سەردێری پرسیار:حوکمی جەماعەتی دووەم لە مزگەوت ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:216

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە جەماعەتی دووەم یان چەند جەماعەتێکی تر لە یەک مزگەوت دا بکرێن ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // کردنی جەماعەتی دووەم یان چەند جەماعەتێک لە یەک مزگەوت ئەم سێ حالەتانەن :

یەکەم // مزگەوتێک دروست کراوە لەسەر ڕێگا بۆ مسافرەکان یان لەناو بازاڕە، وە ئیمامی دیاری کراوی نییە ، دروستە ئەم مزگەوتە چەند جەماعەتێکی تیادا بکرێت .

دووەم // مزگەوتێک ئیمامی دیاری کراوی هەیە ، جماعەتی دووەم دیار کراوە لە چ کاتدا دەکرێ دوای جەماعەتی یەکەم وە ئیمامی تایبەتیش دانراوە ، دەلێن ئەمە دروست نییە ، شتێکی داهێنراوە ئەوانەی پێشتر ئەمەیان نەکردووە ، وە جیاوازی دەکەوێتە نێوان موسلمانان وە دەرگای تەمبەلی دەکرێتەوە خەلکانێک دەلێن چ عەجەلەیە بۆ نوێژ جەماعەتی دووەمیش هەیە .

سێیەم // مزگەوتێک ئیمامی دیاری کراوی هەیە ، نوێژی جماعەت تەواو بوو ، خەلکانێک هاتن بە جەماعەت نەگەیشتن ، ئایا دروستە جەماعەتی دووەم بکەن ، دوو وتە هەیە :

یەکەم : هەندێک زانا دەلێن دروستە جەماعەتی دووەم بکرێ ، بەلکو باشترە و خێری زیاترە ، کە ئەمە وتەی امام احمد و اسحاق و ابن عثیمین و چەند زانای ترە ....بەلگە:

(ٲ) حدیث ٲبی بن كعب ان النبی صلی الله علیه وسلم قال : (( صلاة الرجل مع الرجل ازكی من صلاته وحده ، وصلاتە مع الرجلین ٲزكی من صلاته وحده ، وما كان ٲكثر فهو ٲحب الی الله....)) رواە ابو داود ( ٥٥٤) والنسائی ( ٨٤۳) .

واتە : نوێژی پیاو لە گەل پیاوێک باشترە لەوەی بە تەنیا بکات ، وە نوێژەکەی لەگەل دوو پیاو باشترە لە گەل یەک پیاو ، چەند نەفەر زیاتر بێت پاداشت زیاترە و خۆشەویسترە لە لای خوای گەورە. ئەمە بەلگەیە چەند نەفەر زیاتر بن خێریان زیاترە و خۆشەویست ترە ، کەواتە جماعەتی دووەم بکرێ باشترە .

(ب) فەرموودەی ابی سعید دەلێت : پیاوێک هاتە مزگەوت نوێژی جماعەت تەواو ببوو ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ووتی (( کێ خێر بەو کەسە دەکات نوێژ لە گەل دەکات )) پیاوێک هەستا نوێژی لە گەل کرد . رواە الترمذی (۲۲۰)،ئەمە بەلگەیە کە دروستە جماعەتی دووەم بکرێ .

(ج) چەند ئەثەر لە هاوەلان نقل کراون کە جماعەتی دووەمیان پێ دروست بووە .

(د) نوێژ کردن بە جماعەت بەلگەیە کە دین لەگەل جماعەتە نەک تەفرەقە ، واتە جماعەتی دووەم پێکەوە نوێژ بکەن ئەمە دژی تەفرەقەیە و پاداشتی زیاترە .

دووەم : هەندێک زانا دەلێن نابێت جەماعەتی دووەم بکرێ ، باشتر وایە بە تەنیا نوێژ بکەن ، کە ئەمە وتەی سفیان ، ابن المبارك ، مالك ، شافعی ، چەند زانای ترە ....بەلگە:

(ٲ) فەرموودەی ٲبی بكرة دەلێت : (( پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت هات بۆ مزگەوت سەیری کرد خەلک نوێژیان کردووە ، گەڕاوە بۆ ماڵ ، وە خێزانەکانی خۆی کۆکردەوە نوێژی پێیان کرد ))

ئەگەر جەماعەتی دووەم دروست بوایا نەدەگەڕاوە بۆ مال مزگەوتی مەدینە بەجێ بێلی .

بەلام ئەوانی تر دەلێن حەدیسەکە لاوازە ، ئەگەر ڕاستیش بێت لەوانەیە نوێژیان لە مزگەوت کردبێ لەگەل خێزانەکانی .

(ب) نوێژی جماعەت یەک جماعەتە ، ئەگەر ڕێگە بدەیت بۆ دوو یان زیاتر ئەوە تەفرەقە دروست دەبێت.

(ج) چۆن دەبێت جماعەتی یەکەم هێشتا زیکریان تەواو نەکردووە جماعەتی دووەم دەست پێ بکرێ ، جماعەتی دووەم تەشویش دروست دەکەن ناهێلن خەلک بۆ خۆیان زیکر و سونەت بە ئیسراحەت بیکەن .

(د) چەند ئەثەر لە هاوەلان نقل کراون کە جماعەتی دووەمیان لە مزگەوت نەکردووە .

دەلێین مجالی تێداییە بەلام جماعەتی دووەم باشتر وایە خۆیان تٲخیر بکەن کەمێک هەتا خەلک زیکر و سونەت دەکەن هەتا تەشویش دروست نەبێت ، وە باشتر واییە ڕوخسەتیش لە ئیمام وەربگرن ، وە ڕەچاوی ئەوە بکەن خۆیان بپارێزن لە تەفرەقە یان ئەو جماعەتە سەر نەکێشیت بۆ تەفرەقە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام