە زەواج لەگەڵ جن) مجموع الفتاوى (١٩/٤٠).

سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە، کە ئەمە وتەی هەندێک شافعی یە.

محمد الأمین الشنقطی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (جیاوازی هەیە لەنێوان سەبارەت بە زەواج لەنێوان جن و مرۆڤ، هەندێک زانا مەنعی دەکەن، وە هەندێکی تر ڕێگەیان داوە.

مناوی لە "شرح الجامع الصغير" و لە "الفتاوى السراجية" دەڵێت: دروست نییە زەواج لەنێوان جن و مرۆڤ، لەبەر جیاوازی هەردوو جنسەکە، لە "فتاوى البارزي" شافعی یەکان دەڵێت: زەواج لەنێوان ئەم دوو جنسە دروست نییە، ابن عماد دەڵێت دروستە.

ماوردی دەڵێت: ئەمە شتێکە عەقل ئینکاری دەکات، لەبەر جیاوازی هەردوو جنسەکە، وە لەبەر جیاوازی سروشتیان، وە لەبەر ئەوە ئادەمی جسمانی یە، جنۆکە ڕوحانی یە، مرۆڤ لە خۆل دروستکراوە، ئەوەی تر لە بلێسەی ئاگر دروست بووە.

ابن عربی مالکی دەڵێت: زەواجیان دروستە عەقلەن، ئەگەر لەرووی نەقەوە دروست بێت ئەوە شتێکی باشە.

ئەوەی بزانم لە کتابی خوا و سونەتی پێغەمبەر هیچ دەق نەهاتوون لەسەر نیکاحی جن و مرۆڤ.) أضواء البيان (٣/٤٣).

هیچ بەڵگەی بڕاوە نەهاتوون لەسەر ڕێگەپێدان و مەنع کردن، بەڵام وتەی ڕاست زەواج لەنێوان جن و مرۆڤ دروستە نییە، چونکە:

(١)خوای گەورە وەک منەت باسیکردووە کە له خۆتان هاوسه‌ری بۆ دروست کردوون بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بگرن له‌لایداو له نێوانتاندا خۆشه‌ویستی و سۆزو میهره‌بانی فه‌راهه‌م هێناوه‌، ئەگەر زەواج لەگەڵ جن دروست بوایا باس دەکرا.

(٢)زەواج کردن لەگەڵ جن سەلامەت نییە لە ئازاریان، ئیسلام سورە لەسەر پاراستنی مرۆڤ لە ئازار.

(٣)زەواج کردن لەگەڵ جن نەوە چۆن دروست دەبێت؟! نەوەی هی کێ دەبێت؟! نەوە لە چ جنسێک دەبێت و شێوەی چۆن دەبێت؟! ئیسلام هانی موسلمان دەدات ئافرەتێک مارە بکات مناڵی ببێت، ئیسلام گرینگی بە مناڵ و پەروەردەی مناڵی داوە.

(٤)ئەمە شتێکە عەقل ئینکاری دەکات، لەبەر جیاوازی هەردوو جنسەکە، وە لەبەر جیاوازی سروشتیان.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام